10
ئامێرە هەمەجۆرەکان 2, تشرینی دووه‌م 2018

کۆمپانیای DJI بە فەرمی کوادکۆپتەری DJI Mavic 2 Entrepriseـی ڕاگەیاند

بێگومان کاتێک دێتە سەر باسی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان یان بە زاراوەیەکی تر کوادکۆپتەرەکان، ئەوا جۆر و قەبارەی زۆر بەردەستن بۆ هەڵبژاردن لە ناویاندا، چونکە جۆری هەیە بە پێوانەی لەپی دەست دەبێت و زیاتر بۆ کاری سادە و خۆشیە، بەڵام ئەوانەی کە قەبارەیان گەورەیە زۆرینەیان بۆ کاری فۆتۆگرافی و تۆمارکردنی ڤیدیۆ بەکاردەهێندرێن، هەروەها لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا بۆ گواستنەوەی کەلوپەل و چاودێریش سودیان لێ وەردەگیرێت. بەم بۆنەیەوە، کۆمپانیایی DJI بە فەرمی پەردەی لەسەر کوادکۆپتەری DJI Mavic 2 Entreprise لادا.

بە پێچەوانەی کوادکۆپتەری DJI Matrice، ئەوا کوادکۆپتەری DJI Mavic 2 Enterprise نوێ زیاتر ئامانج لێی کۆمپانیا بچوک و مامناوەندەکان و ئەو کەسانەیە کە بە نیازی بەکارهێنانی کوادکۆپتەرن و پێویستیان بە هەموو ئەم تایبەتمەندیە زۆر و بەرزانە نییە کە لە DJI Matrice دا هەن، وە هەروەها نایانەوێت بودجەیەکی گەورەی بۆ تەرخان بکەن.

شایەنی باسە، کوادکۆپتەری DJI Mavic 2 Enterprise خاوەنی کامێرایەکی ١٢ مێگاپێکسڵییە کە لە هەڵگرێکی سێ تەوەری دایە، کامێراکە خاوەنی ٢ جار نزیککردنەوەی Opticalـە و ٣ جار نزیککردنەوەی دیجیتاڵییە، کە بە گوێرەی DJI  ئەم تایبەتمەندییانە هاوکار و یارمەتیدەرن لە کرداری گەڕان و دۆزینەوە و ڕزگارکردن و پشکنین، چونکە بەهۆی ئەو کامێرایانەوە دەتوانرێت نزیکتر شتەکان ببینرێن و سودیان لێ وەربگیرێت بۆ ئەو شوێنانەی دەست گەیشتن پێیان ئەستەم و مەترسیدارە.

هەروەها ئەم کوادکۆپتەرە پشتگیری لە پێوەکراوەی تر دەکات، بۆ نمونە ڕووناکی و بڵندگۆ و پێوەکراوەی تریش. هەروەک ئەم فڕۆکەیە تایبەتمەندی تری ئاسایشی وەکو DJI AirSenseـي هەیە کە ڕێگە بەو کەسە دەدات کە فڕۆکەکەیان فڕاندووە بزانن فڕۆکەی تر لەو ناوچەیە هەن، ئەمەش سودی دەبێت بۆ زانینی جموجۆڵی زۆری هاتوچۆ لەو شوێنەی کە فڕۆکەکەت لێ فڕاندووە.

شایەنی باسە، کوادکۆپتەرەکە خاوەنی بیرگەیەکی ٢٤ گێگابایتی ناوخۆییە بۆ تۆماری ڤیدیۆ و وێنەکان. هەروەک دەتوانرێت بە وشەی نهێنی بپارێزرێت و تەنها ئەوانە دەتوانن بیفڕێنن کە وشە نهێنیەکە دەزانن. ئەمە سەرباری ئەوەی خاوەنی جی پی ئێسە بۆ مەبەستی پێدانی وردەکاری لە وێنە و ڤیدیۆ گیراوەکان.

نرخی ئەم کوادکۆپتەرە نزیکەی ٢٠٠٠ دۆلاری ئەمریکییە و لە فڕۆشگا باوەڕپێکراوەکانی DJI دەستدەکەوێت.

سەرچاوە :
تاگەکان DJI
بۆچونی تۆ