ئەپڵ 13, ئه‌یلول 2017

٤ لایەنی خەراپی iPhone X کە وات لێدەکات دووجار بیربکەیتەوە پێش ئەوەی گیرفانت بەتاڵ بکەیت!

بێگومان بەبۆنەی دەیەم ساڵیادی ئایفۆنەوە ئەپڵ دوێنێ لە کۆنگرەکەیدا ٣ جۆر ئایفۆنی نوێی ڕاگەیاندن. یەکێکیان ناوی iPhone Xـە کە بە ئایفۆن ١٠ ناویان دەهێنا و خاوەن تایبەتمەندی بەرز و ناوازەیە. ئەوەی جێگەی سەرنج بوو بریتیبوون لە ڕوونمای ئۆلێدی بەهێزکراو بە HDR کە تەنها کەمێک لێواری هەیە. وە هەروەها پڕۆسێسەری سەرسوڕهێنەری ناسراو بە A11 Bionic و توانستی AR و کامێرای تازە کە ڕکابەری لەگەڵ DSLRـەکان دەکەن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا iPhone X چەند لایەنێکی خەراپی هەیە کە تەنانەت وا لە زۆربەی هاندەرە دڵسۆزەکانی ئەپڵیش دەکات دووجار بیرکەنەوە پێش ئەوەی ئەم نەوەیەی ئایفۆن بکڕن! لەخوارەوە لەگەڵم بن بزانن بۆ تەنانەت خۆشم کە هاندەرێکی ئەپڵم نیگەرانم؟

١- نرخ

بێگومان وەکو هەمیشە ئێمە بڕە پارەیەکی زۆرمان لە ئامێرەکانی ئەپڵ خەرج کردووە، بەڵام بۆ ئەم جۆرە ئامێرەیان کە iPhone X ـە، بەلای زۆربەمان وەکو ژمارەیەکی پێوانەیی وایە لە نرخدا. لەڕاستیدا ئەپڵ هەوڵیداوە کەمێک نرخەکە بەگونجاوی پێشانی هاندەرانی بدات بەڵام دواجار iPhone X ئامێرێکی هەزار دۆلارییە! ئەمە لەکاتێدایە ئەگەر بتەوێت بژاردەی ٢٥٦ گێگابایتی بکرێت و بتەوێت ڤیدیۆ 4Kییەکانت لەناوخۆی ئایفۆنەکەت هەڵبگریت ئەوا دەبێت ١٤٩ دۆلاری تریشی بخەیتە سەر! سەرباری ئەمە، نرخی پادێکی بارگاویکردنەوەی بێ وایەریش لەولا بوەستێتەوە و بۆی هەیە نرخەکەی بگاتە ١٤٠٠ دۆلار چونکە Apple Care بۆ iPhone X ٥٠ دۆلار گرانترە لە گشت نەوەکانی تر. بێگومان چاوەڕوانی هەرزانی iPhone Xـمان نەدەکرد بەڵام بەلایەنی کەم دەیتوانی نرخی لە ئایفۆنی پڵەسەوە نزیک بێت!

٢- پشت شوشە

بێگومان لەمەودوا پێویستە دووجار وریای iPhone X ـەکەت بیت چونکە هەم نرخێکی زۆرت پێداوە و هەمیش بیرت نەچێت پشتەوەی شوشەیە و بەمەش iPhone X دوو ڕووی توانست بە شکانی هەیە هەم پێشی و هەم پشتی. بێگومان، iPhone X چواردەورێکی بەهێزی لە ستیل دروستکراوی هەیە بەڵام هێشتاش پشتێکی شوشەی هەیە! ئەپڵ ئەمەی لەبەرئەوە کردووە تا بتوانێت تایبەتمەندی بارگاویکردنەوەی بێ وایەر Wireless Charging بۆ ئایفۆنەکانی بەردەست بکات. وەکو پیشەی هەمیشەی، بۆی هەیە ئەپڵ بڵێ ئەم شوشەیە بەهێزترین شوشەیە تا ئێستا بەڵام هێشتاش دژە شکان نییە و وریایی پێویستە. بۆیە وریایبە کە ئەگەر هەر سوریت لەسەر کڕینی.

٣- نەبوونی Touch ID

بێگومان وەکو لە مێژووەکەیەوە دیارە، ئەپڵ زۆر ئارەزووی لابردنی پۆرت و دوگمەکان دەکات لەسەر ئامێرەکانی. بۆ نمونە ساڵی ڕابردوو کاکە جاکی لە ئایفۆنەکانی لابرد و لەجێگەی ئەوە شوێنی بارگاوی کردنەوەی هەم بۆ بارگاویکردنەوە و هەمیش بۆ بیستۆک بەکارهێنا. بێگومان ئێمە دەمانزانی لەسەر ڕووەکەی ناتوانێت Touch ID بەکاربهێنێت و دواجاریش وەکو ئاشکراکرا Touch ID نەماوە و لەجێگەی ئەوە Face ID بەکارهێناوە بەڵام هێشتاش پێویست بوو وەکو جێگرەوەی Face ID لە پشتی یان لەژێر ڕوونما یان بەشێوەیەک لە شێوەکان Touch ID بوونی هەبوایە. کردنەوەی مۆبایلەکەت لەڕێگەی ڕووەوە بۆی هەیە خێراتر بێت و هەروەها ئاسانیش بێت بەڵام وەکو دەرکەوت لە کۆنگرەکە کرێگ فێدریگی لەیەکەم تاقیکردنەوەیدا سەرکەوتوونەبوو لە Face ID و ئەمەش بێگومان پێشنیاری پێچەوانە دەکات کە واتای وایە جێگرەوەی Face ID پێویستە!

٤- بەرواری بەردەستبوونی بۆ کڕین!

بەرواری بەردەستبوونی iPhone X بووە هۆی نیگەرانی زۆربەی هەوادارانی ئایفۆن و چاوەڕوانی ئەوەیان نەدەکرد بچێتە مانگی ١١ و ئەوان پێیان وایە چاوەڕوانی ئەم مانگە بۆ هەوادارانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان وەکو چاوەڕوانی تەواوی ژیان وایە! ئەمە هەرچەندە بۆی هەیە شتەکان وەکو خۆی بڕۆن. بۆ نمونە وەکو چۆن ساڵی پار Airpods مانگێک دوای ڕاگەیاندنیان بەردەستبوون و دواتریش بەباشی پێشوازی لێ کرا و لە ئێستاشتدا و دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەهۆی زۆری فرۆشیەوە بەردەست نەماوە بۆ کڕین.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ