پڕۆژە و چالاکییەکان

توێژینەوە: مافی لەبەرگرتنەوە چییە؟ جێبەجێکردنی چ کاریگەرییەکی لەسەر کوردستان دەبێت؟

کۆپی ڕایت چییە؟
مافی لەبەرگرتنەوە (یان: کۆپی ڕایت) کۆمەڵە مافێکی تایبەتە بۆ بڵاوکردنەوە، فرۆشتن، دابەشکردن و دووبارە بەکارهێنانەوەی بەرهەمێک.

مافی لەبەرگرتنەوە چی دەگرێتەوە؟

  1. هەموو جۆرە نووسینێک وەک کتێب، وتار، بابەتی ڕەخنەگرانە، شیعر، شانۆنامە، دەقی فیلمەکان داڕشتن و وتاری نێو بلۆگەکان یان هەر جۆرە نووسینێک لە چەشنی سەرهێڵ یان چاپکراو لەخۆدەگرێت.
  2. ناوەڕۆکی ماڵپەڕەکان لەوێنە و نووسین و گرافیک تەنانەت ڕووکاری ماڵپەڕەکانیش.
  3. فیلم، بەرنامە و پەخشی تەلەفزیۆنی و پۆدکاستەکان هتد.
  4. نەرمەکاڵاکان و بەرنامەکانی کۆمپیوتەر.
  5. مۆسیقا وەک هۆنراوەی گۆرانی وە بەکارهێنانی مۆسیقاکە.
  6. هەرکارێکی هونەری وەک وێنەکێشان و وێنەگری و نەخشەسازی و بابەتە گرافیکییەکانی دیکە.

چۆن بەرهەمێک مافی لەبەرگرتنەوەی دەبێت؟

لەساڵی ١٨٨٦ ڕێککەوتناممەی بێرن (Berne Convention) واژووکرا کە ئەم ڕێککەوتنامەیە کاری پێدەکرێت لەلایەن چەندەها وڵاتی جیهان کە تێیدا هەر بەرهەمێکی کەسی خۆکارانە مافی لەبەرگرتنەوەی بۆ خاوەنەکەی دەبێت بەبێ ئەوەی بەرهەمەکەی تۆماربکات لەدەزگایەکی حکوومی یان پەیوەندیدار لەوڵاتەکە. لەگەڵ ئەوەشدا زۆر وڵات کە کار بەم ڕێککەوتنامەیە ناکەن، دەبێت بەرهەمی کەسی لەلایەن وەزارەتی ڕۆشەنبیری یان کەلتوورییەوە تۆماربکرێت لەوانەش عێراق.

تا چ ماوەیەک بەرهەمێک ناکرێت بەبێ مۆڵەت بەکاربهێنرێت؟

بەزۆری و بەپێی یاسای وڵاتان مافی بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکان دەپارێزرێت بۆ ماوەیەکی دیاریکراو کە خۆی لەتەواوی تەمەنی خاوەن بەرهەمەکە دەبینێتەوە. بەپێی یاساکانی عێراق بێت کە لەساڵانی ١٩٧١ و پاشان ٢٠٠٤ دەرچووە ئەوا مافی خاوەن بەرهەم بەپارێزراوی دەمێنێتەوە تاکوو ٥٠ ساڵ دوای مردنی خاوەن بەرهەم.

شکاندنی یاساکانی مافی لەبەرگرتنەوە تاوانە؟

لەزۆرێک لەوڵاتانی جیهان شکاندن و بەکارهێنانی بەرهەمەکانی خاوەن بەرهەم بەبێ مۆڵەت بەتاوان دەژمێردرێت. لەساڵی ٢٠١٦، ئارتن ڤاولین کە دامەزرێنەری ماڵپەڕی تۆرێنت ( (Kickass دەستگیرکرا بە تۆمەتی شکاندنی یاساکانی مافی لەبەرگرتنەوە. ماڵپەڕەکەی ئارتن یەکێک بوو لەو ماڵپەڕانەی کە بنکەدراوەیەکی (داتابەیس) گەورەی هەبوو لە فیلم، کتێب و یاری و بەرنامەکانی کۆمپیوتەر کە پێشێلی مافی لەبەرگرتنەوە و خاوەکانییانی کردبوو.

لە ئێستاشدا زۆرێک لە ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکان لەوێنەی یوتیووب، فەیسبووک،  توویتەر و هیتر بزوێنەری پێشکەوتوویان هەیە بۆ گرتن و دۆزینەوەی ئەو بەکارهێنەرانەی پێشێلی مافی کەسی دەکەن هەروەها ئاسانکاریشییان کردووە بۆ خاوەن بەرهەمەکان کە بەرهەمەکانییان پارێزراوبن و تەنها لەلایەن خۆیانەوە بڵاوبکرێتەوە. جگە لەوەش ئەو کەسانەش  سزا دەدەن کە لە تۆڕەکانییان پێشێلی مافی بڵاوکردنەوە دەکەن. وە زۆرجار خاوەن پەڕە و کەناڵەکان ئاگاداری ئەوەیان بۆ دەچێت لە ئەگەری دووبارکردنەوەیان پەڕەکەیان بەتەواوی دەسڕێتەوە هاوکات لەبەشێک لە خزمەتگوزارییەکانیشیان ناچالاک دەکرێت.

یاساکانی مافی لەبەرگرتنەوە چ کاریگەرییەکی دەبێت لەسەر کوردستان؟

هەرچەندە لەساڵی ١٩٧١ یاسای مافی لەبەرگرتنەوە لەعێراق دەرچووە، بەڵام بەوەی جێبەجێکردنی ئەم یاسایە گومانی لەسەرە، ڕۆژانە دەیان بەرهەم مافی بڵاوکردنەوەیان پێشێل دەکرێت لەبەرامبەردا هیچ هەواڵێک نییە کە کەسانێک سزادرابن لەسەر پێشێڵکردنی بەرهەمی کەسێک.

لەگەڵ ئەوانەشدا جێبەجێکردنی یاساکانی مافی لەبەرگرتنەوە و پاراستنی بەرهەمی تاک کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر کوردستان. وەک دەزانین بەرهەمە دەرەکییەکان لە کتێب، فیلم و زنجیرە تەلەفزیۆنییەکان، یارییە وەزرشییەکان، نەرمەکاڵای کۆمپیوتەر و چەندین بەرهەم کە مافی کۆپی ڕایتییان هەیە لە کوردستان و عێراق بەبێ پێدانی مافی خاوەنەکەی بەکاردەهێنرێن لەحاڵەتی جێبەجێکردنی ئەم یاسایە کاریگەری دەبێت بەتایبەتی لەئابوورییەوە.

بۆ نموونە ئەگەر پارە بدرێت بە هەر خاوەن بەرهەمێک مافی لەبەر لەگرتنەوەی لەسەربێت ئەوا پارەیەکی زۆر لە کوردستانەوە دەچێتە دەرەوە بەتایبەت لەبابەتە سەرگەرمییەکان و کاتبەسەربردنەکان بەوەی زۆرترین کەس بۆخۆیان ڕادەکێشن. نموونەیەکی سادە ئەگەر ئەمساڵ ١٠٠  هەزار بەکارهێنەری ویندۆز ١٠ مۆڵەتنامەی ئەم وەشانە لە کۆمپانیای مایکرۆسۆفت بکڕن کە نرخەکەی نزیکەی ١٢٠ دۆلاری ئەمریکییە ئەوا نزیکەی ١٢ ملیۆن دۆلار لە کوردستانەوە دەچێتە وڵاتێکی دیکە جا ئەمە تەنیا بۆ یەک بەرهەمە، چی ڕوودەدات ئەگەر دەیان بەرهەمی هاوشێوە بکڕدرێن؟

لەلایەکی دیکەشەوە لەباری جێبەجێکردنی یاساکانی مافی لەبەرگرتنەوە لەکوردستان، ئەوا سوودێکی بۆ کوردستان دەبێت، ئەویش ئەوەیە کە ماف و بەرهەمی خاوەندارەکان لە هونەرمەند و داهێنەرەکان دەبێت چونکە ئەوکاتە دەتوانن لەڕێگای بەرهەمەکانییانەوە بژین و بیرۆکەی زیاتر و کاری باشتربکەن.

ئامادەکارانی توێژینەوە:

  • محەممەد سەردار
  • ئەحمەد شەماڵ
سەرچاوە:

25 نیسان، 2017
ئاڤاتار
دەرچووی بەشی تەکنەلۆژیای زانیارییەکانم. هەوڵدەدەم لەڕێگای KITNەوە زانیاری درووست بەخوێنەران بدەم
17