ئەندرۆید 18, ئایار 2017

گشت شتێکی نوێ لە Android O دا: تایبەتمەندییەکان و گۆڕانکارییەکان

گووگڵ لە کۆنگرەی دوێنێیاندا کە کاتژمێر 8ـی ئێوارە بە کاتی شاری هەولێر دەستی پێکرد، کۆمەلێک تایبەتمەندی لە وەشانی داهاتووی ئەندرۆید ڕاگەیاند کە لە ئێستادا ناوێکی جێگیری نیە تەنها پێی دەوترێت ئەندرۆید ئۆ. لەوانەیە لە داهاتوودا ناوەکەی بگۆڕدرێت بۆ ئەندرۆید ئۆریۆ. شایەنی باسە ئەم وەشانەی ئەندرۆید دەکاتە ئەندرۆید 8.0 و لە ماوەیەکی نزیکدا بۆ مۆبایلە زیرەکەکان دەوەشێنرێت.

کورتەیەک لەو تایبەتمەندییانەی کە لە کۆنگرەکە ئاماژەیان پێکرا:

Picture-in-picture: تایبەتمەندیەکی نوێ نیە و تەنها هەندێک مۆبایل لەم تایبەتمەندیە بێبەش بوون و بەبێ گووگڵ هەندێک کۆمپانیا خۆیان بۆ ئەندرۆیدی مۆبایلەکانی خۆیانیان لە کۆندا بەردەست کردبوو بەڵام لەم وەشانەی ئەندرۆید بەدواوە بەفەرمی بەردەستە و لەڕێگەی ئەم تایبەتمەندییەوە دەتوانیت پرۆگرامێک (وەک ڤیدیۆ لێدەرێک و وێنە) بەکاربهێنی و پرۆگرامێکی تر لەسەر شاشەی مۆبایلەکەت چالاک بکەیت. بۆ نمونە ڤیدیۆیەک لە یوتیوب بکەیتەوە و لەهەمان کاتیشدا ئەپێکی تر لەسەر مۆبایلەکە بەکاربهێنیت.

Notification dots: رێگایەکی نوێیە بۆ نیشاندانی ئاگاهی (notification) لەسەر وێنۆچکەی ئەپەکان و دەتوانیت بەبێ ئەوەی بچینە ناو ئەپەکە بە دەست لێدانێکی ماوە درێژ لەسەر ڕووی وێنۆچکەی ئەپەکە وریاکەرەوەکانی ببینیت یان لە ناوەندی ئاگاهییەکان واتە Notification Center.

Autofill with Google: بە سود وەرگرتن لەم تایبەتمەندیە ناو و تێپەڕە وشە بە شێوازێکی خۆکار دەچنە نێو ئەپەکانەوە.

Smart Text Selection: بە زیادبوونی ئەم تایبەتمەندییە کۆپی کردنی تێکستەکان زۆر ئاسان تر کراوە بە تایبەت ژمارە تەلەفۆن و ناونیشانی ئیمەیڵ و ناونیشان و هاوشێوەکانیان بە تەنها یەک پەنجە پێدانان دیاری دەکرێن و ئەمەش هەمووی بەهۆی بەکارهێنانی زیرەکی دەستکردی گووگڵ کە بە ئاسانی ئەو جۆرە دەقانە دەناسێتەوە.

Vitals: کێ هەیە پاتریەکی نەوێت بۆ مۆبایلەکەی کە تەمەنی زۆر بێت؟ ئەم تایبەتمەندییە نوێیەی ئەندرۆید ئۆ بەم زووانە بەردەست دەبێت و چەندین گۆڕانکاری لەگەڵ خۆی دێنێت ئەوانیش ئامرازی ئاسایش و پارێزگاری و توانستی کار و جێبەجێکردنی سیستەمەکە و ئامرازی تایبەتن بە گەشەپێدەران. یەکێک لەو تایبەتمەندیانە کە ڕاگەیاندرا تایبەتمەندی Play Protect بوو بۆ کۆگای پلەی ستۆر و لەم بەستەرە دەتوانن خوێنەری بن. هەروەها داشبۆردێکی تایبەت بە گەشەپێدەران ئامادەکراوە تا بتوانن سودی لێ وەرگرن و چاودێری ئەپەکانیان بکەن لە ڕووی کاریگەری لەسەر پاتری و توانستی جێبەجێکردنی ئامێرەکە و چەندان شتی تر.

ئەمانەی سەرەوە تەنها تەنها تایبەتمەندی نین لەم وەشانەی ئەندرۆید بەڵکو کۆمەلێکی تریشن کە لە دوای بڵاوبوونەوەی بە فەرمی بەکارهێنەران دەتوانن چێژ لە بەکارهێنانیان وەرگرن.

شایەنی باسە، ئەم وەشانە دوو هێندە خێراترە لە وەشانی پێش خۆی لە ڕووی هەڵبوون وبووتبوونی مۆبایلەکە و ئەپەکان و چەندین کاری تردا. وە هەروەها ئەو پرۆگرامانەی کە لە پاشبنەمای مۆبایلەکە چالاکن لەم وەشانەدا ماوەیەکی دیاریکراویان پێدەدات تاوەکو کەمتر ڕام داگیربکەن.

 

جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە لە ئێستادا وەشانی بێتا بەردەستە بۆ تاقیکردنەوە. کەواتە ئەگەر ئێوە مۆبایلەکانی نێکسەس یان پێکسڵ بەکاردەهێنن دەتوانن وەشانی تاقیکاری ئەندۆرید ئۆ لەسەر مۆبایلەکانتان دابمەزرێنن.

ئەم مۆبایل و ئامێرانە لە ئێستادا دەتوانن وەشانی تاقیکاری ئەندرۆید ئۆ تاقیبکەنەوە:

  • Nexus 5X
  • Nexus 6P
  • Nexus Player
  • Pixel C
  • Pixel
  • Pixel XL

لەم بەستەرەوە دەتوانن فایلی ئەندرۆید ئۆ بۆ مۆبایل و ئامێرای دیاریکراو دابگرن و بەڕێگەی تایبەت بیخەنە سەر مۆبایلەکەت.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ