ئەپڵ

سەرجەم ڕاگەیاندراوەکانی کۆنگرەی تایبەتی ئەپڵی دوێنێ شەو

دوێنێ شەو، کۆمپانیای ئەپڵ کۆنگرەی تایبەتی خۆی لە ژێر ناوی “By innovation only” ـدا ئەنجامدا، تێیدا نوێترین جۆرەکانی لە مۆبایلی ئایفۆن و چەند بەرهەمێکی دیکە ڕاگەیاند. ئەگەر بە هەر هۆکارێک کۆنگرەکەی دوێنێ شەوی ئەپڵت لەدەست چووە، یاخود ئاگاداری تەواوی ڕاگەیاندراوەکانی کۆنگرەکە نەبوویت، لەم بابەتەدا سەرجەم ڕاگەیاندراوەکانی دوێنێ شەوی کۆنگرەکەی ئەپڵ بوونیان هەن.

  • iPhone 11

گومانی تێدا نییە، کە لە کۆنگرە تایبەتەکەی ئەمساڵی ئەپڵدا ئایفۆنی نوێ بوونی هەبوو. مۆبایلی نوێی iPhone 11 بە 2 دانە کامێرا و بە 6 ڕەنگی جیاواز و بە نرخێکی مامناوەندەوە نمایشکرا. ئایفۆنە نوێیەکە، دیزاینی زۆر نزیکە لە iPhone XR ـی ساڵی ڕابردوو، تەنها ئەوە نەبێت کە خاوەن 2 دانە کامێرای شێوە ڕێکخراوی جیاوازە لە پشتەوە و وێنۆچکەی سێوەکە هێندراوەتە ناوەڕاست. نرخی ئایفۆنە نوێیەکە لە 699$ ـەوە دەستپێدەکات و لە ڕێکەوتی 20 ـی ئەم مانگەدا دەست دەکرێت بە فرۆشتنی.


  • iPhone 11 Pro و iPhone 11 Pro Max

لە پاڵ نمایشکردنی iPhone 11 ـەوە، ئەپڵ 2 جۆری دیکەی لە مۆبایلی ئایفۆن ڕاگەیاند، ئەوانیش iPhone 11 Pro و iPhone 11 Pro Max بوون. ئایفۆنە نوێیەکان لە پشتەوە خاوەن 3 کامێران، قەبارەی مۆبایلی iPhone 11 Pro Max لە iPhone 11 Pro گەورەترە و هەردووکیان خاوەن ڕەنگی نوێی “سەوزی سەر لە بەیانی” ـن، لە پاڵ ڕەنگەکانی خۆڵەمێشی و زیوی و ئاڵتونی. نرخی مۆبایلی iPhone 11 Pro لە 999$ ـەوە دەست پێدەکات و نرخی مۆبایلی iPhone 11 Pro Max ـیش لە 1,099$ ـەوە دەست پێدەکات و لە ڕێکەوتی 20 ـی ئەم مانگەدا بەردەست دەکرێن.


  • زنجیرەی پێنجەمی کاتژمێری زیرەکی Apple Watch

زنجیرەی پێنجەمی کاتژمێری زیرەکی Apple Watch ـیش یەکێک بوو لە ڕاگەیاندراوەکانی کۆنگرەکەی دوێنێ شەوی ئەپڵ. زنجیرە نوێیەکەی کاتژمێرە زیرەکەکە خاوەن هەمان دیزاینی زنجیرەی پێش خۆیەتی، بەڵام ئەم زنجیرە نوێیەی Apple Watch خاوەن تایبەتمەندی ڕوونمای Always-on ـە کە وا دەکات هەرگیز ڕوونماکەی نەکوژێتەوە، بەڵکو بە تەنها ڕووناکی کەم ببێتەوە و لە کاتی دەست بەرزکردنەوە ڕووناکی ببێتەوە ئاسایی. لەگەڵ ئەوەشدا، خاوەن ئەپی نوێی قیبلەنما (Compass) و پەیوەندی فریاکەوتنی نێودەوڵەتییە بۆ 150 وڵات، کە لە هەر حاڵەتێکی فریاگوزاریدا پەیوەندی بە فریاگوزاری ئەو وڵاتە دەکات کە لێی نیشەجێیت. وا بڕیارە لە ڕێکەوتی 20 ـی ئەم مانگەدا زنجیرەی پێنجەمی کاتژمێری زیرەکی Apple Watch بە ڕەنگەکانی خۆڵەمێشی و زیوی و ئاڵتونی و بە نرخی دەستپێکی 399$ ـەوە بەردەست بکرێت.


  • حەوتەمین نەوەی iPad

کۆمپانیای ئەپڵ حەوتەمین نەوەی لە ئامێری iPad بە ڕوونمایەکی قەبارە 10.2 ئینجەوە نمایشکرد. دیزاینی ئایپادە نوێیەکە هاوشێوەی نەوەی پێش خۆیەتی و هیچ جیاوازییەک بەدی ناکرێت. ئایپادە نوێیەکە خاوەن ڕوونمایەکی گەورەیە بە قەبارەی 10.2 ئینج لە جۆری Retina و پڕۆسێسەری A10 Fusion ـی لەسەر جێگیرە. پشتگیری لە تەختەکلیلی زیرەکی پڕاوپڕ و نەوەی یەکەمی قەڵەمی زیرەکی Apple Pencil دەکات. لە پشتەوە خاوەن کامێرایەکی 8 مێگاپێکسڵە و لە پێشەوەش خاوەن کامێرایەکی 1.2 مێگاپێکسڵە، هەر وەک ئایپادەکانی پێشوو. خاوەن پاترییەکە کە وزەکەی بەرگەی ڕۆژێکی تەواو دەگرێت. وا بڕیارە لە ڕێکەوتی 30 ـی ئەم مانگەدا دەست بکرێت بە فرۆشتنی ئایپادە نوێیەکە بە نرخی دەستپێکی 329$.


  • خزمەتگوزاری Apple Arcade ـی تایبەت بە یاریکردن

ڕەنگە بزانیت، کە خزمەتگوزاری Apple Arcade ـی تایبەت بە یاریکردن نوێ نییە و لە سەرەتاکانی ئەمساڵدا کۆمپانیاکە ڕایگەیاندبوو، بەڵام ڕێکەوتی بەردەستکردن و نرخی نادیار بوو. دوێنێ شەو کۆمپانیاکە ئاشکرای کرد کە خزمەتگوزاری Apple Arcade ـی تایبەت بە یاریکردن لە ڕێکەوتی 19 ـی ئەم مانگەدا بۆ سەرجەم بەکارهێنەرانی ئایفۆن و ئایپاد و ئەپڵ تیڤییەکان بەردەست دەکرێت. نرخی بەژداریکردن بڕی 4.99$ دەبێت بۆ هەر مانگێک. لە نێو خزمەتگوزارییەکەدا، زیاتر لە 100 یاری جۆراوجۆر بوونی دەبێت. ئەوەی خزمەتگوزارییەکە جیا دەکاتەوە لە خزمەتگوزاری هاوشێوەی دیکە، ئەوەیە کە هیچ کام لە یارییەکانی نێو Apple Arcade لە نێو خزمەتگوزارییەکانی دیکەدا بوونیان نابێت.


  • خزمەتگوزاری Apple TV Plus

بە هەمان شێوەی خزمەتگوزاری Apple Arcade، خزمەتگوزاری Apple TV Plus ـیش لە سەرەتاکانی ئەمساڵدا لە لایەن ئەپڵەوە ڕاگەیاندرا، بەڵام ڕێکەوتی بەردەستکردن و نرخی بەژداریکردنی نادیار مابوویەوە. دوێنێ شەو کۆمپانیاکە ئاشکرای کرد کە خزمەتگوزاری Apple TV Plus ـی تایبەت بە سەیرکردنی فیلم و زنجیرەکان لە ڕێکەوتی 1 ـی مانگی 11 ـی ئەمساڵدا بەردەست دەکرێت و نرخی بەژداریکردنی خزمەتگوزارییەکە بڕی 4.99$ دەبێت بۆ هەر مانگێک. لە نێو خزمەتگوزاری Apple TV Plus ـدا، دەیان فیلم و زنجیرەی جیهانی جۆراوجۆر بوونیان دەبێت، کە بەکارهێنەران دەتوانن لە سیستەمەکانی iOS و tvOS و macOS ـەوە بینەریان ببن.

11 ئه‌یلول، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەرم لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
951