جۆراوجۆر 26, حوزه‌یران 2019

ڤیڤۆ تەکنەلۆژیای بارگاویکردنەوەی خێرای Vivo Super FlashCharge ـی بە خێرایی 120 واتەوە ڕاگەیاند

لە کۆنگرەی MWC لە شاری شەنگەهای چیندا، کۆمپانیای ڤیڤۆ تەکنەلۆژیای بارگاویکردنەوەی خێرای Vivo Super FlashCharge ـی بە خێرایی 120 واتەوە ڕاگەیاند.

تەکنەلۆژیای Vivo Super FlashCharge لە ئێستادا خێراترین تەکنەلۆژیای خێرا بارگاویکردنەوەی مۆبایلەکانە. لە توانایدایە بە خێرایی 120 وات و 20 ڤۆڵتەوە پاتری مۆبایلەکان بارگاوی بکاتەوە. بەمەش تەکنەلۆژیاکە لە توانایدایە مۆبایلێکی خاوەن پاتری 4,000 ملی ئەمپێری لە 0% بۆ 50% بە 5 خولەک بارگاوی بکاتەوە و بە 13 خولەک تاوەکو 100% بارگاوی بکاتەوە.

تەکنەلۆژیاکە لەو کاتانەدا کار دەکات کە مۆبایلەکە لە ڕێگای دەرچەی USB-C ـەوە بارگاوی بکرێتەوە. ڤیڤۆ لە تەکنەلۆژیاکەدا جێگرەوەی خولی کەمکردنەوەی ڤۆڵتاجی بە یەکەی کۆنتڕۆڵکردنی بچووک (Micro Controller Unit) کردووە. هەروەها سیستەمی بەڕێوەبردنی پاتری (Battery Management System) کاردانەوەی هاوسەنگی توانستی بارگاویکردنەوە ئەنجام دەدات.

پێشبینی دەکرێت مۆبایلی Vivo iQOO 5G یەکەمین مۆبایل بێت کە پشتگیری لە تەکنەلۆژیای Vivo Super FlashCharge بکات کە وا بڕیارە لە 3 مانگی داهاتوودا بەردەست بکرێت.

لە ماوەی ڕابردوودا شاومی تەکنەلۆژیای بارگاویکردنەوەی خێرای Super Charge Turbo ـی خێرایی 100 واتەوە ڕاگەیاند. بەڵام تەکنەلۆژیاکەی ڤیڤۆ بەسەر شاومیدا سەرکەوت و بووە خێراترین تەکنەلۆژیای بارگاویکردنەوەی خێرای مۆبایلەکان لە ئێستادا.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ