ئەندرۆید
14, تشرینی یهكهم 2019
بە فەرمی سامسۆنگ ڕووکاری One UI 2.0 ـی تاقیکاری بۆ مۆبایلەکانی Galaxy S10 ڕاگەیاند

پێشتر ڕامانگەیاندبوو کە سامسۆنگ وەشانی 2.0 ـی ڕووکاری One UI بە شێوەی تاقیکاری لە وڵاتی کۆریای باشوور بەردەست دەکات. دواجار سامسۆنگ وەشانەکەی لە ڕووکاری One UI بە شێوەی تاقیکاری بۆ بەکارهێنەرانی مۆبایلەکانی Galaxy S10 لە سەرانسەری جیهاندا ڕاگەیاند.
بە فەرمی سامسۆنگ ڕووکاری One UI 2.0 ـی تاقیکاری بۆ مۆبایلەکانی Galaxy S10 بە بنچینەکراوی لەسەر Android 10 و هەبوونی چەند نوێکارییەکەوە ڕاگەیاند. وەشانەکە لە سەرەتادا تایبەت دەبێت بە هەریەکە لە مۆبایلەکانی Galaxy S10e و Galaxy S10 و Galaxy S10 Plus و Galaxy S10 Plus 5G، مۆبایلەکانی Note 10 و ئەوانی دیکە ناگرنەوە. بێگومان سامسۆنگ گۆڕانکاری لە وەشانەکەدا ئەنجام داوە و ئەمانەی خوارەوە گرنگترین گۆڕانکارییەکانن:
- بچووککردنەوەی نیشاندەری ئاستی دەنگ لەسەر ڕوونما بە مەبەستی داگیرنەکردنی قەبارەیەکی زۆری ڕوونما.

- باشترکردنی دۆخی تاریک (Dark Mode) و ڕووناککردنی نووسین و وێنەکان و گونجاندنی پاتری و تاریک کردنی پاشبەندەکان لەگەڵ کارابوونی دۆخەکەدا.

- باشترکردنی تایبەتمەندی Smart Lock screen بۆ ڕێکخستنی خودکارانەی ڕەنگی نووسینەکان لە پەڕەی قفڵ.
- زیادکردنی تایبەتمەندی دۆخی سەرنج (Focus mode) بۆ بینینی ماوەی بەکارهێنانی ئەپەکان و سنووردارکردنیان.

ئەگەر خاوەنی یەکێک لە جۆرەکانی مۆبایلەکانی Galaxy S10 ـیت، دەتوانیت کرتە لێرە بکەیت بۆ تۆماربوون و بەدەست گەیشتنی وەشانە تاقیکارییەکەی ڕووکاری One UI. سنووردارکردنی ناوچە بوونی هەیە و هەندێک ناوچە وەشانەکەیان پێ ناگات.
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو، هەوادار و گەشەپێدەری سەکۆکانی ئەپڵ.