بابەتی گرینگ 27, نیسان 2016

گفتوگۆی تەکنەلۆژی:ئایا دەتوانین متمانە بە کۆمپانیا چینییەکانی دروستکەری مۆبایلە زیرەکەکان بکەین؟

Technology-Dialogue-1

بەم دواییانە کۆمپانیا چینییەکان هاتنە نێو مەیدانی بەرهەمهێنانی مۆبایلە زیرەکەکان و تیایدا توانیویانە تاکو ئێستا پێشبڕکێیەکی توند لەگەڵ ڕکابەرەکانیان بکەن، وە توانیویانە سەرنجی میدیاکان ڕابکێشن بە مۆبایلە تایبەتمەندە بەرزەکانیان و نرخێکی کەم و گونجاو.لەم ساڵانەی دواییدا و بە تایبەتی دوای ساڵانی ٢٠١٤ ئەم کۆمپانیایانە هاتنە ناو فرۆشگای مۆبایلەکان و تا ئێستا ژمارەیەکی زۆری مۆبایلە زیرەکەکانیان فرۆشتووە و جێگای خۆیان گرتۆتەوە لە فرۆشگاکان ، بۆیە جێی خۆیەتی بپرسین: ئایا دەتوانین متمانە بە کۆمپانیا چینییەکان بکەین بۆ کڕینی مۆبایلەکان لێیان؟ دەمەوێت تۆش وەکو کەسێکی ئارەزوومەندی تەکنەلۆژیا ڕا و بۆچوونی خۆت دەرببڕیت و گفتوگۆیەکی “تەکنەلۆژی” بکەین.

بۆ زیاتر کردنی زانیارییەکانتان و بەرچاوڕوونی زیاتر دەمەوێت ئاماژە بە چەند شتێک بکەم : ئەم گفتوگۆیەمان تایبەتە بەو کۆمپانیا چینییانەی کە بە گشتی ماوەیەکی کەمە هاتوونەتە نێو کێبڕکێکردن لەسەر مۆبایلەکان بە تایبەتمەندی بەرز ، سێ نموونەی گەورە و بەهێزی کۆمپانیا چینییەکانیش بریتین لە (شیاومی و هواوی و لینۆڤۆ) ، هەروەها بۆ کۆمپانیاکانی تریش بەڵام بە گشتی ئەو کۆمپانیا چینیانە بن کە مۆبایل بە تایبەتمەندی بەرز و نرخی گونجاو بڵاودەکەنەوە.گەر سەیرێکی ئەو مۆبایلانە بکەین کە ئەمساڵ لەلایەن کۆمپانیا چینیەکانەوە بەرهەمهێندراون ، دەبینین تایبەتمەندی زۆر بەرزیان هەیە و تەنانەت لە بەشێکی مۆبایلە ڕاگەیەندراوەکانی ئەمساڵ توانای زیاترە ، بۆ نموونە مۆبایلێکی وەک (Vivo Xplay 5) کە دوو مانگ بەر لە ئێستا لەلایەن کۆمپانیای (Vivo) ی چینی ڕاگەیەندرا ، تایبەتمەندیەکی بەرزی لەخۆ گرتبوو وەک ڕامی ٦ گێگابایت و پڕۆسێسەری بەهێزی Snapdragon 820 و جۆری شاشەی Super AMOLED ، جگە لەمانەش مۆبایلەکە نرخی ٦٥٠ دۆلارە . (تایبەتمەندییەکانی مۆبایلەکە لە وێنەی خوارەوەدا ببینن)

Vivo-Xplay-5-front-and-back-728x410

یاخود مۆبایلی نایابی (ZUK Z2 Pro) کە لەم ماوەیە لە لایەن کۆمپانیای (لینۆڤۆ) ڕاگەیەندرا بە هەمان ڕامی ٦ گێگابایت و پڕۆسێسەری Snapdragon 820 ، وە کامێرای پشتەوەی ١٣ مێگاپیکسڵە و هی پێشەوەش ٨ مێگاپیکسڵە ، لەگەڵ چەندەها تایبەتمەندی تر کە ناکرێت لێرە ئاماژە بە هەمووی بکەین ، سەرەڕای هەموو ئەوانەش نرخی مۆبایلەکە ٤٢٠ دۆلارە!

لەگەڵ چەندەها مۆبایلی نایابی تر کە هەر ئەمساڵ ڕاگەیەندران لەلایە کۆمپانیاکانی شیاومی و زۆپۆ و چەندانی تر کە ناتوانین لێرە ئاماژە بە هەموویان بکەین.بۆیە دەپرسین: ئایا بەڕاستی ئەم تایبەتمەندییانە لە ئاستی داواکاری کڕیارە و بەدڵییەتی و نرخەکەی گونجاوە ، یان تایبەتمەندییەکان تەنها زارەکین و بۆ ڕاکێشانی کڕیارانە؟ ئایا نرخەکان لە ئاست تایبەتمەندییەکانن و تۆی خوێنەر لێی ڕازیت؟ دەتوانن بۆچوونەکانتان هەر لەسەر ئەم بابەتە و لە خوارەوە لە بەشی نووسینی لێدوان ڕاو بۆچوونەکانتان بنووسن ، یاخود لەڕێگای پەڕەکەمان لە فەیسبووک و لە ژێر ئەم پۆستەدا .

بۆچونی تۆ