گەرمترین
9, ئهیلول 2019
وێنە و تایبەتمەندییەکانی مۆبایلی Vivo V17 Pro دزەیان پێکرا

ئەمە یەکەمجار نییە کە وێنە و زانیارییەکانی مۆبایلی Vivo V17 Pro دزەیان پێدەکرێت، بەڵام ئەمجارە تەواوی دیزاینی مۆبایلەکە و گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئاشکرا بوون.
بە پێی چەند وێنەیەک بێت کە بە دەست پێگەی WinFuture کەوتوون، مۆبایلی نوێی Vivo V17 Pro ـی کۆمپانیای Vivo لە پشتەوە خاوەن 4 دانە کامێرای ڕوون بەرز دەبێت و لە پێشەوەش خاوەن 2 کامێرا دەبێت کە لە دەرەوەی ڕوونماکەیدا دەبن و لە جۆری دەرکەوتە دەبن.
هەر بە پێی کۆمەڵێک زانیاری دزەپێکراو کە هەمان پێگە بڵاوی کردۆتەوە، مۆبایلی نوێی Vivo V17 Pro خاوەن ڕوونمایەکی قەبارە 6.44 ئینجی دەبێت لە جۆری Super AMOLED و بە وردی نیشاندانی 1080 بە 2440 پێکسڵ و بە چێوەی 21:9، هەروەها هەستەوەری پەنجەمۆریش لەسەر ڕوونمایەکدا جێگیر دەکرێت. ڕوونی کامێرایەکی پشتەوەی 48 مێگاپێکسڵ دەبێت و ڕوونی 2 کامێرا دەرکەوتەکەی پێشەوەشی 32 و 2 مێگاپێکسڵ دەبن.
سەبارەت بە ڕەقەکاڵاکانی دیکەی، بە هەمان شێوەی مۆبایلی V15 Pro، ئەم نەوەیەی زنجیرەی V ـیش پڕۆسێسەری Snapdragon 675 ـی لەسەر جێگیر دەکرێت و خاوەن ڕامێک دەبێت بە فراوانی 8 گێگابایت و لەگەڵ بیرگەیەکی ناوەکیدا بە قەبارەی 128 گێگابایت. هەروەها خاوەن پاترییەک دەبێت بە توانستی 4,100 ملی ئەمپێر.
تاوەکو ئێستا ڕێکەوتی ڕاگەیاندنی مۆبایلەکە نەزاندراوە، بەڵام پێشبینی ناکرێت کاتێکی هێندە درێژ بخایەنێت.
ماکوان بەرزان
نووسەر و بەڕێوەبەری نووسین لە کەی ئای تی ئێن. گەشەپێدەری iOS، هەواداری و خوێندکاری پەیمانگەی زانستی کۆمپیوتەر.