مۆبایل و تابلێت

کۆمپانیای Energizer ٢٦ مۆبایلی نوێ بە کامێرای پێشەوەی دەرکەوتەوە و پاتری 18.000 ملی ئەمپێرییەوە ڕادەگەیەنێت

ڕەنگە تاوەکو ئێستا گوێبیستی ناوی کۆمپانیای Energizer نەبووبێتیت لە جیهانی مۆبایلە زیرەکەکاندا، بەڵام لەمەودوا کۆمپانیاکە دێتە نێو ڕکابەری بازاڕی مۆبایلە زیرەکەکان بە ڕاگەیاندنی 26 مۆبایلی نوێ لە کۆنگرەی جیهانی مۆبایل Mobile World Congress کە هەندێکیان خاوەنی کامێرای پێشەوەی دەرکەوتە و پاترییەک بە توانستی 18.000 ملی ئەمپێری و ڕوونمای چەماوە دەبن. خۆشحاڵانە لە پێش نمایشکردنیان هەندێک زانیاری دەربارەی هەندێک لە مۆبایلە نوێیەکانی کۆمپانیاکە لەبەر دەستتدان

لەو مۆبایلانەی کە کۆمپانیاکە نمایشیان دەکات ناویان Energizer Ultimate U620S Pop و Energizer Ultimate U630S Pop دەبێت. مۆبایلی Energizer Ultimate U620S Pop خاوەن ڕوونمایەک دەبێت بە قەبارەی 6.2 ئینج و نۆچ و کامێرا لەسەر ڕووی ڕوونماکەیدا بوونی نابێت، ڕەنگە پێت سەیر بێت کە گوێبیست بوویت مۆبایلەکە خاوەن کامێرا نابێت لەسەر ڕووی ڕوونماکەی، بەڵکو مۆبایلەکە خاوەن 2 کامێرای پێشەوە دەبێت لە دەرەوەی ڕوونماکەی و لە بەشی سەرەوە کە لە کاتی پێویستدا بەدەر دەکەون. 2 کامێرا دەرکەوتەکەی پێشەوەی مۆبایلەکە ڕوونییان 16 و 2 مێگاپێکسڵ دەبن، هەروەها لە پشتەوە خاوەن 3 کامێرا دەبێت بە ڕوونی 16 و 5 و 2 مێگاپێکسڵ. مۆبایلەکە خاوەنی پڕۆسێسەری MediaTek Helio P70 دەبێت لەگەڵ ڕامێک بە فراوانی 6 گێگابایت و بیرگەیەک بە قەبارەی 128 و پاترییەک بە توانستی 3.200 ملی ئەمپێر، هەروەها مۆبایلەکە خاوەنی هەستەوەری پەنجەمۆر دەبێت لەسەر دوگمەی هەڵبوون و خاوەن دەرچەی بارگاویکردنەوەی جۆری USB-C دەبێت و پشتگیری لە بارگاویکردنەوەی خێرا دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا وەشانی ئەندرۆید پای لەسەر جێگیر دەبێت. وا بڕیارە لە مانگی 7 ـی ئەمساڵدا بەردەست بکرێت.enegizer_u620s_pop_1

هەرچی دەربارەی مۆبایلی Energizer Ultimate U630S Pop ـە، کەمێک تایبەتمەندی نزمترە لە جۆری یەکەم. مۆبایلەکە خاوەن ڕوونمایەک دەبێت بە قەبارەی 6.3 ئینج، هاوشێوەی جۆری یەکەم ئەمیشیان نۆچ و کامێرای پێشەوە لەسەر ڕوونماکەیدا نییە و خاوەن 2 کامێرای پێشەوەیە لە دەرەوەی ڕوونماکەیدا بە ڕوونی 16 و 2 مێگاپێکسڵ، هەروەها خاوەن دوو کامێرایە لە پشتەوە بە ڕوونی 16 و 2 مێگاپێکسڵ لەگەڵ هەبوونی هەستەوەری پەنجەمۆر. مۆبایلەکە خاوەن پڕۆسێسەری جۆری MediaTek Helio P22 دەبێت لەگەڵ ڕامێک بە فراوانی 4 گێگابایت و بیرگەیەک بە قەبارەی 64 گێگابایت و پاترییەکی فراوانتر لە جۆری یەکەم بە توانستی 3.500 ملی ئەمپێر. ئەمیشیان خاوەن دەرچەی بارگاویکردنەوەی جۆری USB-C دەبێت و پشتگیری لە بارگاویکردنەوەی خێرا دەکات و وەشانی ئەندرۆید پای لەسەر جێگیر دەبێت. وا بڕیارە لە مانگی 6 ـی ئەمساڵدا بەردەست بکرێت.enegizer_u630s_pop_1

جۆرەکانی تری مۆبایلی کۆمپانیاکە ناویان U650S و U620S و U570S دەبن. هەرسێکیان خاوەن نۆچی دڵۆپەیی دەبن لەسەر ڕووی ڕوونماکانیان، مۆبایلەکان خاوەن کامێرایەک دەبن لە ڕووی پێشەوە بە ڕوونی 16 مێگاپێکسڵ لەگەڵ 2 کامێرا لە پشتەوە بە ڕوونی 16 و 2 مێگاپێکسڵ. هەرسێکیان لە ناوەڕاستەکانی ئەمساڵدا بەردەست دەبن و نرخیان ئاشکرا نەکراوە.

تاوەکو ئێستا ناو و زانیاری لەسەر مۆبایلە پاتریییە 18.000 ملی ئەمپێری و ڕوونما چەماوەی کۆمپانیاکە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام ئەوەی پێویستە لەسەرمان چاوەڕوانی دەستپێکردنی کۆنگرەی جیهانی مۆبایل Mobile World Congress بکەین کە وا بڕیارە لە 25 ـی ئەم مانگەدا لە شاری بەرشەلۆنەی ئیسپانیا دەست پێبکات و ماوەی 3 ڕۆژ دەخایەنێت.

سەرچاوە :

9to5Google, GSMArena

3 شوبات، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری پەیمانگای کۆمپیوتەرم، شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. لەگەڵ جیهانی تەکنەلۆژیادا تێکەڵم و ئاگاداری دواین هەواڵەکانی تەکنەلۆژیام بە گشتی. خولیام بۆ ته‌كنه‌لۆژیا وای كرد كه‌ له‌ كه‌ی ئای تی ئێن درێژە بە خزمەتەکانم بدەم و بەردەوامبم لە گەیاندنی هەواڵە گرنگ و نوێیەکانی تەکنەلۆژیا بە شێوەیەکی درووست بە خوێنەرانی کورد.
432