سامسۆنگ 15, شوبات 2020

مۆبایلی Samsung Galaxy S20 Ultra پێویستی بە چەند خولەکە تاوەکو بە تەواوی بارگاوی ببێتەوە؟

ئەگەر ئاگاداری جیهانە گەورەکەی تەکنەلۆژیا بووبیت لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دەزانیت کە سامسۆنگ مۆبایلە ئاستبەرزەکانی Samsung Galaxy S20 و +S20 و S20 Ultra ـی ڕاگەیاندبوون.

مۆبایلی Samsung Galaxy S20 Ultra، ئاستبەرزترینی نێو گالەکسییە نوێیەکان بوو. مۆبایلەکە لە پشتەوە خاوەن 5 کامێرایە کە ڕوونی دانەیەکیان دەگاتە 108 مێگاپێکسڵ و پڕۆسێسەری Snapdragon 865 یاخود Exynos 990 ـی لەسەر جێگیرە و خاوەن ڕامی 12 و 16 گێگابایتییە. لە پاڵ هەموو ئەمانە، خاوەن پاترییەکی زەبەلاحیشە بە توانستی 5,000 ملی ئەمپێر.

بە هۆی ئەوەی مۆبایلەکە پشتگیری بارگاویکردنەوەی خێرای تاوەکو 45 وات دەکات، پاترییە 5,000 ملی ئەمپێرییەکەی توانای دەبێت بە ماوەی تەنها 58 خولەک لە 0% تاوەکو 100% بارگاوی ببێتەوە.

خێرایی ماوەی بارگاویبوونەوەی مۆبایلەکە هیچی وەها جیاواز نییە بە بەراورد بە مۆبایلی +Galaxy Note 10، مۆبایلی +Galaxy Note 10 توانای هەیە بە کەمتر لە کاتژمێرێک بارگاوی ببێتەوە، بەڵام توانستی پاترییەکەی 4,300 ملی ئەمپێرە و لە Samsung Galaxy S20 Ultra کەمترە.

پاتری مۆبایلەکان توانایان هەیە واتی زیاتر بەکاربهێنن لەو کاتانەی کە بارگەیان کەمن بە مەبەستی خێرایی بارگاوی بوون. وا دیارە مۆبایلی Samsung Galaxy S20 Ultra ـیش توانایەکی باشتری خێرایی بارگاویبوونەوەی هەیە بە بەراورد بە مۆبایلی +Galaxy Note 10.

مۆبایلی Samsung Galaxy S20 Ultra بە نرخی دەستپێکی 1,399$ لە ڕێکەوتی 13 ـی مانگی داهاتوودا بەردەست دەکرێت. لە ئێستاوە داواکاری پێشوەختە کراوەیە بۆ ئەنجامدان. ئەگەر مۆبایلەکە بە شێوەی پێشوەختە بکڕیت، بیستۆکی بێوایەری نوێی Samsung Galaxy Buds+ بە خۆڕایی بەدەست دەهێنیت.

سەرچاوە GSMArena
بۆچونی تۆ