10
ئەپڵ 20, تشرینی یه‌كه‌م 2018

5 باشترین لاپتۆپەکان بۆ ساڵی 2018

بێگومان دیاریکردنی باشترین لاپتۆپ بەم شێوەیە ئاسان نییە کە بیری لێ دەکەیتەوە، چونکە دۆزینەوەی هاوسەنگی لە نێوان بەرزی تایبەتمەندی و گونجاوی لە نرخدا وا دەکات لێکۆڵینەوەیەکی قوڵ ئەنجام بدەیت لە نێوان مۆدێلە جیاوازەکانی لاپتۆپەکان.

لەگەڵ بوونی بژاردەیەکی زۆر ئەمساڵ چەند لاپتۆپێکی نایاب خرانە بازاڕەوە، کە ئێمەش ئەمڕۆ ٥ لە باشترینیان بۆ ئێوە دەخەینە ڕوو بە لەبەرچاوگرتنی جۆرە جیاوازەکانی لاپتۆپ کە لەوانەیە تۆ بەدوایاندا وێڵ بیت بەڵام ئێمە بەبێ جیاوازی لەڕووی ئامانجی دروستکردنیانەوە باسیان دەکەین، مەبەست لێرە ئەوەیە، کە ئایا ئەم ئامێرە ئوڵترا بووکە یان لاپتۆپێکی تایبەت بە گەیمینگە یان بۆ کاری ترە.

١– لاپتۆپی هواوەی مەیت بووک ئێکس پڕۆ Huawei MateBook X Pro

بۆ یەکەمجارە کۆمپانیای هواوەی لیستی باشترینی لاپتۆپەکان دەگرێت، ئەویش بە هۆی لاپتۆپی Huawei MateBook X Pro، کە بەیەکێک لە باشترین لاپتۆپەکان دادەنرێت بەکارهێنەران بتوانن لە ٢٠١٨ بیکڕن.

لە دوای ساڵانێک لە داگیرکردنی ئەم پلەیە لەلایەن Dell XPS 13 لە لیستەکەدا، ئەوا لاپتۆپی Huawei MateBook X Pro بە کرداری سەلماندنی کە ڕکابەرێکی ئاست بەرزە، ئەمەش بەهۆی دیزاینە جوان و قەشەنگەکەی و هەروەها ڕوونما ڕوونی بەرزەکەی کە ١٣.٩ ئینجە.

ئەم لاپتۆپە بە دوو جۆر بەردەستە بە تایبەتمەندی ناوخۆیی جیاواز، سەبارەت بە پڕۆسێسەرەکانیان نەوەی هەشتەمی ئینتێڵ Core i5 – Core i7 يان لەسەرە. وە دوو جۆر گرافیک کارد کە یەکێکیان Intel UHD Graphics 620 و ئەوەی تریان Nvidia GeForce MX150 2GB GDDR5ـە. هەروەک دوو بژاردەی ڕامیان هەیە کە ٨ و ١٦ گێگابایتن، وە بیرگەی نێوخۆیی لە جۆری ئیس ئێس دی بە قەبارەی ٥١٢ گێگابایت. هەروەک تەمەنی پاتریەکەیشی لە زۆربەی ڕکابەرەکانی زیاترە. دەتوانن وردتر لێرە سەبارەت بەم لاپتۆپە بخوێننەوە.

٢- لاپتۆپی Dell XPS 13

لە ڕاستیدا، لاپتۆپی XPS 13 بەهۆی MateBook Pro X لە پلەی دووەمدایە، بە پێچەوانەوە تا ئێستا یەکێکە لە باشترین لاپتۆپەکان کە بۆ ماوەی ٣ ساڵ لەسەریەک لە پلەی یەکەمی باشترین لاپتۆپەکان بووە.

مۆدێلی ٢٠١٨ی لاپتۆپی XPS 13 خاوەنی هێز و توانایەکی زۆرە، ڕوونماکەی 4Kـیە و لە بێ لێوارە لە جۆری Infinity Edge. ئەم لاپتۆپە بە نەوەی هەشتەمی ئینتێڵ Core i5 – Core i7 کاردەکات، لەگەڵ گرافیک کاردی جۆری Intel UHD Graphics 620، لەگەڵ دوو بژاردەی ڕام ئەوانیش ٨ و ١٦ گێگابایت، هەروەها دوو بژاردەی بیرگەی نێوخۆیش ٥١٢ گێگابایت یان ١ تێرابایت لە جۆری ئێس ئێس دی.

٣- لاپتۆپی Asus ZenBook Flip S UX370

ئەم لاپتۆپە واتە Asus ZenBook Flip S UX370 نوێترینی زنجیرە لاپتۆپی ZenBook Flip Sـی ئەیسوسە، کە دەچێتە ژێر هاوپۆلی جۆری لاپتۆپە ٢ لە ناو ١ ـەکان، ئەمەش واتای وایە وەکو لاپتۆپ و وەکو تابلێتیش کار دەکەن.

ئەم ئامێرە ،Asus ZenBook Flip S UX370، یەکێکە لە ئامێرە جوان و سوکەڵەکانی جۆری خۆی لەسەر ئاستی جیهان، کە بە شێوەیەکی نایاب دیزاین کراوە کە تێیدا شێوەیەکی جوان و ڕوونمایەکی ١٣.٣ ئینجی کۆبووەتەوە، بەشێوەیەک ڕوونماکەی توانای سوڕانی هەیە بە ٣٦٠ پلە. ئەم لاپتۆپە بە نەوەی هەشتەمی Intel Core i7-8550U کاردەکات، کە هاوکارە لە جێبەجێکردنی کارەکانی ڕۆژانەت بە ئاسانی. هەروەک، ئەم ئامێرە خاوەنی گرافیک کاردی جۆری Intel UHD Graphics 620ـە و ڕامیشی دەگاتە ١٦ گێگابایت. هەروەها بیرگەی ناوخۆیی لە جۆری PCIe SSDـیە بە قەبارەی ٥١٢ گێگابایت. شایەنی باسە، ئەم ئامێرە پشتگیری لە پێنوس دەکات و ئامێرێکی نمونەییە بۆ سیستەمی وەگەرخەری ویندۆز ١٠.

٤- لاپتۆپی ئەپڵ Macbook Pro with Touch Bar 13-inch 2018

ئەگەر بەدوای نوێترین لاپتۆپی ئەپڵ بگەڕێیت، ئەوا بێگومان ماکبووک پڕۆی نوێی ١٣ ئینجی بە بوونی تاچباڕ دەدۆزیتەوە. شایەنی باسە، ئەمساڵیش ئەپڵ کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە ناوخۆی ماکبووک پڕۆی ١٣ و ١٥ ئینجی کردووە و لەڕووی توانستەوە بەهێزتری کردوون.

ماکبووک پڕۆی ١٣ ئینجی بە هەریەک لە پڕۆسێسەرەکانی Intel Core i5 و Intel Core i7 چوار ناوکی کە خێراییان دەگاتە دوو ئەوەندە واتە Boost دەکەن بەردەستە، لەگەڵ ڕامی ١٦ گێگابایت و بیرگەی ناوخۆیی تا ٢ تێرابایت لە جۆری ئێس ئێس دی. هەروەها گرافیک کاردی جۆری Intel Iris Plus 655، لەگەڵ چیپی Apple T2 بۆ مەبەستی ئاسایش و پارێزگاری.

بێگومان ئەپڵ بە شێوەیەکی بەرچاو گرنگی بە جوانی دیزایین دەدات، بەڵام بەداخەوە بە نرخێکی زۆر لەچاو ڕکابەرەکانی دەفرۆشرێت، کە ئەوان بە سیستەمی ویندۆز کاردەکەن. کەواتە ئەگەر بیر لە بەکارهێنانی لاپتۆپێکی تر جگە لە ئەپڵ دەکەیتەوە ئەوا باشترین بژاردەکان دێڵ XPS 13 یان هواوەی MateBook X Pro بۆ تۆ، بەڵام ئەگەر تامەزرۆیی بەرهەمەکانی ئەپڵیت ئەوا بێگومان ماکبووک پڕۆ ١٣ ئینج مۆدێلی ٢٠١٨ باشترینە بۆ تۆ.

٥- لاپتۆپی MSI GS65 Stealth

لاپتۆپی MSI GS65 Stealth بە یەکێک لە باشترین لاپتۆپەکانی یاریکردن دێتە هەژمار، ئەمەش بەهۆی تایبەتمەندییە بەرز و پێشکەوتووەکانی، ئەمانیش نەوەی هەشتەمی Intel Core i7-8750H، کە توانستی جێبەجێکردنی بە ٤٠% لە نەوەی پێش خۆی باشترە، وە گرافیک کاردی جۆری ئینڤیدیا GeForce GTX 1070 GPU، لەگەڵ ڕوونمایەکی ١٥.٦ ئینجی کە خاوەن لێواری کەمە و ڕووی ڕوونماکەی ٨٢%ی پێشەوەی گرتووە. هەروەک بە بەراورد بە لاپتۆپی ئەیسوس Zephyrus GX501 بە نرخی گونجاوتر بەردەستە.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ