10
ئەپڵ 2, حوزه‌یران 2019

ئەپڵ سەرجەم بڵاوکراوەکانی لە پەڕە فەرمییەکانی iTunes سڕییەوە و بەستەری گۆرانییەکانی کۆگاکەشی گۆڕی

پێشووتر ئاماژەمان پێدا کە ڕەنگە ئەمساڵ کۆتا ساڵی ئەپی iTunes بێت و ئەپڵ بە یەکجاری کۆتایی بە ئەپەکە بهێنێت. بەڵام هیچ پێشبینییەک دەربارەی چارەنووسی کۆگای ئەپەکە بوونی نەبوو، تەنانەت دەگوترا کە ئەستەمە ئەپڵ هێندە بە ئاسانی دەستبەرداری کۆگاکە ببێت. بەڵام چەند نیشانەیەک، پێمان دەڵێن کە کۆتایی کۆگاکەش نزیکە.

دوێنێ سەرنج درا کە ئەپڵ سەرجەم بڵاوکراوەکانی لە پەڕە فەرمییەکانی کۆگای iTunes لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبووک و ئینستەگرام سڕییەوە. ئێستا پەڕە فەرمییەکانی کۆگاکە لە فەیسبووک و ئینستەگرام هیچ بڵاوکراوەیەکیان تێدا نەماوە.

بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بڵاوکراوەیەک لە پەڕەی فەرمی کۆگاکە لە تویتەر نەسڕاونەتەوە.

هەروەها یەکێک بە ناوی Craig Hockenberry لە تویتەر جریوەیەکی بڵاوکردۆتەوە و تێیدا ڕایگەیاندووە کە سەرنجی داوە بەستەری هەندێک لە گۆرانی و گۆرانیبێژەکانی نێو کۆگای iTunes لە itunes.apple.com ـەوە گۆڕاون بۆ music.apple.com.

بە پێی ئەم نیشانانە بێت، ئەپ و کۆگای iTunes تەمەنێکی زۆر کەمیان ماوە و ڕەنگە ئەپڵ لە کۆنگرەی WWDC 19 ـی سبەینێیدا ڕاگەیاندنی کۆتاییهێنانیان ڕابگەیەنێت.

پێشووتر ڕامانگەیاند کە ڕەنگە ئەپڵ لەگەڵ ڕاگەیاندنی وەشانی نوێی macOS 10.15 ـەدا، کۆتایی بە ئەپی iTunes بهێنێت. هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وێنەی ڕووکاری ئەپە نوێیەکانی Music و TV لە وەشانی macOS 10.15 ـەدا دزەیان پێکرا.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ