10
بابەتی گرینگ 10, ئه‌یلول 2013

گه‌نجێكی كورد ئامێرێك بۆ رێكردنی نابینایان داده‌هێنێ

b_haber_7رێباز ئه‌حمه‌د به‌هره‌مه‌ندێكی بواری ته‌كنۆلۆژیایه‌ له‌ هه‌ولێر و وه‌ك خۆی ده‌ڵێت، بیرۆكه‌ی داهێنانی رۆبۆتێكی داڕشتووه‌ تایبه‌ت بۆ نابینایان، تا بتوانن له‌م رێگه‌یه‌وه‌ وه‌ك كه‌سێكی ئاسایی رێ بكه‌ن و له‌ ئه‌گه‌ر و ته‌نه‌كانی پێش خۆیان ئاگه‌دار بكرێنه‌وه‌، بێ ئه‌وه‌ی یاوه‌رێكی له‌گه‌ڵ بێت.
رێباز له‌باره‌ی ئه‌و داهێنانه‌یه‌وه‌، به‌ رۆژنامه‌ی‌ (باس)ی وت “ئامێره‌كه‌ی له‌سه‌ر نابینایانی په‌یمانگه‌ی نابینایانی هه‌ولێر تاقی كردووه‌ته‌وه‌ و سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست هێناوه‌”.
وتیشی “ئامێره‌كه‌ی دروستم كردووه‌، رۆبۆتێكی شێوه‌ كڵاوه‌ كه‌ كه‌سه‌ نابیناكه‌ له‌سه‌ر سه‌ری دای ده‌نێت، سێ هه‌سته‌وه‌ری هه‌یه‌ له‌ ‌پێشه‌وه‌، چه‌پ، ڕاست‌  له‌ كاتی بوونی هه‌ر به‌ربه‌ستێك له‌ پێش یان له‌ملاولای نابیناكه‌، بۆ نموونه‌ (دیوار) ئه‌وه‌ له‌ رێگه‌ی ‌هه‌زه‌یه‌ك‌ و ‌زه‌نگێك‌ه‌وه‌ كه‌سی نابینا ئاگه‌دار ده‌كرێته‌وه‌، به‌شێوه‌ی جیا، واته‌ ئه‌گه‌ر له‌ به‌شی راست هه‌بێت، ئه‌وا ماتۆڕی لای راست هه‌زه‌كه‌ ده‌كات و زه‌نگ لێ ده‌دات”.
رێباز ده‌ڵێت “به‌هۆی نه‌بوونی پێداویستی ئه‌م رۆبۆته‌م له‌ ته‌خته‌ و تێل دروست كردووه‌ و 3 داینه‌مۆم به‌كار هێناوه‌”.
ئه‌و ده‌ڵێت ئه‌وه‌ ته‌نیا وه‌ك نموونه‌یه‌كه‌ و ده‌كرێت ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ پێشبخرێت و GPSـی له‌گه‌ڵ به‌كار بهێنرێت بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سه‌كه‌ بزانێت له‌ كوێیه‌ و بۆ كوێ ده‌ڕوات، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر كه‌سه‌ نابیناكه‌ ناونیشانێكی پێ بدات، وه‌ك شوێنه‌ گشتییه‌كان، ئه‌وا ئه‌م رۆبۆته‌ رێنوێنیی ده‌كات و شوێنی رۆیشتنه‌كه‌ی بۆ دیاری ده‌كات، هه‌روه‌ها ده‌توانرێت له‌گه‌ڵ مۆبایلیش ببه‌سترێت، تا بتوانێت په‌یوه‌ندی بكات و له‌ رێگه‌ی ده‌نگیشه‌وه‌ كورته‌نامه‌ بنووسێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش بچووك بكرێته‌وه‌ بۆ شێوه‌ی قایشێك یان كڵاوێكی ئاسایی، چونكه‌ وه‌ك خۆی ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ كه‌سی به‌كارهێنه‌ر ببینرێت، كه‌س به‌ ده‌ورو به‌ریه‌وه‌ نامێنێت وا ده‌زانن ده‌ته‌قێته‌وه‌”.
به‌ڵام رێباز ده‌ڵێت “پێشخستنی ئه‌م ئامێره‌ پێویستی به‌ پشتگیرییه‌كی ته‌واو و كاتێكی باش هه‌یه‌”.

تاگەکان هەواڵ
بۆچونی تۆ