10
ئەپڵ 30, تشرینی دووه‌م 2019 بۆچوون

دەنگۆ: ساڵی داهاتوو بیستۆکی بێوایەری AirPods لە نێو پاکەتی ئایفۆنە نوێیەکاندا بوونی دەبێت

فرۆشتی بیستۆکی بێوایەری AirPods Pro لە هەینی ڕەشدا بە تەواوەتی سنووری پێشبینییەکانی تێپەڕاندبوو، بە تایبەت بە هۆی ئەوەی کە پێگەی Amazon دەستیکردبوو بە فرۆشتنی بیستۆکە بێوایەرەکە بە نرخی نزیکەی 15$ کەمتر لە نرخی ڕاستەقینەی خۆی.

پێگەی DigiTimes لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ڕایگەیاندووە کە ساڵی داهاتوو ئەپڵ بیستۆکی بێوایەری AirPods دەخانە نێو پاکەتی ئایفۆنە نوێیەکانەوە و ئایفۆنە نوێیەکان بە هەبوونی بیستۆکە بێوایەرەکەوە دەفرۆشرێن. هەروەها ڕاپۆرتەکە دەڵێت کۆمپانیاکانی سامسۆنگ و شاومیش لە پلانیاندایە ساڵی داهاتوو مۆبایلە نوێیەکانیان بە هەبوونی بیستۆکە بێوایەرەکانیانەوە بفرۆشن.

لە ئەگەری هەبوونی بیستۆکی بێوایەری AirPods لە نێو پاکەتی ئایفۆنە نوێیەکانی ساڵی داهاتوودا، هیچ گومانێکی تێدا نییە کە نرخی ئایفۆنە نوێیەکان بە شێوەیەکی زۆر بەرز دەبنەوە. چونکە نرخی نەوەی دووەمی یستۆکی بێوایەری AirPods کەم نییە و لە ئێستادا بە 159$ ـە. هەر بۆیە ئەستەمە و ڕێی تێناچێت ئەگەر ئەپڵ نرخی ئایفۆنە نوێیەکان بەرز نەکاتەوە.

لە ئێستادا بیستۆکی بێوایەری AirPods پلەی یەکەمی بازاڕی بیستۆکە بێوایەرەکانی جیهانی گرتووە و پڕفرۆشترین بیستۆکی بێوایەرە. هەر بە هۆی ئەم فرۆشە ئێجگار زۆرەیەوە، هەفتەی ڕابردوو دەگوترا کە ئەپڵ بەرهەمهێنانی جۆری Pro ـی بیستۆکە بێوایەرەکە دەکات بە دوو ئەوەندە.

بۆ چەند ساڵێکی زۆرە بیستۆکی بە وایەری جۆری EarPods لە نێو پاکەتی دواین ئایفۆنە نوێیەکاندا بوونی هەبووە. ئەم جۆرە بیستۆکە تێچووی زۆر کەم دەکەوێت لەسەر ئەپڵ، لە کاتێکدا کە ئەپڵ بە نرخی تەنها 29$ لە کۆگا فەرمییەکانی خۆی دەیفرۆشێت.

ئەگەر ئەمە ڕووبدات، چاوەڕێی ئەوە بکە کە نرخی ئایفۆنە نوێیەکانی ساڵی داهاتوو زۆر زیاتر لە جاران بەرزتر دەبن. بەڵام هێشتا نزیکەی 10 مانگمان ماوە بۆ بینینی ئایفۆنە نوێیەکانی ئەپڵ، هەر بۆیە ڕەنگە دەنگۆی باشتر سەبارەت بەم باسە بڵاوبکرێتەوە.

سەرچاوە MacRumors
بۆچونی تۆ