ئامێرە هەمەجۆرەکان
16, تشرینی یهكهم 2019
گووگڵ بیستۆکی بێوایەری Pixel Buds ـی بە پاترییەکی خۆڕاگر و نرخی 179$ ـەوە ڕاگەیاند

لە پاڵ نمایشکردنی مۆبایلەکانی گووگڵ Pixel 4 و Pixel 4 XL لە بۆنەیەکی تایبەتدا، کۆمپانیای گووگڵ بیستۆکی بێوایەری Pixel Buds ـیشی بە پاترییەکی خۆڕاگر و نرخی 179$ ـەوە ڕاگەیاند.
لە کۆتایدا، گووگڵ بیستۆکێکی بێوایەری ڕاستەقینەی بەرهەمهێنا. بیستۆکەکە خاوەن وەشانی 4.0 ـی Bluetooth و پاترییەکە کە بەرگەی 24 کاتژمێری بەردەوام لە بەکارهێنان دەگرێت بە یارمەتی بەرگەکەی کە بارگاوی دەبێتەوە. لە قەبارەدا بچووکە و شێوازی بەرگەکەی لە AirPods ـی ئەپڵ دەچێت، بەڵام زۆر نا. دەتوانیت بە گوتنی “Hey Google”، یاریدەدەری دەنگی Google Assistant کارا بکەیت.
بیستۆکە بێوایەرەکەی گووگڵ توانای هەیە پێوانەی ژاوەژاوی چواردەور بکات و دەنگەکان ڕێکبخات بە پێی ئاستی ژاوەژاوەکان. هەروەها خاوەن هەریەکە لە تایبەتمەندییەکانی وەرگێڕانی ڕاستەوخۆ و چەند تایبەتمەندییەکی ژیری دەستکرد (AI) ـە کە بە پێی کات گووگڵ بۆ بەکارهێنەرانی بیستۆکە بێوایەرەکەی بەردەست دەکات.
بۆ پەیوەستکردنی بیستۆکە بێوایەرەکە بە ئەندرۆیدەوە، پێویست دەکات وەشانی ئەندرۆیدەکە Android N و نوێتر بێت. سەبارەت بە پەیوەستکردنی بە ئایفۆنەوە، بیستۆکەکە وەکو بیستۆکێکی ئاسایی کار لەگەڵ ئایفۆن دەکات و زۆرینەی تایبەتمەندییەکانی بەردەست نابن، ئەویش بە هۆی جەنگی سەکۆیەکانەوە.

بیستۆکی Google Pixel Buds خاوەن هەریەکە لە ڕەنگەکانی سپی و ڕەش و پڕتەقاڵی و سەوز (نەعنایی) دەبێت و نرخی 179$ دەبێت. وا بڕیارە لە بەهاری ساڵی داهاتوودا بەردەست بکرێت.
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو، هەوادار و گەشەپێدەری سەکۆکانی ئەپڵ.