ئەپڵ 18, شوبات 2020

دەنگۆ: ئەپڵ لە کۆتاییەکانی مانگی داهاتوودا کۆنگرەیەکی تایبەت ئەنجام دەدات

چەند هەفتەیەک دەبێت کە دەنگۆکان باس لە ئەنجامدانی بۆنەیەکی تایبەت لە لایەن ئەپڵەوە دەکەن لە سەرەتای بەهاری ئەمساڵدا، دەنگۆیەکی دیکە هەمان شتی پشتڕاست کردەوە.

بە پێی ڕاپۆرتێکی پێگەی باوەڕپێکراوی ئەڵمانی iPhone-Ticker بێت، ئەپڵ لە پلانیدایە لە کۆتاییەکانی مانگی داهاتوو (3) و بە دیاریکراوی لە ڕێکەوتی 31 ـی مانگی 3 ـدا، بۆنەیەکی تایبەت بە نمایشکردنی ژمارەیەک ڕەقەکاڵای نوێ ئەنجام بدات. ڕاپۆرتەکە دەڵێت گومان لەوەدا نییە لە بۆنە تایبەتەکەدا، ئەپڵ مۆبایلی iPhone 9 (یاخود iPhone SE 2 و هەر ناوێکی دیکە) نمایش دەکات.

لە مانگی 3 ـی زۆرینەی ساڵەکانی ڕابردوودا ئەپڵ بۆنەی تایبەتی خۆی ئەنجامداوە. ساڵی ڕابردوو کۆمپانیاکە لە بۆنەیەکی تایبەتدا لە ڕێکەوتی 25 ـی 3، هەریەکە لە خزمەتگوزارییەکانی +Apple News و Apple Card و Apple Arcade ـی ڕاگەیاند. لە ڕێکەوتی 27 ـی 3 ـی ساڵی 2018 ـەشدا، کۆمپانیاکە بۆنەیەکی تایبەتی ڕێکخست کە سەرنجی خستبووەوە سەر بواری پەروەردە و ژمارەیەک ئایپادی نوێی ڕاگەیاند.

ئەگەر ئەپڵ لە ڕێکەوتی 31 ـی مانگی 3 ـی ئەمساڵدا بۆنە تایبەتەکەی بە ئەنجام بگەیەنێت، ئەوا پێدەچێت لە ڕێکەوتی 3 ـی مانگی دواتردا، کۆمپانیاکە iPhone 9 بەردەست بکات. لە دوای هەفتەیەک لە ئەنجامدانی کۆنگرەکە، پێشبینی دەکرێت وەشانی iOS 13.4 ـیش بەردەست بکرێت بۆ هەمووان، کە خۆی دەبینێتەوە لە هەبوونی پشتگیری iPhone 9 و تایبەتمەندییەکانی هاوبەشیپێکردنی بوخچەکانی iCloud Drive و لەزگەی نوێی Memoji و زیاتر.

دەنگۆ هەیە کە لە هەمان بۆنەدا، ئەپڵ ئامێری شوێن پێ هەڵگرتنی AirTags و iPad Pro ـی نوێ و بارگاویکەرەوەی بێوایەر و بەرهەمی زیاتر ڕابگەیەنێت.

بێگومان بۆ هەر هەواڵێکی نوێ لەم بارەیەوە، لە داهاتوودا لەگەڵتاندا دەبین.

سەرچاوە 9To5Mac
بۆچونی تۆ