10
ئەپڵ 9, ئازار 2020

ئەپڵ پڕۆسەی کارکردن لە ماڵەوەی بۆ کارمەندانی سەرجەم ئۆفیسەکانی ڕاگەیاند

بە هۆی کارەساتی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، کە بەشێک لە ویلایەتەکانی ئەمریکاشی گرتەوە، کۆمپانیای ئەپڵ پڕۆسەی کارکردن لە ماڵەوەی بۆ کارمەندانی سەرجەم ئۆفیسەکانی ڕاگەیاند.

تیم کوک، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای ئەپڵ، لە بەیاننامەیەکدا بە کارمەندەکانی کۆمپانیاکەی ڕایگەیاندووە کە سەرجەم کارمەندی ئۆفیسەکانیان سەرپشک دەکەن تاوەکو لە ماڵەوە بکەن لە نێوان ڕێکەوتی 9 تاوەکو 13 ـی ئەم مانگە. بەیاننامەکەی ئەپڵ دەڵێت ئەم بڕیارە بە مەبەستی کەمکردنەوەی چڕی هاوڵاتیان و ڕێگری کردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی COVID-19 ـی ناسراو بە کۆرۆنایە.

هاوکات کۆمپانیاکە ڕایگەیاندووە هەژمارکردنی بڕە پارەی کاتژمێرەکانی کارکردن ئەو کارمەندانەش دەگرێتەوە کە لە ماڵەوە کار دەکەن و ئەو بڕە پارەیەیان لێ نابڕدرێت.

ئەم بڕیارە، سەرجەم کارمەندانی ئۆفیسەکانی کۆمپانیاکە لە بەشێکی زۆری ئەمریکا و تەنانەت ئەوروپاش دەگرێتەوە. ئەمە لە کاتێکدا دێت کە هەفتەی ڕابردوو ئەپڵ بە کارمەندانی ئۆفیسەکانی خۆی لە ناوچەکانی کالیفۆڕنیا و سێتڵ ڕاگەیاندبوو تاوەکو لە ماڵەوە کار بکەن و نەیەنە ئۆفیس.

مانگی ڕابردوو، ئەپڵ سەرجەم ئۆفیس و کۆگا فەرمییەکانی خۆی لە وڵاتی چین بە هۆی کارەساتی ڤایرۆسی کۆرۆناوە داخست، بەڵام لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بەشێک لەو ئۆفیس و کۆگایانەی خۆی لە وڵاتەکە کردەوە کە دایخستبوون.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ