10
ئاسایشی ئەلیکترۆنی 16, ئه‌یلول 2017 بۆچوون

مێژووی تەکنەلۆژیای ناسینەوەی دەموچاو، چۆنییەتی کارکردنی ئەو تایبەتمەندییە


هەتادێت کۆمپانیاکان زیاتر گرینگی بە لایەنی ئاسایش و پارێزراوی ئامێرەکانیان دەدەن و بۆ ئەم مەبەستەش چەندین تەکنەلۆژیای جیاواز هەیە کە هەر کۆمپانیایەک بەکاری دەهێنێت لەوانە پەنجەمۆر و وشەی تێپەڕبوون و پاتێرن Pattern، تازەترین تەکنەلۆژیاش کە لەئێستادا باس دەکرێت بریتییە لە تەکنەلۆژیای ناسینەوەی دەموچاو Facial Recognition کە ئەم تەکنەلۆژیایە پشت بە دەموچاوی خاوەن ئامێرەکە دەبەستێت و لەسەرەتادا زانیاریی و داتای پێویست تۆماردەکات و لەکاتی هەوڵدان بۆ کردنەوەی موبایلەکە بەهۆی ئەم تایبەتمەندیە  ئەوا بەراورد لەنێوان زانیاریە تازە هاتووەکان و زانیاریەکانی یەکەمجار دەکرێت تا ڕێگە بدات یان ڕێگەنەدات بە کردنەوەی موبایلەکە.

لەڕاستیدا چەند کۆمپانیایەک لەئێستادا بەشێوەیەکی بەرچاو پشت بەم تەکنەلۆژیایە دەبەستن و هەریەکیان ناوێکی لێناوە و بەجۆرێک کاردەکات:


لەسەرەتادا باس لە پشکنینی ڕەنگینەی چاو Iris scanner دەکەین کە ئەمەیان تایبەتە بە سامسۆنگ و بۆ یەکەم جار سامسۆنگ لە مۆبایلی گالەکسی نۆت ٧ دا بەکاریهێنا و پاشان بۆ گالەکسی ئێس ۸ و ۸ پڵەس و دوای ئەمانەش لە نۆت ۸ دا جێگیریکرد کە ئەوە دەگەیەنێت ئەم تەکنەلۆژیایە بوەتە یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکان لە بەرهەمە تازەکانی کۆمپانیای ناوبراو.

شێوازی کارکردنی ئەم تەکنەلۆژیایە لە سامسۆنگ نۆت ۸ بەم شێوەیەیە؛ لەسەرەتادا تیشکێکی ژێر سوور لەلایەن هەستەوەرێک لەڕووی پێشەوەی موبایلەکە ئاراستەی چاوی بەکارهێنەر دەکرێت و دەبێتە هۆی ڕووناککردنەوەی چاوی و ئەم تیشکە کاریگەری تەندروسی لەسەر چاوەکانی جێناهێڵێت و بەکارهێنەر هەستی پێناکات ،دوای ئەمەی کە چاوی بەکارهێنەرەکە ڕووناککرایەوە ڕاستەوخۆ کامێرای پێشەوە دەستبەکار دەبێت و هەڵدەستێ بە ناسینەوە و جیاکردنەوەی ڕەنگینەی چاوی کەسەکە کە ئەم ڕەنگینە هاوشێوەی پەنجەمۆر لەنێوان مرۆڤەکاندا جیاوازە و بە بەراورد کردنی زانیاریە تازەکان بە زانیاریەکانی کە یەکەمجار خاوەنەکەی تۆماری کردوون بڕیار دەدرێت کە ڕێ بدرێت بە کرانەوەی قووفڵی ئامێرەکە یاخوودا نا.
خاڵی لاوازی ئەم تەکنەلۆژیایە کە سامسۆنگ پشتی پێدەبەستێت ئەوەیە کە بە ئاسانی دەتوانرێت تێبپەڕێنرێت ئەگەر وێنەیەکی خاوەنەکەیت لابێت، کەئەمە تاقیکراوەتەوە و سامسۆنگیش هیچ هەوڵێکی نەداوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.


دووەم جۆری ئەم تەکنەلۆژیایە لەلایەن ئەپڵەوە ناسێندرا کە لە کۆنگرەکەی ئەمساڵدا لەدوای ناساندنی هەردوو نەوەی نوێی ئایفۆن بەناوی ئایفۆن ۸ و ۸ پڵەس ئەپڵ بەرهەمێکی تری بەبۆنەی تێپەڕبوونی دە ساڵ بەسەر دروستکردنی یەکەم ئایفۆن پێشکەشکرد و ناونرا ئایفۆن ۱۰ یاخوود X کە ئەمە لە ژمارەی ڕۆمانیدا ئاماژەیە بۆ ژمارە دە کە ئەم بەرهەمە تازە خاوەنی تەکنەلۆژیای ناسینەوەی دەموچاوە بەناوی Face ID کە ئەمەش شێوازی کارکردنەکەیەتی:
سەرەتا تیشکێکی ژێر سوور ئاڕاستەی ڕووی کەسەکە دەکرێت و بەهەمان شێوەی سامسۆنگ مەبەست لەم تیشکە ڕووناککردنەوەی ڕووی کەسەکەیە و دواتر هەستەوەرێک ۳۰.۰۰۰ خاڵ ئاڕاستەی ڕووی کەسەکەدەکات و وێنەیەکی سێ دووری دەبەخشێت بە سیستەمەکە و ئەم وێنەیە لەناو چیپەکەیدا باردەکرێت و بەپارێزراوی دەمێنێتەوە و دواتر هەر گۆڕانکاریەک کرا لە شێوەی کەسەکە دەبێت بەراورد بکرێت بە وێنەکەی یەکەم جار بەڵام ئەمەش تائێستا بەتەواوی تاقی نەکراوەتەوە و بەپێی ئەوەبێت کە لە کۆنگرەکەدا ڕوویدا و لە چەند شوێنێکی دیکە باس کراوە بەشێوەیەکی هێندە باش کار ناکات بەڵام ئەمە ناکرێتە پێوەر تا بەتەواوی لەلایەن خەڵکەوە تاقی نەکرێتەوە.
جێی باسە لە تەنیشت ئەم دوانەی سەرەوەدا ئەندرۆیدیش بەجیا خاوەنی ئەم تەکنەلۆژیایەیە و لە سەردەمی وەشانی Ice cream بەکارهێنەران دەیان توانی لە ڕێی دەم و چاویانەوە موبایلەکانیان بکەنەوە بەڵام ئەمە چەند کێشەیەکی هەبوو، لەپاڵ ئەوەی پشت بە کوالێتی و ئاستی کامێڕای پێشەوە دەبەستێت کە ئەوکات هێندە پێشکەوتو نەبوو ئەوا دەبێت وێنەی بەکارهێنەرەکە بە نەرمەکاڵای گووگڵ بۆ لێکدانەوە و بەراوردکردنی بە وێنەی خاوەنی موبایلەکەدا بڕوات و ئەمە کاتێکی زۆری پێویستە و دواتریش لەڕێگەی وێنەی خاوەن ئامێرەکە دەتوانرێت قوفڵی موبایلەکە بشکێندرێـت.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ