ئەپ و نەرمەکاڵا 28, حوزه‌یران 2017

سکایپ بۆ ئایفۆن بە چات بۆتەکان و چیرۆکەکان و پەیامی دەنگی و کاردانەوەکان و زیاتریش نوێکرایەوە

لەدوای دەستپێکی مایکرۆسۆفت بە تاقیکردنەوەی وەشانێکی نوێی سکایپ لەسەرەتای ئەم مانگە، ئەمڕۆ مایکرۆسۆفت بەفەرمی وەشانە نوێکەی بۆ ئایفۆن ڕاگەیاند کە سەر لەنوێ دیزایین و نوێکراوەتەوە و چات پۆت و بەشێکی تر بەناوی Highlights کە هاوشێوەی چیرۆکەکانی سناپ چاتە و هەروەها کاردانەوەکان لەکاتی پەیوەندی و چەندانی تریشی بۆ زیادکراوە.

سەرباری بەردەست بوونی کۆرتانا کە هی مایکرۆسۆفت خۆیەتی، چەندین چات بۆتی زیرەکی تر بەردەستن و وە هی تریش بەڕێوەن بۆ نمونە (Gfycat و Giphy و MSN Weather و Bing و Polls و Expedia و Stubhub و BigOven و YouTube و Upworthy).

سەبارەت بە کاردانەوەی ناو پەیوەندییەکان، بەکارهێنەران دەتوانن خەندەی زیندوو و نوسینی زیندوو و وێنەی ڕاستەوخۆ زیادبکەن کە ڕاستەوخۆ لەسەر پەیوەندییە ڤیدیۆیی و دەنگییەکان دەردەکەون. لەهەمان کاتدا، کاردانەوەکان لە پەیامەکاندا ڕێگەت پێدەدەن کە تۆ هەستت دەرببرێت و بەرامبەرەکەت بە ئاسانی دەزانێت کاردانەوەت بەرامبەری چییە.

پەڕی سەرەکی سکایپ ڕاستەوخۆ بەشی پەیامەکانە و ئێستا دەتوانیت بۆ ڕاست و چەپ دەست بکێشیت و بەشەکانی کامێرا و Highlights واتە گرنگترینەکان بکەیتەوە. شایەنی باسە، بەشی Highlights بەشێکی نوێیە و هاوشێوەی سناپ چاتە کە ڕێگەت پێدەدات گرنگترینەکان لەگەڵ خزم و هاوڕێی و دۆستان هاوبەشی پێ بکەیت و تا حەوت ڕۆژ دەمێنێتەوە. لەڕاستیدا، Highlights بریتییە لە کۆمەڵێک وێنە و ڤیدیۆ کە بە خەندەکان واتە Emoticons و نوسین و دەقەکان دەیانڕازێنیتەوە و تەنها ئەو خەڵکانە دەیانبینن کە لە سکایپ Follow واتە شوێنت کەوتوون. لەهەمانکاتدا دەتوانیت کاردانەوەت هەبێت بۆ ئەم Highlightـانە لەڕێگەی خەندەکان یان وەکو دەسپێکی گفتوگۆی نوێ بەکارییان بهێنیت.

ئەوەی ئێستا ماوە بیلێین ئەوەیە کە ئاخۆ ئەم تایبەتمەندییە تازەیەیی سکایپ هیچ گەشەیەک بەخۆیەوە دەبینێت یان نا، چونکە ئێستا زۆربەی ئەپ و سەکۆکانی گفتوگۆ و چات ئەم تایبەتمەندییە لەخۆی دەگرن بۆ نمونە فەیسبووک و سناپ چات و مێسنجەر و ئینستەگرام و چەندانی تریش.

[su_youtube url=”https://youtu.be/qItfRVJFljM” width=”500″ height=”300″]

ئەم تایبەمەندییەیانە تا ئێستا تەنها بۆ ئایفۆن بەردەستن و لەسەر ئایپاد بەردەست نیین. بۆ ویندۆز و ماکیش لە چەند مانگی داهاتوو بەردەست دەکرێن. بۆ ئەندرۆیدیش نەزاندراوە.

بەگوێرەی مایکرۆسۆفت، وەشانی داهاتووی سکایپ تایبەتمەندی تایبەت بە یارییە ڤیدیۆییەکان بۆ زیاد دەکرێن و مەبەست لێی ئەوەیە کە بەکارهێنەران توانستی ئەوەیان دەبێت بەیەکەوە سەیری ڤیدیۆ ڕاستەوخۆکانی یارییە ڤیدیۆییەکان بکەن.

لەم بەستەرەوە سکایپ بۆ ئایفۆن و لەم بەستەرەشەوە بۆ ئایپاد دابگرن.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ