گەرمترین 11, ئازار 2020

فەرمی: کۆنگرەی E3 2020 هەڵوەشایەوە و بۆ ئەمساڵ ئەنجام نادرێت (نوێکراوە)

کۆنگرەی E3 2020 ـی تایبەت بە نمایشکردنی یارییە ڤیدیۆیی و سەکۆیەکانی یاریکردن، بووە دواین قوربانی دەستی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بۆ ئەمساڵ ئەنجام نادرێت.

چەند کاتژمێرێک بەر لە ئێستا، پێگەکانی Bloomberg و Ars Technica ڕایانگەیاند هاوپەیمانێتی Entertainment Software Association، کە کۆنگرەی ساڵانەی E3 ڕێک دەخات، خۆی ئامادە دەکات بۆ ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەی E3 بۆ ئەمساڵ. دواجار هەواڵەکە بووە فەرمی و هاوپەیمانێتییەکە ڕایگەیاند کە بۆ ئەمساڵ کۆنگرەکە ئەنجام نادرێت.

لە دوای وتووێژێکی ورد لەگەڵ ئەندامانی کۆمپانیاکەمان و ڕەچاوکردنی دۆخی تەندرووستی و پارێزراوی هەموو هەواداران و کارمەندان و نمایشکارەکانمان، بڕیارماندا بە هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەی E3 2020 بۆ ئەمساڵ بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە.

-هاوپەیمانێتی Entertainment Software Association

وا بڕیار بوو کۆنگرەی E3 2020 لە ڕێکەوتی 9 تاوەکو 11 ـی حوزەیران لە لۆس ئەنجلێسی ئەمریکا بەڕێوە بچووباتە، بەڵام ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕوودانی ئەمەی کرد بە مەحاڵ.

کۆنگرەی E3 یەکێکە لە گەورەترین کۆنگرە تەکنەلۆژییەکان و گەورەترین کۆنگرەی تایبەت بە ڕاگەیاندنی یارییە ڤیدیۆیی و سەکۆیەکانی یاریکردنە، بە ئەنجام نەدانی، بەربەستێکی گەورە لە بەردەم ڕاگەیاندنی سەکۆ نوێیەکانی PlayStation 5 و Xbox Series X درووست دەکات.

بەر لەوەی هەڵوەشانەوەی کۆنگرەکە ڕابگەیەندرێت، پێشووتر ژمارەیەک یاریزانانی بەناوبانگ بەژداری نەکردنیان لە کۆنگرەکەدا بۆ ئەمساڵ ڕاگەیاندبوو. تەنانەت کۆمپانیای سۆنیش ڕایگەیاندبوو کە بۆ ئەمساڵ وەکو دووەم ساڵی یەک لە دوا یەک بەژداری لە کۆنگرەی E3 ـدا ناکات.

ئەمە تاکە بۆنەی قوربانی دەستی ڤایرۆسی کۆرۆنا نییە و بێگومان کۆتا دانەش نابێت. پێشتر هەریەکە لە کۆنگرە گرنگەکانی Game Developers Conference و Facebook F8 و Google I/O 2020 و SXSW 2020 و زیاتر بە هۆی ڤایرۆسە کوشندەکەوە هەڵوەشێندرانەوە.

نوێکراوە (2020/3/11 20:01): ڕێکخەرانی کۆنگرەکە بە فەرمی هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەکەیان بۆ ئەمساڵ ڕاگەیاند.

سەرچاوە The Verge
بۆچونی تۆ