10
ئەپڵ 19, حوزه‌یران 2019 بۆچوون

ئەپڵ لە پلانیدا شوێنی بەرهەمهێنانی ژمارەیەک لە ئامێرەکانی بگوازێتەوە بۆ دەرەوەی وڵاتی چین

بە پێی ڕاپۆرتێکی پێگەی Nikkei، ئەپڵ دەیەوێت شوێنی بەرهەمهێنانی 15% بۆ 30% ـی ئامێرەکانی بگوازێتەوە بۆ دەرەوەی وڵاتی چین. هەروەها کۆمپانیاکە بە سەرپەرشتی تیمێک کردارەکە ئەنجام دەدات.

ئەپڵ داوای لە کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی وەک Foxconn و Pegatron و Wistron کردووە تاوەکو کرداری بەرهەمهێنانی ژمارەیەک لە ئامێرەکانی لە دەرەوەی چین بۆ ئەنجام بدەن. ئەمەش لە دوای ئەو جەنگە بازرگانییە سەختەی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دەوڵەتی چیندا کە چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتاییەکانی ئەم مانگەدا چین بڕی 25% ـی باج بخاتە سەر ئامێرەکانی وەک مۆبایل و لاپتۆپ و تابڵێتەکان. هەر بۆیە ئەپڵ دەیەوێت بەرهەمهێنانی ژمارەیەک لە ئامێرەکانی بگوازێتەوە بۆ دەوڵەتێک کە بە دوور بێت لە جەنگە بازرگانییەکەی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و چین.

هەرچەندە دەگوترێت کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا داوای لە کۆمپانیای ئەپڵ کردووە کە بە یەکجاری شوێنی بەرهەمهێنانی سەرجەم ئامێرەکانی لە چینەوە بگوازێتەوە بۆ ناوخۆی ئەمریکا، بەڵام وا دیارە ئەپڵ دەیەوێت گواستنەوەکە بۆ یەکێک لە دەوڵەتەکانی کیشوەری ئاسیا ئەنجام دەدات. ئەمەش بە مەبەستی زیادنەبوونی بڕی باج لەسەر ئامێرەکان و گران نەبوونی نرخیان.

بە پێی ڕاپۆرتەکەی پێگەی Nikkei، ئەو دەوڵەتانەی کە پێشبینی دەکرێت ئەپڵ گواستنەوەکەی بۆ ئەنجام بدات یەکێک لە دەوڵەتەکانی هیندستان و ڤێتنام دەبێت. پێشووتر ئەپڵ ژمارەیەک ئایفۆنی نرخ هەرزانی لە هیندستان بەرهەمهێنابوو، هەر بۆیە هیندستان ئەگەرێکی بەهێزە و ڕەنگە ئەپڵ ئایفۆنە نرخ گرانەکانیش هەر لەوێ بەرهەم بهێنێت. دەوڵەتەکانی مەکسیک و ئەندەنوسیا و مالیزیاش وەکو گریمانە دانراون. کۆمپانیای Foxconn ـیش ڕەزامەندی لەسەر گواستنەوەکە دەربڕیوە و دەڵێت ئەگەر پێویست بکات گواستنەوەی شوێنی بەرهەمهێنانی ئایفۆنەکان بۆ دەرەوەی چین ئەنجام دەدات.

بە گواستنەوەی شوێنی ژمارەیەک لە بەرهەمەکانی ئەپڵ، بواری لۆجیکی کۆمپانیا دابینکەرەکانی دەوروبەری ئەپڵ زیاد دەکات. بەڵام پڕۆسەکە ئازار بەخش و جیاواز دەبێت. دابینکەرێک بە پێگەی Nikkei ـی ڕاگەیاندووە کە ئەو وڵاتەی کە گواستنەوەکەی بۆ ئەنجام دەدرێت، پێویستە خاوەن کرێکاری کارامە و ژێرخانێکی ئابووری بەهێز بێت. چاوەڕوان دەکرێت گواستنەوەکە ماوەیەکی زۆر بخایەنێت و بە لایەنی کەمەوە ڕەنگە 18 مانگ بخایەنێت، وە ڕەنگە ئەنجامەکانیش تاوەکو 2 بۆ 3 ساڵ بەدیار بکەون.

ئەپڵ هەلی کاری بۆ زیاتر لە 5 ملیۆن هاوڵاتی چینی لە ناوخۆی وڵاتەکەدا دابین کردووە، ڕوون نییە کە بە گواستنەوەی شوێنی بەرهەمهێنانی 15% بۆ 30% ـی ئامێرەکانی ئەپڵ چەند کەس کارەکانیان لە دەست دەدەن. جۆری ئەو ئامێرانەی ئەپڵ کە گواستنەوەی بەرهەمهێنانیان بۆ ئەنجام دەدرێت نەزانراون.

تاوەکو ئێستا ئەپڵ گواستنەوەی شوێنی بەرهەمهێنانی ژمارەیەک لە ئامێرەکانی پشتڕاست نەکردۆتەوە.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ