10
ئامێرە هەمەجۆرەکان 28, ئایار 2019 بۆچوون

ئەپڵ نەوەی حەوتەمی iPod Touch ـی بە پڕۆسێسەری A10 Fusion و زیاترەوە ڕاگەیاند

بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو، کەمێک پێش ئێستا ئەپڵ نەوەی حەوتەمی لە ئامێری iPod Touch بە پڕۆسێسەری A10 Fusion و پشتگیری کردن لە AR و پەیوەندی بە کۆمەڵی FaceTime و زیاترەوە ڕاگەیاند.

ئایپۆد تەچە نوێیەکە خاوەن هەمان دیزاینی نەوەی پێش خۆیەتی کە لە ساڵی 2015 ڕاگەیەندرا. ئەم نەوەیەی ئایپۆد تەچ خاوەن پڕۆسێسەری A10 Fusion و بیرگەی 32 و 128 و 256 گێگابایتیە. بە هەمان شێوە، ئەم نەوەیەش خاوەن ڕوونمایەکی قەبارە 4 ئینج و چوارچێوە زۆرە، هەروەها خاوەن هیچ هەستەوەرێکی ئاسایشیی وەک پەنجەمۆر و ناسێنەرەوەی دەمووچاو نییە.

ئەوەی ئەم نەوە نوێیە جیا دەکاتەوە لە نەوەی پێش خۆی، پشتگیری کردنە لە ڕاستی خەیاڵی (ARKit) و پەیوەندی بە کۆمەڵی FaceTime و توانای بەژداربوونی خزمەتگوزاری Apple Arcade. هەروەها خێرایی کردارەکان و گرافیکی 2 هێندە زیاترە لە چاو نەوەی پێش خۆی، سوپاس بۆ پڕۆسێسەری A10 Fusion.

ئەوەی نائومێدکەرە لەم نەوە نوێیەی ئایپۆد تەچدا، بەکارهێنانی پڕۆسێسەری A10 Fusion ـە، لە کاتێکدا کە ئەپڵ ئەو پڕۆسێسەری لە ساڵی 2016 ـەدا و لە ئایفۆن 7 و 7 پڵەسدا بەکار هێنابوو، بە لایەنی کەمەوە باشتر دەبوو ئەگەر پڕۆسێسەری A11 ـی لەسەر جێگیر ببووایە.

نەوەی حەوتەمی ئایپۆد تەچ بە نرخی دەستپێکی 199$ و بە ڕەنگەکانی خۆڵەمێشی، سپی، ئاڵتونی، شین، پەمەیی، سوور PRODUCT)RED) لە ئەمڕۆوە و لە ماڵپەڕی فەرمی ئەپڵ بەردەست دەبێت و لە کۆتایی ئەم هەفتەیەش لە کۆگا فەرمییەکانی ئەپڵ بەردەست دەبێت.

نرخەکان

  • بیرگەی 32 گێگابایت : 199$
  • بیرگەی 128 گێگابایت : 299$
  • بیرگەی 256 گێگابایت : 399$

ڕاگەیاندنی نەوەیەکی نوێ لە ئایپۆد تەچ پشتگیری کردنی وەشانە نوێیەکانی iOS و بەردەوامبوون لەسەر بەرهەمهێنانی ئامێرەکەمان لە لایەن ئەپڵەوە بۆ دووپات دەکاتەوە.

کەمتر لە هەفتەیەک ماوە بۆ دەستپێکردنی کۆنگرەی WWDC 19(زیاتر بخوێنەوە).

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ