ئەندرۆید 30, حوزه‌یران 2018

مۆبایلە نوێیەکەی نۆکیا خاوەن هەستەوەری پەنجەمۆر دەبێت لەژێر ڕوونما

وێنەی نۆکیا ٦

وا بڕیارە نۆکیا لەکۆتایی ئەم هاوینەدا مۆبایلێکی نوێ بەناوی (ئەی ١ پڵەس یان ٩) ڕابگەیەنێت، بۆیە لەئێستادا بابەتێکی گەرم لەنێو جیهانی تەکنەلۆژیادا مۆبایلەکە و تایبەتمەندییەکانییەتی.

کۆمپانیای ئێچ ئێم دی گلۆبەڵ، کەخاوەنی نۆکیایە، بەردەوامە لەبڵاوکردنەوەی مۆبایلەکانی و تا ئێستا توانیویەتی داخوازیی بەشێک لەهەوادارانی نۆکیا پڕبکاتەوە، ئەمەش بەبڵاوکردنەوەی چەند مۆبایلێکی نایاب، لەگەڵ چەند مۆبایلێکی مامناوەند بەنرخێکی هەرزان لەم چەند مانگەی دواییدا، کە تا ئێستا پێشوازییەکی زۆری لێکراوە و تاڕادەیەکی باش فرۆشیی هەبووە.

بەگوێرەی پێگەیەکی ئەڵمانی، ئێچ ئێم دی لەئێستادا کار لەسەر مۆبایلێکی نوێ دەکات، پێدەچێت ئەو مۆبایلە بێت کە زۆربەی هەوادارانی نۆکیا چاوەڕێی بوون. بەپێی پڕوپاگەندە و پێشبینییەکان مۆبایلەکە ڕوونمایەکی چەماوەیی دەبێت، لەگەڵ ڕووکارێکی نوێ و هەستەوەرێکی پەنجەمۆر لەژێر ڕوونمای مۆبایلەکە، ئەمە جگە لەوەی کەپێشبینی دەکرێـت مۆبایلەکە بەپڕۆسێسەری سناپدراگۆن ٨٤٥ کاربکات کە یەکێکە لەبەهێزترین و پێشکەوتووترین پڕۆسێسەرەکان بۆ مۆبایلی زیرەک.

لەگەڵ ئەوەی سامسۆنگیش کاردەکات بۆ دانانی هەستەوەری پەنجەمۆر لەژێر ڕوونمای مۆبایلی گالەکسی ئێس ١٠، بەڵام پێدەچێت نۆکیا زووتر ئامادەبێت بۆ ئەو تەکنەلۆژیایە. چاوەڕوان دەکرێـت ئەو مۆبایلە نوێیەی نۆکیا (ئەی ١ پڵەس یان ٩) پاڵپشت بە (ئەندرۆید پی) لەکۆنگرەی (ئای ئێف ئەی) ئەمساڵ ڕابگەیەنرێت کە لەشاری بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا و لەکۆتایی مانگی داهاتوو (هەشت) ئەنجام دەدرێت.

 

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ