10
مۆبایل و تابلێت 28, كانونی یه‌كه‌م 2019

مۆبایلی چەماوەیی Huawei Mate Xs بڕوانامەی 3C ـی وەرگرت و یەکێک لە تایبەتمەندییەکانیشی ئاشکرابوو

شاراوە نییە کە هواوەی لە ئامادەکاریدایە بۆ ڕاگەیاندنی نەوەی دووەم لە مۆبایلی چەماوەیی Huawei Mate Xs، چونکە لە ڕابردوودا کۆمپانیا چینییەکە ڕێکەوتی ڕاگەیاندنی ئاشکرا کردبوو، کە لە مانگی 3 ـی ساڵی نوێدا ڕوودەدات. ئێستا، ئاشکرابوو کە مۆبایلە چەماوەییە نوێیەکە بڕوانامەی 3C ـی وەرگرت.

لە بەڵگەنامەییەکی دزەپێکراودا، ئاشکرابوو نەوەی دووەمی مۆبایلی چەماوەیی Huawei Mate X بڕوانامەی 3C ـی وەرگرت و بە ژمارە مۆدێلی Huawei TAH-AN00m ناوی هاتووە، بەڵام ناوی Huawei Mate Xs دەبێت. هەروەها لە بەڵگەنامەییەکەدا ئەوەش ئاشکرابووە کە مۆبایلە چەماوەییە نوێیەکە پشتگیری لە بارگاویکردنەوەی خێرا دەکات بە توانای 65 وات و 20 ڤۆڵت/3.25 ئەمپێر.

چاوەڕوان دەکرێت مۆبایلە چەماوەییە نوێیەکە خاوەن پڕۆسێسەری Kirin 990 5G ببێت و جۆرایەتی ڕوونماکەی باشتر بکرێت.

ئەگەر گەشەپێدانەکەی هواوەی بۆ مۆبایلە چەماوەییەکە بە پێی پلانەکان بڕوات، ئەوا ڕەنگە لە کۆنگرەی MWC 2020 ـی شاری بەرشەلۆنە لە کۆتاییەکانی مانگی 2 ـی ساڵی نوێدا نمایش بکرێت و لە مانگی 3 ـی هەمان ساڵیشدا بەردەست بکرێت.

هواوەی چاوی لەوەیە ڕاستەوخۆ و لەگەڵ بەردەستکردنی نەوەی دووەمی مۆبایلە چەماوەییەکەیدا، لە بازاڕەکانی ئەوروپاشدا بەردەستی بکات. لە کاتێکدا کە نەوەی یەکەمی مۆبایلە چەماوەییەکە تاوەکو ئێستا بە تەنها لە بازاڕەکانی وڵاتی دایک، چیندا بەردەستکراوە. بەڵام ئەوەی جێگەی دوو دڵی هەوادارانی هواوەییە، نازاندرێت کە خاوەن کۆگای Google Play و ئەپە سەرەکییەکانی دیکەی گووگڵ دەبێت یاخود نا. کات هەموو شتێکمان بۆ ڕوون دەکاتەوە.

سەرچاوە GSMArenaXDA-Developers
بۆچونی تۆ