هەواڵ 4, شوبات 2020

کارگەکانی کۆمپانیای Foxconn ـی درووستکەری ئایفۆنەکان بۆ هەفتەیەکی دیکە بە داخراوی دەمێننەوە بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە

هەر وەک ئاگادارین، خەریکە ئەو ڤایرۆسەی بە ناوی کۆرۆناوە کە لە وڵاتی چین بڵاو بووەتەوە، بەشێکی زۆری کەرتی پیشەسازی لە وڵاتەکەدا پەک دەخات. کۆمپانیای Foxconn ـی درووستکەری ئایفۆنەکان لە ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو کە کارگەکانیان لە وڵاتی چین بە کراوەی دەهێڵنەوە و ناهێڵن ڤایرۆسی کۆرۆنا کار لە درووستکردنی ئایفۆنەکان بکات، بەڵام خەریکە پێچەوانەی ئەو قسەیە ڕوو دەدات.

بە پێی پێگەکانی Reuters و Bloomberg بێت، کۆمپانیای Foxconn ڕایگەیاندووە کە تاوەکو ڕێکەوتی 10 ـی ئەم مانگە سەرجەم کارەکانیان لە کارگەکانیان لە وڵاتی چین بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ڕادەگرن. ئەمەش دەبێتە هۆکاری دواکەوتنی بەرهەمهێنانی ئامێرەکانی کڕیارانی کۆمپانیاکە، کە ئەپڵ گەورەترین کڕیاریەتی.

بۆ چەند ڕۆژێک دەبوو کە بە هۆی پشووەکانی جەژنی چینییەوە، کۆمپانیای Foxconn کارگەکانی لە وڵاتی چین داخستبوو.

نزیکەی نیوەی ئایفۆنەکان لە کارگەی iPhone City ـی کۆمپانیاکە لە شاری شەنگەهای چین درووست دەکرێن، کە داخستنەکە ئەمیش دەگرێتەوە. زیاتر لە 350,000 کارمەند کار لەو کارگەیەدا دەکەن. ڕوون نییە کە ئەم داخستنە درێژ دەکرێتەوە یاخود لە دوای ڕێکەوتەکەوە کۆتایی پێ دەهێندرێت.

هەر کۆمپانیای Foxconn بە تەنها کارگەکانی لە چین داناخات، بەڵکو بە دەیان کۆمپانیای بەناوبانگ لە ماوەی ڕابردوودا ئۆفیس، کۆگا یاخود کارگەکانیان لە وڵاتی چیندا داخستووە بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە. ئەپڵیش ڕایگەیاند کە تاوەکو ڕێکەوتی 9 ـی ئەم مانگە، سەرجەم ئۆفیس و کۆگا فەرمییەکانیان لە وڵاتی چین بۆ ماوەیەکی نادیار و کاتی دادەخەن.

ماوەی چەند ڕۆژێکە ڤایرۆسی جۆری 2019-nCoV لە خێزانی ڤایرۆسەکانی کۆرۆنا لە چەند ناوچەیەکی وڵاتی چین بڵاو بووەتەوە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 200 کەسی کوشتووە و هەزاران کەسیش تووشبوون لە ناوخۆی وڵاتەکەدا، هەروەها زیاتر لە 10,000 حاڵەتی تووشبوون لە سەرانسەری جیهاندا تۆمار کراوە. سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە لە شاری Wuhan ـی چینەوە بوو و بەردەوامە لە تەشەنەکردن لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ