10
ئۆتۆمبێل 20, تشرینی یه‌كه‌م 2019 بۆچوون

کۆمپانیای Toyota ئۆتۆمبێلێکی بچکۆلانەی مەودا کەمی کارەبایی ڕادەگەیەنێت

تاوەکو کات تێپەڕ بێت، کۆمپانیای Toyota ـی ژاپۆنی بۆ بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل زیاتر دەچێتە نێو مەیدانی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانەوە. وا بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کۆمپانیای Toyota ئۆتۆمبێلێکی بچکۆلانەی مەودا کەمی کارەبایی ڕابگەیەنێت.

کۆمپانیای Toyota ـی ژاپۆنی بە فەرمی ڕایگەیاند کە لە کۆنگرەی Tokyo Motor Show ـی ئەمساڵدا لە وڵاتی ژاپۆن، ئۆتۆمبێلی Ultra-Compact BEV ڕادەگەیەنێت کە خاوەن پاترییەکی بچووک و خێراییەکی کەمە، هەروەها لە قەبارەشیدا زۆر بچکۆلانەیە. ئۆتۆمبێلەکە جێگەی 2 سەرنشینی تێدا دەبێتەوە و دەتوانێت تەنها 100 کیلۆمەتر بە یەک جار بارگاویکردنەوە ببڕێت و بەرزترین خێرایشی 60 کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا.

کۆمپانیای Toyota دەڵێت ئەم ئۆتۆمبێلە قەبارە بچووکە بۆ ئەوە دیزاین کراوە تاوەکو پشتگیری لە کەسە بە تەمەنەکانی ژاپۆن بکات و ئازادی لە جوڵەکردن بەسەر شەقامەکاندا بۆ سەرجەم چینەکانی کۆمەڵگە دابین بکات.

هەروەها ئەم ئۆتۆمبێلە بچووکەی Toyota زیاتر بۆ چوونە مارکێت و شوێنە گشتییەکان دیزاین کراوە و بۆ ئەو کەسانەیە کە زیاتر میترۆ و پاسەکان بەکاردەهێنن، هەر بۆیە خاوەن پاتری و خێراییەکی وەها کەمە.

لە کۆتاییەکانی ساڵی داهاتوودا کۆمپانیای Toyota ئۆتۆمبێلە کارەباییە بچکۆلانەکەی لە وڵاتی ژاپۆندا بەردەست دەکات.

وا بڕیارە کۆنگرەی Tokyo Motor Show ـی تایبەت بە نمایشکردنی ئۆتۆمبێلەکان لە ڕێکەوتی 24 ـی ئەم مانگە لە شاری تۆکیۆی وڵاتی ژاپۆن دەستپێبکات و تاوەکو 4 ـی مانگی داهاتوو بەردەوامی هەبێت.

سەرچاوە Engadget
بۆچونی تۆ