ئای ئۆ ئێس
24, ئازار 2020
ئەپڵ وەشانەکانی iOS 13.4 و iPadOS 13.4 ـی بە پشتگیری لە Trackpad ـی ئایپادەکان و زیاترەوە بەردەستکرد

هەر وەک چاوەڕوان دەکرا، ئەم ئێوارەیە کۆمپانیای ئەپڵ وەشانەکانی iOS 13.4 و iPadOS 13.4 ـی بە پشتگیری لە Trackpad ـی ئایپادەکان و زیاترەوە بەردەستکرد، لە پاش ئەوەی کە بۆ ماوەی نزیکەی مانگێک وەشانەکان لە ژێر دۆخی تاقیکاریدا مابوونەوە.
قەبارەی وەشانی iOS 13.4 نزیکەی 985 مێگابایتە بۆ iPhone 11 Pro Max و بۆ ئایفۆنە کۆنەکانی دیکە قەبارەی کەمترە.

گرنگترین نوێکارییەکانی وەشانەکانی iOS 13.4 و iPadOS 13.4:
- پشتگیری لە Trackpad ـی ئایپادە نوێیەکان:

لەگەڵ ڕاگەیاندنی نەوەی چوارەمی iPad Pro، ئەپڵ تەختەکلیلێکی زیرەکیشی بە هەبوونی Trackpad ـەوە ڕاگەیاند. وەشانی نوێی iPadOS 13.4 پشتگیری ئەو جوڵێنەرە بۆ ئایپادەکان زیاد دەکات.
- هاوبەشیپێکردنی بوخچەکان لە iCloud Drive:
هاوبەشیپێکردنی بوخچەکانی iCloud Drive لەگەڵ ڕاگەیاندنی وەشانی iOS 13 ـەدا ڕاگەیاندرا، بەڵام ئەپڵ بەردەستکردنی تایبەتمەندییەکەی دواخست و دواجار لەم وەشانە نوێیانەدا ئەم تایبەتمەندییەش بەردەستکرا، کە دەتوانیت بوخچەکان هاوبەشی پێ بکەیت و بیاننێریت بۆ هەر کەسێک کە دەتەوێت.
- کڕینی گشتگیر لە نێوان iOS و Mac:
وەشانەکانی iOS 13.4 و iPadOS 13.4 خاوەن تایبەتمەندی کڕینی گشتگیرن لە نێوان iOS و Mac، کە ئیدی لەمەودوا بەکارهێنەران دەتوانن لە iOS ئەپێک بکڕن و لە Mac ـیش بەکاری بهێننەوە بە بێ ئەوەی پێویست بکات دووبارە بۆ Mac بیکڕیتەوە، یاخود بە پێچەوانەوە.
- شریتی ئامراز بۆ ئەپی Mail:

لە وەشانە نوێیەکاندا، ئەپڵ شریتی ئامرازی بۆ ئەپی Mail زیاد کردووە، کە دەتوانرێت لە ڕێگەیەوە کردارەکان خێراتر ئەنجام بدرێن.
زیاتر:
- زیادکردنی پشتگیری Magic Keyboard بۆ ئایپادەکان.
- زیادکردنی پشتگیری Magic Mouse و Magic Mouse 2 و Magic Trackpad و Magic Trackpad 2 و ماوسە بە وایەر و بێوایەرەکانی دیکە.
- زیادکردنی 9 لەزگەی نوێ بۆ Memoji.
- زیادکردنی پشتگیری AR Quick Look بۆ پەڕگەکانی USDZ.
- چارەسەرکردنی کەلێنی Screen Time Communication Limits.
- چارەسەرکردنی وردە کێشەی زیاتر.
چۆنیەتی نوێکردنەوەی وەشان لە iOS:
- کردنەوەی ئەپی Settings.
- کردنەوەی بەشی General.
- کردنەوەی بەشی Software Update.
- کرتە کردن لە Download and install.
تێبینی بۆ نوێکردنەوەی وەشان:
- پێویستە وزەی پاتری ئامێرەکەت لە 50% زیاتر بێت.
- پێویستت بە ئینتەرنێتی وایفای هەیە بۆ نوێکردنەوەی وەشان.
ماکوان بەرزان
نووسەر و بەڕێوەبەری نووسین لە کەی ئای تی ئێن. گەشەپێدەری iOS، هەواداری و خوێندکاری پەیمانگەی زانستی کۆمپیوتەر.