10
ئەپڵ 9, ئه‌یلول 2019 بۆچوون

سەرجەم ئەو بەرهەمانەی پێشبینی دەکرێن لە کۆنگرەی تایبەتی ئەپڵ لە سبەینێدا نمایش بکرێن

کەمتر لە ڕۆژێکمان ماوە بۆ دەستپێکردنی کۆنگرەی By innovation only ـی ئەپڵ تایبەت بە نمایشکردنی نوێترین بەرهەمەکانی کۆمپانیا ئەمریکییەکە. هاوشێوەی ساڵانی دیکە، پێشبینی دەکرێت زیاتر لە بەرهەمێک لەم کۆنگرە تایبەتەی ئەپڵدا نمایش بکرێت.

ئەمانەی خوارەوە سەرجەم ئەو بەرهەمانەن کە پێشبینی دەکرێت ئەپڵ لە کۆنگرەی By innovation only ـی سبەینێدا نمایشیان بکات:

  • ئایفۆنە نوێیەکان

گومان لەوەدا نییە کە یەکێک لە بەرهەمە نوێیەکانی کۆنگرەکەی سبەینێ، بریتی دەبێت لە چەند نەوەیەکی نوێی ئایفۆن. پێشبینی دەکرێت ئەپڵ 3 جۆر لە مۆبایلی ئایفۆن بە ناوەکانی iPhone 11 و iPhone 11 Pro و iPhone 11 Pro Max نمایش بکات. چاوەڕوان دەکرێت دیارترین گۆڕانکاری لە کامێرای ئایفۆنە نوێیەکاندا ئەنجام بدرێت و ژمارەی کامێراکانی بکرێن بە 3 دانە کامێرا.

سەبارەت بە نرخی ئایفۆنە نوێیەکان، پێشبینی دەکرێت iPhone 11 خاوەن نرخێکی مامناوەند بێت لە چاو iPhone 11 Pro و iPhone 11 Pro Max ـە و iPhone 11 Pro Max بەرزترین نرخ بە خۆیەوە ببینێت.


  • زنجیرەی پێنجەمی کاتژمێری زیرەکی Apple Watch

بە پێی پڕوپاگەندەکانی ماوەی ڕابردوو بێت، وا دیارە ئەپڵ دەیەوێت درێژە بە بەردەستکردنی نەوەی نوێ لە کاتژمێری زیرەکی Apple Watch بدات. پێشبینی دەکرێت زنجیرەی پێنجەمی کاتژمێری زیرەکی Apple Watch خاوەن پڕۆسێسەری نوێی S5 ببێت بە خێراییەکی زۆر لە چاو نەوەی پێشووتریەوە. هەروەها پێشبینی دەکرێت گرنگترین تایبەتمەندی زنجیرە نوێیەکەی Apple Watch، بریتی بێت لە تایبەتمەندی پێوانەکردنی خەو.


  • Apple Tag

پڕوپاگەندەکان دەڵێن ئەپڵ ئامێرێکی نوێ بە ناوی Apple Tag ـەوە ڕادەگەیەنێت، ئامێرەکە قەبارەی بچووک دەبێت و بە کەلوپەلە لاوەکییەکانی وەک کلیل و پاستکیل و جانتاوە دەبەسترێت بە مەبەستی دۆزینەوەی شوێنەکانیان لە کاتی ونبوونیاندا. شوێنی ئامێرە پەیوەستکراوەکانی Apple Tag لە ڕێگەی ئەپی نوێی Find My ـەوە دەدۆزرێتەوە.


  • نەوەیەکی نوێ لە ئامێری Apple TV

هەرچەندە ڕاگەیاندنی نەوەیەکی نوێ لە ئامێری Apple TV ئەگەرێکی زۆر بەهێز نییە، بەڵام پڕوپاگەندەکان دەڵێن لە کۆنگرە تایبەتەکەی سبەینێی ئەپڵدا، کۆمپانیاکە نەوەیەکی نوێ لە ئامێری Apple TV بە پڕۆسێسەری A12 ـەوە نمایش دەکات. لە ساڵی 2017 ـەوە ئەپڵ هیچ نەوەیەکی نوێی لە ئامێرەکە ڕانەگەیاندووە، ئێستا کاتێکی شیاوە بۆ ڕاگەیاندنی نەوەیەکی نوێ لە ئامێری Apple TV.


  • نەرمەکاڵا

لە کۆنگرەی WWDC 19 ـی ئەپڵ لە ماوەی ڕابردوودا، کۆمپانیاکە هەریەکە لە وەشانەکانی iOS 13 و iPadOS و watchOS 6 و tvOS و HomePod و macOS 10.15 Catalina ـی ڕاگەیاند و بە شێوەی تاقیکاری بەردەستی کردن. پێشبینی دەکرێت لە کۆنگرەکەی سبەینێدا، ئەپڵ وەشانە نوێیەکانی سیستەمە ناوبراوەکان بە شێوەیەکی فەرمی بۆ سەرجەم بەکارهێنەران بەردەست بکات، یاخود ڕێکەوتی بەردەستکردنیان بە شێوەیەکی فەرمی بۆ هەمووان ڕابگەیەنێت.


  • خزمەتگوزاری نوێ

لە سەرەتاکانی ئەمساڵدا، کۆمپانیای ئەپڵ هەریەکە لە خزمەتگوزارییەکانی Apple Arcade ـی تایبەت بە یاریکردن و +Apple TV ـی تایبەت بە سەیرکردنی فیلم و زنجیرە جیهانییەکان ڕاگەیاند. بەڵام کۆمپانیاکە تاوەکو ئێستا هیچکام لە خزمەتگوزارییە ناوبراوەکانی بەردەست نەکردووە و نرخی بەژداربوونی مانگانەشیان بە نادیاری ماونەتەوە.

پێشبینی دەکرێت نرخی بەژداریکردنی مانگانەی خزمەتگوزاری Apple Arcade لە 4.99$ ـەوە دەست پێبکات و نرخی +Apple TV ـیش لە 9.99$ ـەوە دەست پێبکات.


  • MacBook Pro ـی قەبارە 16 ئینج

ژمارەیەک لە پڕوپاگەندەکانی ماوەی ڕابردوو، دەیانگوت کە لە کۆتاییەکانی ئەمساڵدا کۆمپانیای ئەپڵ بۆ یەکەمجار لاپتۆپی MacBook Pro بە قەبارەی 16 ئینجەوە ڕادەگەیەنێت. پێشبینی دەکرێت MacBook Pro نوێیەکە خاوەن دیزاینێکی نوێ و جۆرێکی باشتری تەختەکلیل ببێت.


لە سەرەتاکانی ئەمساڵدا، ئەپڵ کۆمپوتەری Mac Pro و ڕوونمای Pro XDR ـی ڕاگەیاند. بەڵام کۆمپانیاکە ئاماژەی بە ڕێکەوتی بەردەستکردنی کۆمپیوتەر و ڕوونما گرانبەهاکە نەدا. پێشبینی دەکرێت سبەینێ ئەپڵ لە کۆنگرەکەدا ڕێکەوتی بەردەستکردنیان ئاشکرا بکات، بەڵام ڕەنگە ئەمە بەلاتەوە گرنگ نەبێت، چونکە نرخی کۆمپیوتەری Mac Pro لە 4,999$ ـەوە دەست پێدەکات و ڕوونماکەش نرخی 1,000$ ـە.


  • شتێکی زیاتر…؟

جیاواز لە زۆرینەی کۆمپانیاکانی دیکە، ئەپڵ هەموو ساڵێک سوپرایزی تایبەت ئەنجام دەدات لە کۆنگرە تایبەتەکانیدا. پێشبینی دەکرێت سوپرایزی ئەمساڵی ئەپڵ ڕاگەیاندنی نەوەیەکی نوێ لە ئامێری iPad Pro، چاویلکەی ڕاستی خەیاڵی AR، نەوەیەکی نوێ لە بیستۆکی بێوایەری AirPods، نەوەیەکی نوێ لە بڵندگۆی HomePod، یاخود نمایشکردنەوەی بارگاویکەرەوەی بێوایەری AirPower ببێت. کێ دەزانێت؟

کۆنگرەی By innovation only لە شانۆی Steve Jobs لە بارەگای Apple Park لە شاری کۆپێرتینۆی ویلایەتی کالیفۆڕنیای ئەمریکا لە کاتژمێر 8:00 ـی ئێوارەدا بە کاتی هەولێری پایتەختی کوردستان بەڕێوە دەچێت.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ