سامسۆنگ 5, كانونی دووه‌م 2020

بە فەرمی سامسۆنگ ڕێکەوتی ئەنجامدانی کۆنگرەی Unpacked 2020 ـی ئاشکرا کرد

لە دوای ئەوەی دوێنێ ڤیدیۆیەکی بڵاوکراوە دۆزرایەوە کە تێیدا ڕێکەوتی ئەنجامدانی کۆنگرەی Unpacked 2020 ـی ئاشکرا کردبوو، ئەمڕۆ سامسۆنگ هەمان ڕێکەوتی پشتڕاست کردەوە.

هەژماری فەرمی Samsung Mobile لە تویتەر جریوەیەکی بڵاوکردۆتەوە و تێیدا ڕایگەیاندووە کە کۆنگرەی Unpacked 2020 بۆ ڕاگەیاندنی Galaxy S20 لە ڕێکەوتی 11 ـی مانگی داهاتوو لە شاری سان فڕانسیسکۆی ویلایەتی کالیفۆڕنیای ئەمریکا ئەنجام دەدرێت. کاتی بەڕێوەچوونی کۆنگرەکە لە کاتژمێر 11 ـی سەر لە بەیانییە بە کاتی سان فڕانسیسکۆ و کاتژمێر 10 ـی شەوە بە کاتی پایتەختی هەرێمی کوردستان.

 

چاوەڕوان دەکرێت لە کۆنگرەکەدا، سامسۆنگ مۆبایلەکانی Galaxy S20 (دووپات کراوەتەوە کە ناویان Galaxy S20 دەبێت نەوەک Galaxy S11) ڕابگەیەنێت، لە پاڵ ڕاگەیاندنی مۆبایلێکی چەماوەیی نوێ و ژمارەیەک ئامێری دیکە.

پێشبینی دەکرێت مۆبایلە نوێیەکانی Galaxy S20 ناویان Galaxy S20 و +Galaxy S20 و Galaxy S20 Ultra ببێت و پڕۆسێسەری Qualcomm Snapdragon 865 و Exynos 990 ـیان لەسەر جێگیر ببێت، بەمەش سەرجەمیان پشتگیری لە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G دەکەن.

کۆنگرەکەی سامسۆنگ بە شێوەی پەخشی ڕاستەوخۆ لە ماڵپەڕی فەرمی سامسۆنگ دەگوازرێتەوە. بێگومان، وەکو هەموو ساڵێک، بۆ ئەمساڵیش کەی ئای تی ئێن ڕووماڵی کۆنگرەکەتان بۆ دەکات بە زمانی کوردی.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ