ئای ئۆ ئێس
9, ئهیلول 2016
پێنج تایبەتمەندى (iPhone 7) کە پێشووتر لە مۆبایلەکانى ئەندرۆیددا بوونى هەبووە!

دوێنێ ئێوارە کاتژمێر ٨:٠٠ بەکاتى هەولێر\کوردستان، کۆمپانیاى (ئەپڵ)ى ئەمریکى کۆنگرەیەکى گرێدا و تێیدا چەند بەرهەمێکى ڕاگەیاند، یەکێک لە بەرهەمەکان نەوەى نوێی مۆبایلى ئایفۆن بوو کە بە ٢ جۆرن بەناوەکانى (ئایفۆن ٧) و (ئایفۆن ٧ پڵەس) – بابەتى تەواو بخوێنەوە-.
لەم بابەتەدا دەمانەوێت ئاماژە بە پێنج تایبەتمەندی نەوەى نوێی ئایفۆن بدەین کە لە پێشوودا لەو مۆبایلانەدا هەبوون کە بە سیستەمى وەگەڕخەرى ئەندرۆید کاردەکەن، تایبەتمەندییەکان (نوێ) و (شۆڕشگێرانە)یە لەلایەن هاوادارانى ئەپڵ و بەکاربەرانى ئایفۆن، بەڵام سەبارەت بە جیهانى ئەندرۆید ئەو تایبەتمەندییانە کۆن بوون!
- ئەو پێنج تایبەتمەندییەى (ئایفۆن ٧ و ئایفۆن ٧ پڵەس) کە لە پیشوودا لە مۆبایلەکانى ئەندرۆییدا بوونى هەبووە:
- کامێراى دوو هاوێنەیی: ئەم تەکنەلۆژیایە لەساڵى ٢٠١٤دا لە مۆبایلى (HTC One M8) بەدیکراوە، دواى کۆمپانیاى (ئێچ تى سی)یش هەریەکە لە کۆمپانیاکانى هواوى و ئێڵ جى لە مۆبایلەکانیاندا بەکاریان هێناوە، گشت کۆمپانیایەک دەیەوێت ئەم تەکنەلۆژیایە لە بەرهەمەکانى بەکاربهێنێت بۆئەوەى چەندان تایبەتمەندى ناوازە فەراهەم بکات بۆ کامێراى بەرهەمەکەى، کۆمپانیاى (ئەپڵ)یش سوودى لەم بیرۆکەیە وەرگرتووە و وەک تایبەتمەندیێکى (شۆڕشگێرانە) ناوى دەنێت کە لە مۆبایلى (ئایفۆن ٧ پڵەس)دا پێشکەشى دەکات!
- بەرگرى لەبەرامبەر ئاو و تۆزدا: گشتمان دەزانین ئەو تایبەتمەندییە پێش چەندین ساڵ لە بەرهەمەکانى سۆنى و سامسۆنگ و مۆتۆرۆلا و چەندانى تردا هەبووە، پێش ئەوەى ئەپل لە مۆبایلى (ئایفۆن ٧ و ئایفۆن ٧ پڵەس) بەکاریبهێنێت!
- بڵندگۆکان بە تەکنەلۆژیاى ستێریۆ: بەهەمان شیوەى خاڵى یەکەم، ئێچ تى سى لە بەکارهێنانى ئەم تەکنەلۆژیایەشدا پێشەنگە و لە هەریەکە لە مۆبایلەکانى (HTC One M8) لە سەرەوە و خوارەوەى بڵندگۆکانى و لە مۆبایلى (HTC 10)دا لە خوارەى بڵندگۆکەى بەکاریهێناوە کە لەگەڵ بیستۆکیش کاردەکەن سەرەڕاى چەندان کاریگەرى جۆرایەتى بەرز، بەهەمان شێوەى ئێچ تى سى و یەهەمان جۆرایەتى و شێواز، کۆمپانیاى (ئەپڵ) لە نەوەى نوێی ئایفۆندا بەکاریهێناوە!
- دوگمەى سەرەکى: نەوەى نوێی ئایفۆن هەمان دوگمە کۆنە میکانیکییە کۆنەکەى لەسەر نییە، بەڵکو دانەیەکى نوێی هەیە کە چەندان کار ئەنجام دەدات و بە (Taptic Button) ناسراوە، ئەم دوگمەیە لە چەندان مۆبایلى ئەندرۆییدا بوونى هەیە کە دیارترینیان بریتین لە مۆبایلەکانى (OnePlus 3) و (HTC One A9).
- لابردنى دەرچەى بیستۆکى ئاسایی ٣،٥ملم: کۆمپانیاى مۆتۆرۆلا لە مۆبایلى (Moto Z)دا دەرچەى بیستۆکى ئاسایی لابرد و نەیهێشت بۆ ئەوەى زیاتر سوود وەربگرێت لە بەکارهێنانى دەرچەى (یو ئێس بى – جۆرى سى ، USB Type-C) و بەرهەمە زیاتر تەنک بێت، ئەمەش هەمان ئەو شتەیە کە ئەپل لە (ئایفۆن ٧)دا کردوویەتى!
س/ Ardroid
دیاری شێرزاد
"خوێندکارى بەکالۆریۆسى زمان و ئەدەبى (ئینگلیزى)م لە ز.سەڵاحەددین، هاوکات بەڕیوەبەرى نووسین و نوسەرم لە کەى ئاى تى ئێن؛ به شێوهیەكی گشتگیر لهگهڵ تهكنهلۆژیای تازه تێكهڵم، به تایبهتیش له سیستهمى وەگەڕخەرى مۆبایلە هۆشمەندەکان (ئەندرۆید). لەهەوڵدام بۆ ئەوەى ههموو تاكێكی كورد سوودمهندبن له تهكنهلۆژیا و شتێكی ئهوتۆ دهربارهی تهكنهلۆژیا فێرببن و لەگەڵ پێشکەوتنەکانیدا بڕۆن، هاوکات هەواڵ و بابەتە گەرمەکانى ڕۆژانەى تەکنەلۆژیا بەزمانێکى پاراو و پەتى کوردى بخوێننەوە".