10
ئەندرۆید 31, ته‌مموز 2016

زانیاری تەواو لەسەر کۆنگرەکەی کۆمپانیای سامسۆنگ

SamsungConference-KITN.Net

وا بڕیارە کۆمپانیای سامسۆنگ ڕۆژی سێشەممە بەرواری ٢\٨\٢٠١٦  کاتژمێر ٦ ی ئێوارە بەکاتی هەولێر لە کۆنگرەیەکی تایبەتدا لە ویلایەتی نیویۆرک نوێترین بەرهەمی خۆی ڕابگەیەنێت بە ناوی سامسۆنگ گالاکسی نۆت حەوت بە نوێترین و پێشکەوتووترین تایبەتمەندییەکان، پێشبینیش دەکرێت جگە لەم مۆبایلە جۆرێکی نوێی ئامێری سەیرکەری ڤیدیۆیی Gear VR ڕابگەیەندرێت. دوای ئەوەی کۆمپانیای سامسۆنگ لە ساڵی ڕابردوودا مۆبایلی گالاکسی نۆت پێنجی ڕاگەیاند، ئەمجارەش کۆمپانیاکە نەوەیەکی نوێ لە زنجیرەی نۆت ڕادەگەیەنێت بە ناوی گالاکسی نۆت حەوت، جگە لەم مۆبایلە، پێشبینی دەکرێت جۆرێکی نوێی ئامێری Gear VR ڕابگەیەندرێت بە تایبەتمەندی باشتر، بەدەر لەمەش، لە دوایین ڕاپۆرتی پێگەی Mashable باس لەوە کراوە کە پێشبینی دەکرێت هەر لە کۆنگرەکەدا جۆرێکی نوێ لە کاتژمێرە دەستییەکانی Samsung Gear ڕابگەیەندرێت بە ناوی Samsung Gear 3، ئەمەش بە پشت بەستن بەوەی کە سامسۆنگ ساڵی پار هەر لەو کۆنگرەیەی کە گالاکسی نۆت پێنجی تێدا ڕاگەیاند، بە هەمان شێوە کاتژمێرێکی دەستی نوێی ڕاگەیاند بە ناوی Samsung Gear 2، بەڵام ئەمەیان ئەگەرێکی زۆر کەمی هەیە و لە پڕوپاگەندەکانی تر باسی لێوە نەکراوە.

  • Galaxy Note 7

Samsung-Galaxy-Note7-Press

گرنگترین بەرهەم کە لەم کۆنگرەیەدا ڕادەگەینرێت، مۆبایلی گالاکسی نۆت حەوتە.

  • پرسیار: بۆچی ئەمساڵ نۆت شەش (Galaxy Note 6) ڕاناگەیەندرێت؟بۆچی ئەم ژمارەیە تێپەڕدرا؟

وەڵام: کۆمپانیای سامسۆنگ هەر زوو لە مانگی ڕابردوودا ئەوەی یەکلا کردەوە کە نەوەی داهاتوو نۆت حەوت دەبێت نەوەک نۆت شەش. سامسۆنگ لەبارەی تێپەڕاندنی ژمارە شەشی ئەم مۆبایلە دەڵێت کە ئەوان دەیانەوێت ژمارەی زنجیرەکانی گالاکسی نۆت لەگەڵ ژمارەی زنجیرەکانی گالاکسی ئێس یەکسان بکەنەوە، بەجۆرێک نۆت حەوت بەرامبەر بێت بە گالاکسی ئێس حەوت. هەر لەبەر ئەم هۆیەش بە فەرمی سامسۆنگ وازی هێنا لە ڕاگەیاندنی نۆت شەش و ڕاستەوخۆ دەچێتە سەر ڕاگەیاندنی مۆبایلی نۆت حەوت.

  • زیادکردنی دوو تایبەتمەندی نوێ بۆ مۆبایلەکە:

بەپێی دوایین پڕوپاگەندەکان، گالاکسی نۆت حەوت دەبێتە یەکەمین مۆبایل لە زنجیرەی نۆت لە دوای ساڵی ٢٠١٤ ـەوە کە شاشەیەکی دوو لای چەماوەیی هاوشێوەی گالاکسی ئێس حەوت ئێج هەبێت، ئەمەش بێگومان جوانییەکی زۆر دەدات بە شێوەی مۆبایلەکە، خاڵێکی تری نوێ لە مۆبایلەکەدا زیادکردنی تایبەتمەندی Iris Scanner ـە، ئەم تایبەتمەندییە بەکاردێت بۆ پشکنینی چاو ئەمەش بە مەبەستی کردنەوەی قفڵی مۆبایلەکە و هەروەها ئەنجامدانی کارەکانی کڕینی سەرهێڵ، ئەمەش بێگومان پارێزراوی زیاتر دەدات بە مۆبایلەکە.

وێنەی تایبەتمەندی Iris Scanner، دزەی پێکراوە لەلایەن پێگەی ویبۆ.
وێنەی تایبەتمەندی Iris Scanner، دزەی پێکراوە لەلایەن پێگەی ویبۆ.
  • شێوە:

لە ماوەی ڕابردوودا چەند وێنەیەکی پێشبینیکراو سەبارەت بە شێوە و ڕووکاری مۆبایلەکە بڵاوکرایەوە، دوو پێگەی متمانەپێکراو و بەناوبانگ هەن کە وێنەی ورد و تاڕادەیەک نزیکی گالاکسی نۆت حەوتیان بڵاوکردۆتەوە. هەردوو پێگەی OnLeaks و Evan Blass  وێنەی پێشبینیکراوی گالاکسی نۆت حەوتیان بڵاوکردۆتەوە و بەپێی ڕای زۆربەی پێگەکانیش ئەمانە شێوەی نۆت حەوت دەبن:

وێنەی گالاکسی نۆت حەوت بەپێی هەژماری Evan Blass
وێنەی گالاکسی نۆت حەوت
  • بوونی تایبەتمەندی دژە ئاو و خۆڵ و تۆز- زیادکردنی دەرچەی USB Type C- بوونی پارێزەری شاشە:

لە گالاکسی نۆت حەوتدا چاوەڕوان دەکرێت چەند تایبەتمەندییەک زیاد بکرێت، لەوانە زیادکردنی تایبەتمەندی دژە ئاو و خۆڵ و تۆز ئەمەش بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای IP68. جگە لەمەش چاوەڕوان دەکرێت لە گالاکسی نۆت حەوتدا دەرچەی USB Type-C زیادبکرێت کە ئەمە نوێترین جۆری دەرچەی پێشکەوتووە و یارمەتی مۆبایلەکە دەدات لە بارگاوی کردنەوەی خێراتر. تایبەتمەندییەکی تریش بریتییە لە زیادکردنی پارێزەری شاشە بۆ مۆبایلەکە ئەمەش بە پشت بەستن بە پارێزەری Corning Gorilla Glass 4 کە یارمەتییەکی زۆری مۆبایلەکە دەدات و دەبێتە پارێزەر لە دژی شکان.

  • تایبەتمەندییەکانی گالاکسی نۆت حەوت:

لە ماوەی ڕابردوودا چەندەها پێشبینی و پڕوپاگەندە سەبارەت بە تایبەتمەندییەکانی ئەم مۆبایلە بڵاوکراونەتەوە، بەڵام نوێترین پڕوپاگەندەکان کە لە چەند پێگەیەکی بەناوبانگی وەک (GSM Arena، SamMobile، Evan Blass، USwitch) و هەروەها هی تریش بڵاوکراونەتەوە کۆکن لەسەر ئەم تایبەتمەندییانەی خوارەوە:

  • پڕۆسێسەر: لە زۆربەی فرۆشگاکانی ئەوروپا و ئاسیا نۆت حەوت بە پاڵپشت بە پڕۆسێسەری Exynos 8890 ـی سەر بە کۆمپانیای سامسۆنگ بڵاودەکرێتەوە، بەڵام لە بەشێکی بچووکی فرۆشگاکانی جیهاندا بە پڕۆسێسەری Snapdragon 821 ـی کۆمپانیای کوالکۆم بڵاودەکرێتەوە.
  • ڕام: ٤ گێگابایت یان ٦ گێگابایت
  • باتری: ٣٦٠٠ میلی ئەمپێر یان ٤٠٠٠ میلی ئەمپێر
  • شاشە: ٥.٧ ئینچ بە ڕوونی QHD (٢٥٦٠ بە ١٤٤٠ پیکسڵ) لە جۆری Super AMOLED
  • بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای IP68 کە دژە ئاو و خۆڵ و تۆزە و مۆبایلەکە بۆ ماوەی ٣٠ خولەک و بە قوڵایی ١.٥ مەتر دەپارێزێت لە ژێر ئاودا
  • بوونی دەرچەی USB Type-C 
  • بوونی پارێزەری شاشە (Corning Gorilla Glass 4)
  • بیرگەی ناوەکی: ٦٤\١٢٨\٢٥٦ گێگابایت
  • پشتگیری کردن لە بیرگەی دەرەکی تا فراوانی ٢٥٦ گێگابایت
  • پڕۆسێسەری گرافیک GPU: ئەدرینۆ ٥٣٠
  • سیستمی کارپێکەر: ئەندرۆید نووگەت یان ئەندرۆید مارشماڵۆو
  • کامێرای پشتەوە: کامێرایەکی پێشکەوتوو بە ڕوونی ١٢ مێگاپیکسڵ هاوشێوەی گالاکسی ئێس حەوت بە چەندەها تایبەتمەندی
  • کامێرای پێشەوە: ٥ مێگاپیکسڵ
  • بوونی تایبەتمەندییەکانی پەنجەمۆر و پشکنەری چاو Iris Scanner 
  • بێگومان جگە لەمانەش بوونی پێنووسی نۆت کە گەشەی پێدراوە و چەند تایبەتمەندییەکی بۆ زیادکراوە
  • پشتگیری کردن لە بارگاوی کردنەوەی خێرا (Quick Charge) و توانای بارگاوی کردنەوەی بێ تەل
  • بە سێ ڕەنگ (زیوی، ڕەش، شین) بەردەست دەبێت
  • نرخ: لە سەرەتای ڕاگەیاندنی مۆبایلەکە لە ئەوڕوپا پێشبینی دەکرێت نرخەکەی بگاتە زیاتر لە ٨٠٠ دۆلار

|سەرنج|– ئەمانە هیچیان تایبەتمەندی فەرمی مۆبایلەکە نین و وەکو وتمان ئەمانە تەنها دزەیان پێکراوە و پێشبینی کراون.

  • سیستمی کارپێکەر:

تا ئێستا ئەوە یەکلا نەبۆتەوە ئایا گالاکسی نۆت حەوت نوێترین وەشانی ئەندرۆید نووگەت (ئەندرۆید ٧) ـی لەسەر جێگیر دەکرێت کە هێشتا بڵاونەکراوەتەوە و بڕیارە مانگی داهاتوو بڵاوبکرێتەوە، یاخود وەشانی ئەندرۆید ماڕشماڵۆو (ئەندرۆید ٦) ـی لەسەر جێگیر دەکرێت بەڵام بە ڕووکارێکی تایبەتەوە و بە بەکارهێنانی ڕووکاری TouchWiz، ئەم ڕووکارەش دروستکراوی کۆمپانیای سامسۆنگە و تەنها لەسەر مۆبایلەکانی ئەو کۆمپانیایە کاردەکات و شێوەیەکی تایبەت بە خۆی هەیە. لەبەر ئەوەی تا ئێستا ئەندرۆید نووگەت بڵاونەکراوەتەوە و پێشبینی ناکرێت تا ڕۆژی کۆنگرە بڵاوبکرێتەوە، بۆیە پێدەچێت گالاکسی نۆت حەوت وەشانی ئەندرۆید ماڕشماڵۆوی لەسەر جێگیر بکرێت بە ڕووکار و شێوەیەکی تایبەت.

لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی هەڵەیەک لە پێگەی سامسۆنگچەند زانیارییەک دزەیان پێکرا، یەکێک لەوانەش بڵاوبوونەوەی وەشانی جێگیرکراوی گالاکسی نۆت بوو، بەپێی وێنەکەش وەکو ئاماژەمان پێدا گالاکسی نۆت حەوت وەشانی ئەندرۆید ماڕشماڵۆو ٦.٠.١ ی لەسەر جێگیردەکرێت.

galaxy-note-7-android-version

  • Gear VR

GearVR-2016-Press-840x560

جگە لە ڕاگەیاندنی گالاکسی نۆت حەوت، پێشبینی دەکرێت هەر لە کۆنگرەکەدا جۆرێکی نوێی سەیرکەری ڤیدیۆیی (Gear VR) ڕابگەیەندرێت. پێگەی OnLeaks وێنەیەکی پێشبینیکراوی ئەو جۆرە نوێیەی بڵاوکردۆتەوە و بەگوێرەی وێنەکەش لە ڕووی شێوەوە جیاوازی نابێت لەگەڵ جۆری یەکەمی Gear VR، بەڵام لەم جۆرە نوێیەدا دەرچەی USB Type-C زیاد دەکرێت، هەروەها زیادکردنی پلەی بینین لە ٩٦ پلەوە بۆ ١١٠ پلە.

سەرچاوە: ئەندرۆید سێنتراڵ

  • چۆن سەیری کۆنگرەکە بکەم؟

تۆڕی تەکنەلۆژیای زانیاری کوردی بە خۆشحاڵیەوە پێتان ڕادەگەیەنێت کە هاوشێوەی کۆنگرەکانی ڕابردوو، ئەمجارەش بە شێوەیەکی جیاواز و بە زمانی شیرینی کوردی ڕووماڵی کۆنگرەکە دەکات. لەکاتی دەستپێکردنی کۆنگرەکە ئێمە بە دوو شێواز ڕووماڵی کۆنگرەکە دەکەین:

|بۆ بیرهێنانەوە| کۆنگرەکە ڕۆژی سێشەممە کاتژمێر ٦ ی ئێوارە بە کاتی هەولێر دەستپێدەکات و ئێمەش لەگەڵ دەستپێکردنی کۆنگرە ڕووماڵی کۆنگرەکە دەکەین و چرکە بە چرکە لە هەواڵەکانی کۆنگرە ئاگادارتان دەکەینەوە!

بۆچونی تۆ