10
ئای ئۆ ئێس 27, تشرینی یه‌كه‌م 2019 بۆچوون

ئەپڵ داوات لێ دەکات وەشانی iPhone 5 ـەکەت بۆ iOS 10.3.4 نوێ بکەیتەوە ئەگەر دەتەوێت بەردەوامبیت لە بەکارهێنانی

ڕەنگە بە بیرت بێت، کە لە ماوەی ڕابردوودا ئەپڵ وەشانەکانی iOS 10.3.4 و iOS 9.3.6 ـی بۆ ژمارەیەک لە ئایفۆن و ئایپاد بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەیەکی GPS بەردەست کرد.

وا دیارە کێشەکە زۆر جدییە، ئەپڵ داوا لە بەکارهێنەرانی ئامێری iPhone 5 دەکات تاوەکو وەشانی ئایفۆنەکەیان نوێبکەنەوە بۆ iOS 10.3.4 بەر لە ڕێکەوتی 3 ـی مانگی داهاتوو ئەگەر دەیانەوێت لە بەکارهێنانی ئایفۆنەکەیان بەردەوام ببن، بە پێچەوانەوە ناتوانن ئایفۆنەکەیان پەیوەستی ئینتەرنێت بکەن و هەریەکە لە خزمەتگوزارییەکانی کاتژمێر و iCloud و App Store و وێبگەڕی Safari و کۆمەڵێک خزمەتگوزاری دیکە لە کار دەکەون. ژمارەیەک بەکارهێنەری iPhone 5 تێبینی بەدەست گەیشتنی ئاگادارکەرەوەیەکیان کردووە کە داوا کراوە وەشانەکەیان نوێبکەنەوە بۆ iOS 10.3.4.

ئەگەر بەر لە ڕێکەوتی 3 ـی مانگی داهاتوو وەشانی iPhone 5 ـەکەت نوێ نەکەیتەوە بۆ وەشانی iOS 10.3.4، ئەوا ناتوانیت ئایفۆنەکەت پەیوەستی ئینتەرنێت بکەیت و وەشان نوێ بکەیتەوە، چیدیکە پێویست دەکات لە ڕێگەی macOS یاخود Windows ـەوە وەشان نوێ بکەیتەوە. ئەم کێشەیە ڕووبەڕووی ژمارەیەک iPhone 5 بووەتەوە کە لە مانگی 9 ـی ساڵی 2013 ـەدا فرۆشراون.

کێشەی GPS پەیوەندی بە ڕەقەکاڵاوە هەیە و ڕووبەڕووی هەریەکە لە ئامێرەکانی iPhone 4S و iPad 2 و iPad ـی خاوەن ڕوونمای Retina و نەوەی چوارەمی iPad بووەتەوە و لە دوای ڕێکەوتی 3 ـی مانگی داهاتووەوە ناتوانن سوود لە GPS وەربگرن، مەگەر وەشانەکانیان نوێ بکەنەوە.

سیستەمی GPS بە شێوەیەک کار دەکات کە ژمارەی هەفتەکان لە 0 تاوەکو 1023 دەژمێرێت. کاتێک کە ژمارەکە گەیشتە 1024 و ئامێرەکە بە جوانی پڕۆگرام نەکرابوو تاوەکو ژمارەکە سفر بکاتەوە، ئامێرەکە ناتوانێت کار لەگەڵ GPS ـدا بکات بۆ ڕێکخستنی کاتژمێر و بەروار. بە کورتی، ئەم پڕۆسەیە پەیوەندی بە کاتەوە هەیە. بەڵام بۆ ئەمە هێشتا ڕوودەدات؟ لەبەر ئەوەی کە یەکەم ژمارەی هەفتەی GPS لە ڕێکەوتی 6 ـی 1 ـی 1980 ـدا دەستی پێکرد، وە لە ڕێکەوتی 21 ـی 8 ـی 1999 ـدا ژمارەی هەفتەکان گەیشتن بە 1024 و پێویستی بە نوێکردنەوە هەبوو، ئەمە کۆتایی چەرخی یەکەمی GPS بوو. چەرخی دووەمی GPS لە ساڵی 1999 ـدا دەستی پێکرد و لە ڕێکەوتی 6 ـی 4 ـی ئەمساڵیشدا کۆتایی هات.


چۆنیەتی نوێکردنەوەی وەشان لە iOS:

  • کردنەوەی ئەپی Settings
  • کردنەوەی بەشی General
  • کردنەوەی بەشی Software Update
  • کرتە کردن لە Download and install

تێبینی بۆ نوێکردنەوەی وەشان:

  • پێویستە وزەی پاتری ئامێرەکەت لە 50% زیاتر بێت.
  • پێویستت بە ئینتەرنێتی وایفای هەیە بۆ نوێکردنەوەی وەشان.
سەرچاوە 9To5Mac
بۆچونی تۆ