10
سۆنی 1, تشرینی دووه‌م 2017 بۆچوون

کاتی بڵاوکرانەوەی بەهێزترین یارییەکانی مانگی ۱۱ لێرە ببینە

مانگی ۱۱ی ئەمساڵ کۆمەڵێکی یەکجار بەهێز لە یاری لەخۆگرتووە تا بیخاتە بەردەست یاریکەران، لەم بابەتەدا کاتی بڵاوکرانەوەی بەهێزترین یاریەکانی مانگی ۱۱ دەخەمە ڕوو:

سەرەتا لە ۳/۱۱ یاری Call Of Duty: WWII بڵاودەبێتەوە، زنجیرەکە دوای ماوەیەکی زۆر دووبارە شێوازی جەنگەکەی هێنایەوە سەر زەوی کە بۆ ماوەیەک زنجیرەکە گرینگی بە جەنگی ئاسمانی و ئامێری زۆر پێشکەوتوو دەدا بەڵام ئێستا گەڕاوەتەوە بۆ ڕووداوەکانی جەنگی دووەمی جیهان وە دوای بڵاوبونەوەی وەشانی تاقیکاری لە یاریەکە و نیشاندانی هەندێ لە چەک و ئامێرەکان و هەندێ لە نەخشەکانیش یاریکەران یاریەکەیان زۆر بەدڵبوو و ئەمەش وایکرد کە زۆر بەپەرۆشەوە چاوەڕێی کاتی بڵاوبوونەوەی یارییەکە بکەن.

دواتر لە ۱۰/۱۱ یاری Need For Speed Payback بڵاودەکرێتەوە کە ئەمەیان یارییەکی جۆری پێشبڕکێیە، دوای ماوەیەکی زۆر ئەمیش بە چیرۆکێکی بەهێزەوە دەگەڕێتەوە کە ئەمجارە تۆ یاری بە سێ کەسایەتی جیاواز دەکەیت ئەوانیش Tyler و Mac و Jessن کە لە شاری Fortune Valley ڕووداوەکان روودەدەن وە ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانی یارییەکە ۷۸ ئۆتۆمبێلە (کرتە بکە بۆ بینینی تەواوی لیستەکە).

لە ۱٤/۱۱ یاری Lego Marvel Super Heroes 2 بڵاودەبێتەوە کە هاوشێوەی گشت یارییەکانی Lego بە ڕەنگاوڕەنگی و شێوازە منداڵانەکەی ناسراوە، یارییەکە ئەمجارە ژمارەیەکی زۆر کەسایەتی لەخۆگرتووە لەوانە کەسایەتیەکانی جیهانی Guardians Of The Galaxy، هەڵک، ثۆر، Spiderman 2099و Black Panther، و زۆری تریش.

هەرچی ۱۷/۱۱ە ئەوا یاری Star Wars Battlefront II بڵاودەکرێتەوە، ئەم یاریە چیرۆکەکەی پەیوەندی بە زنجیرە فیلمەکانی Star Warsەوە هەیە و پێشتر لەدوای بڵاوبوونەوەی وەشانی تاقیکاری یاریەکە هەستام بە ئامادەکردنی پێداچونەوەیەک بە یارییەکەدا (کرتە بکە بۆ بینینی بابەتەکە) کە بەشێوەیەکی ورد باسم لە وەشانە تاقیکارییەکە کردووە.

لەهەمان ڕۆژدا یاری The Sims 4 بڵاودەبێتەوە کە بڵاوکەرەوەی یارییەکە کۆمپانیای EAە و شێوازی یارییەکە جیاوازە لەهەریاریەکی تر کە پێشتر بینیوتە چونکە لەم یاریەدا تۆ کەسایەتیەک دروستدەکەیت کە بڕێکی یەکجار زۆر هەڵبژاردەت لەبەردەمە بۆ دەستکاری کردنی، پاش تەواوبوونت لە کەسایەتیەکەت خانوویەکی بچووکت لەبەردەستە کە بە خواستی خۆت دیزاینی دەکەی و بەرەبەرە شتی زیاتری بۆ دەکڕیت و فراوانتری دەکەیت، لەهەمان کاتدا دەتوانی هاوڕێکانت بانگێشتی شوێنەکەت بکەی و پەیوەندیت هەبێت لەگەڵیان.

کۆتا یاری کە لە ۲۱/۱۱ بڵاودەکرێتەوە و ئاشقانی یاریە ترسناکەکان زۆریان بەدڵدەبێت یاری The Inpatientە تایبەت بۆ پلەیستەیشن و بەتایبەتتریش بۆ PlayStation VR بەردەست دەبێت واتە پێویستە PlayStation VRت هەبێت بۆ ئەوەی بتوانی یارییەکە بکەیت، یارییەکە لەلایەن ستۆدیۆی Supermassive Games گەشەیپێدراوە و سۆنی بڵاوی دەکاتەوە، ئەم ستۆدیۆیە هەمان ستۆدیۆیە کە یاری Until Dawnی ساڵی ٢٠١٥ دروستکردووە.

هەموو ئەوانەی سەرەوە جگە لە The Sims 4 و The Inpatient بۆ هەریەکە لە پلەیستەیشن چوار و ئێکس بۆکس یەک و ویندۆزی کۆمپیوتەر بەردەست دەبن بەڵام Sims 4 لەم مانگەدا تەنها بۆ پلەیستەیشن چوار و ئێکس بۆکس یەک بەردەست دەبێت و The Inpatient تەنها بۆ پلەیستەیشن چوار بەردەست دەبێت.

بۆچونی تۆ