10
ئەندرۆید 3, ته‌مموز 2017

گالەکسی نۆت ٧ی چارەسەرکراو ڕاگەیەنرا

دوای چەندین بەڵێنی کۆمپانیای سامسۆنگ، که ڕایدەگەیاند دووبارە نۆت ٧ دەکەوێتە بازاڕەکانەوە، دوێنێ دووبارە گالەکسی نۆت ٧ی (وەشانی چارەسەرکراو) ڕاگەیەنرا و لەم مانگەدا ڕەوانەی بازاڕەکانی کۆریای باشوور دەکرێتەوە. بێگومان هەمووان چیرۆکە ناخۆشەکەی نۆت ٧ دەزانن، ئه‌و گالەکسیه‌ی که زیانێکی ئێجگار زۆری له کۆمپانیای سامسۆنگدا به‌هۆی هه‌بوونی کێشه‌ له بەشێک لە بەشەکانی پاتریه‌که‌یدا کە له‌کاتی بارگاوی کردندا ده‌بووه هۆی ته‌قینه‌وه‌ی مۆبایله‌که‌، بەڵام دووبارە کۆمپانیای سامسۆنگ گالەکسی نۆت ٧ی لە ژێر ناوی (Fan Edition)ـه‌وه‌ ڕەوانەی بازاڕەکانی کۆریا دەکات بە نرخی ٦١٠ دۆلار. کۆمپانیا کۆریەکە بۆ دڵنیایی بەکار‌هێنەران دڵنیایی سه‌لامه‌تی پاتری نۆت ٧ نوێیه‌که‌ دەدات، کە هەر وەک پێشتر ڕایگەیاندبوو؛ مۆبایلەکانی نۆت ٧ دووبارە پشکنیان بۆ دەکرێت. ئێستا نۆت ٧ خاوەن پاتریەکی سەلامەتە و بە چەند قۆناغێکی تاقیکردنەوەدا تێپەڕیوە.

جێگای وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ گالەکسی نۆت ٧ هه‌موو ئه‌و کێشانه‌ی کە له‌سه‌ره‌تادا هه‌یبوو، به‌پێی نوێترین زانیاریه‌کان بێت سامسۆنگ له‌م جاره‌دا گشت ئه‌و کێشانه‌ی چاره‌سه‌ر کردووە، وە توانستی نۆت ٧ی سەلامەت لە ٣٥٠٠ ملی ئەمپێرەوە بۆ توانستی ٣٢٠٠ میللی ئەمپێر دابەزێنراوە. بڵاوکردنەوەی نۆت ٧ ئەمجارە جیاواز دەبێت و تەنها ٤٠٠ هەزار دانە دەکرێتە بازاڕەکانەوە، وە ناشزانرێت دەکرێتە بازاڕەکانی جیهانەوە یاخوود نا. هەموومان تایبەتمەندیەکانی نۆت ٧ دەزانین، بۆ خوێندنەوەی تایبەتمەندیەکانی نۆت ٧ کرتە بکە بەڵام نۆت ٧ی سەلامەت چەند تایبەتمەندیەکی تر لە خۆدەگرێت، لەوانە؛  سیسته‌می وه‌گه‌ڕخه‌ری مۆبایلەکە که‌ لەسەر وەشانی ٧.٠ ی سیسته‌می ئه‌ندرۆید (نووگەت) کار دەکات، هەروەها یارمەتیدەری بیکسبی یەکێکی ترە لە تایبەتمەندیەکانی.

دوای ئەوەی کۆمپانیای سامسۆنگ لە مانگی ٨ی ساڵی ٢٠١٦ مۆبایلێکی پێشکەوتووی ڕاگەیاند بە ناوی گالاکسی نۆت ۷، پاش چەند هەفتەیەک دەستی کرد بە فرۆشتنی ئەم مۆبایلە لە چەند فرۆشگایەک، لەگەڵ ئەوەی لە سەرەتادا کڕیارانی مۆبایلەکە کێشەیان لە مۆبایلەکە بەدی نەکرد بەڵام لە نوێترین پێشهاتدا ڕووداوی “تەقینەوەی مۆبایل” ـی یەکێک لە کڕیاران بەنێو پێگە تەکنەلۆژییەکان بڵاوبوویەوە، دوای چەندین هەوڵی سامسۆنگ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، بەڵام لە کۆتاییدا سامسۆنگ مۆبایلەکانی بە تەواوی لە بازاڕەکان کشاندەوە، دوای ماوەیەک کۆمپانیاکە ئەنجامی پشکنینەکان و هۆکاری تەقنەوەی نۆت ٧ی ڕاگەیاند، کە بەشی سەرەوەی پاتریەکە دەبووە هۆی لاربوون و بەمەش هێڵی سالب (نێگەتڤ) لە بەشی سەرەوە لاردەبووەوە و دەبووە هۆی گواستنەوەی ناڕێکی بارگەکان. وەکو خوێنەرێک ڕای ئێوە چیە؟

 

بۆچونی تۆ