سامسۆنگ
22, كانونی یهكهم 2018
سامسۆنگ خزمەتگوزاری Google Assistant بۆ تەلەفیزیۆنە زیرەکە نوێیەکانی ساڵی داهاتووی زیاد دەکات

سامسۆنگ لە بواری تەکنەلۆژیای ناوماڵیشدا یەکێکە لە پێشەنگەکان، هەر بەو بۆنەیەوە دەیەوێت لە ڕێگای زیادکردنی خزمەتگوزاری ژیری دەنگی Google Assistantـهوه کار ئاسانی بۆ خاوەن تەلەفیزیۆنە زیرەکەکانی بکات.
لە ئێستادا خزمەتگوزاری ژیری دەنگی Bixby گەشەپێدراو لەلایەن سامسۆنگ بوونی هەیە لە نێو تەلەفیزیۆنە زیرەکەکانی سامسۆنگدا، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی پشتی پێ نابەسترێت لە لایەن بەکارهێنەرانەوە بە هۆی لاوازی ئاستی وەڵامدانەوە و گرفت و خاوی خزمەتگوزارییە دەنگیەکە. هەر بۆیە سامسۆنگ لە پلانیدایە پشت لە خزمەتگوزارییە دەنگیەکەی بکات و Google Assistant بکات بە جێگرەوەی لە تەفیزیۆنە زیرەکەکاندا.
بە زیادکردنی خزمەتگوزاری Google Assistant لە لایەن سامسۆنگەوە بۆ تەلەفیزیۆنە زیرەکەکانی، تەنها تەلەفیزیۆنە زیرەکە نوێیەکان دەگرێتەوە و ئاماژە بە پشتگیری کردنی لەلایەن تەلەفیزیۆنە زیرەکە کۆنەکاندا نەکراوە. هەروەها چۆنیەتی بەکارهێنانی ناڕوونە، بەڵام پێشبینی دەکرێت هاوشێوەی تەلەفیزیۆنە زیرەکەکانی LG و لە ڕێگای کۆنتڕۆڵەوە خزمەتگوزارییە دەنگییەکە بەکاربهێنرێت.
خزمەتگوزاری دەنگی ژیری Google Assistant پەرەپێدراو لە لایەن گووگڵ، لە ئێستادا لەسەر ژمارەیەکی زۆری تەلەفۆنە زیرەکەکان و تابڵێتەکانی کارپێکراو بە سیستەمی ئەندرۆید و بڵندگۆ زیرەکەکاندا وەکو خزمەتگوزارییەکی سەرەکی دەنگی ژیری پشتی پێ دەبەسترێت، بە ئەنجامدانی کاری ئاماژەپێدراو لە لایەن سامسۆنگەوە ئەوا هێندەی تر بەکارهێنەران دەتوانن پشت بە Google Assistant ببەستن بۆ وەرگرتنی وەڵامی پرسیارەکانیان و کار ئاسانی بۆیان.
ماکوان بەرزان
نووسەر و بەڕێوەبەری نووسین لە کەی ئای تی ئێن. گەشەپێدەری iOS، هەواداری و خوێندکاری پەیمانگەی زانستی کۆمپیوتەر.