ئەپڵ
10, ئازار 2016
بەفەرمی ئەپڵ لە ٢١ ئەم مانگە کۆنگرە دەبەستێت + پێشبینی چی دەکرێت؟
وەکو چاوەڕوان دەکرا بۆ دواجار ئەپڵ ڕۆژی ٢١ ئەم مانگەی وەکو ڕۆژی بەستنی کۆنگرەی داهاتوو لەژێر دروشمی “Let us loop you in” دیاری کرد، کە دروشمەکە بەکوردیەکەی بەواتای ئەوە دێت کە لێمان بگەڕێن ئێوە بکەین بە بەشێک لە دەستەکەمان و بڕیار بدەین و لەوانەشە بەواتای ئەوە بێت کە کۆنگرەکە لە بنکەی سەرەکی خۆیان بەناوی 1 Infinite Loop کۆنگرەکە دەبەسترێت.
جێگای ئەماژەیە کۆنگرەی ئەمجارە لە بنکەی سەرەکی ئەپڵ ناسراو بە 1 Infinite Loop لە کیوپەرتینۆ کاتژمێر ١٠ی بەیانی بەکاتی ئەم شارە دەبێت کە بەرامبەرە بە ٨ی شەو لای ئێمە بەکاتی هەولێر – کوردستان. وەکو وەبیرهێنانەوەش، ئەپڵ كۆنگرەی ٢١ی مانگ ڕاستەوخۆ لە رێگەی ماڵپەری سەرەكی خۆیان دەگوازنەوە بۆ بەكارهێنەرانی ماك و ئایفۆن و ئایپاد و ویندۆز (تەنها وێبگەڕی ئێج) و ئەپڵ تی ڤی.
ئەوەی چاوەڕوان دەکرێت لەو کۆنگرەیە نمایش بکرێت، ئەوا ئایفۆنێکە بەناوی iPhone SE بەڵام چ ژمارەیەکی لەگەڵ دەبێت ئەوا نازانرێت تا ئێستا و چاوەڕوان دەکرێت کە هەمان ئەو تایبەتمەندیانەشی هەبێت کە لە ئایفۆن ٦ ئێس بەردەستن. هەروەها چاوەڕوان دەکرێت ئایپادێک بە قەبارەی ٩.٧ ئینج لە جۆری ئایپاد پڕۆ ڕابگەیەندرێت و وەکو وەشانێکی بچوکی ئایپاد پڕۆش لەقەڵەم بدرێت. سەرباری ئەو ئامێرانە، پێشبینی دەکرێت ئەپڵ وەشانی کۆتایی لە هەریەکە لە iOS 9.3 و OS X 10.11.4 و watchOS 2.2 و tvOS9.2 ڕابگەیەنێت.
ئێمەش وەکو دەستەی کەی ئای تی ئێن ڕۆژی کۆنگرە لە ئامادە باشی دەبین تا بتوانین بەگوێرەی توانا ڕووماڵی خولەک بە خولەکی کۆنگرەی ئەپڵ بکەین و دوایین زانیارییەکان بۆ ئێوە بگوازیینەوە.

سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە 8 ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!