مۆبایل و تابلێت 11, نیسان 2022

باشترین مۆبایلی چەماوە لە جیهاندا نمایش کرا

 

وردە وردە کۆمپانیاکانی بواری درووستکردنی مۆبایل ڕوودەکەنە درووستکردنی مۆبایلی چەماوە، ئەمڕۆش کۆمپانیای ڤیڤۆ نوێترین مۆبایلی چەماوەی لە جیهاندا نمایش کرد لە ژێر ناوی Vivo X Fold کە بە باشترین مۆبایلی چەماوە دادەنرێت بە ڕای ئێمە، مۆبایلەکە توانای هەیە بەرگەی 300,000 جار چەمانەوە بگرێت، 80 جار چەمانەوە لە ڕۆژێکدا بۆ ماوەی 10 ساڵ و پاشانیش بە باشی کار بکات، ئەمە وتەی ڤیڤۆیە و بڕوانامەی TÜV Rhineland بەدەست هێناوە بۆ زۆرترین جار بەرگە گرتنی چەمانەوە لە جیهاندا، ڤیڤۆ شەش جۆر و چینی لە ماددەی جیاواز بەکار هێناوە بۆ بەهێزتر کردنی مۆبایلەکە لە کاتی چەمانەوە و بەرگە گرتنی دژی شکان و درز تێ بوون، هەروەها ڕوونمای ناوەوەی مۆبایلەکە خاوەن شووشەی UTG ـە کە بە بەهێزترین شووشە دادەنرێت بۆ پارێزگاری لە ڕوونما لە ئێستادا

 

ڕوونمای ناوەوەی مۆبایلەکە قەبارەی 8.03 ئینجە لە جۆری AMOLED بە پانێڵی E5 کۆمپانیای سامسۆنگ، تێکڕای نوێ بوونەوەی 120 هێرتزە و ڕوونی 2Kـە، هەروەها پانێڵی LTPO ـە و ڕێکخستنی تێکڕای نوێ بوونەوە لە نێوان 1 بۆ 120 هێرتز لە خۆ دەگرێت، وە پلەی +A لە پێگەی Display Mate پێدراوە کە باشترین پلەیە بۆ ڕوونما، هەروەها یەکەمین مۆبایلی چەماوەیە لە جیهاندا هەردوو ڕوونماکەی لە پانێڵی E5 بێت بە تێکڕای نوێ بوونەوەی 120 هێرتز، وە یەکەمین مۆبایلی جیهانە هەردوو ڕوونماکەی پەنجەمۆری ژێر ڕوونما لە جۆری Ultrasonic لە خۆ بگرێت و ڕوونمای دووەمی قەبارەی 6.53 ئینجە و ڕوونی +FHD ـە

 

مۆبایلەکە چیپسێتی Snapdragon 8 Gen 1 لەسەر جێگیر کراوە و SPU دەستکاری کراوی Vivo لەگەڵیدا، پاترییەکی قەبارە 4,600 مللی ئەمپێر/کاتژمێری لە خۆ دەگرێت و پشتگیری لە بارگاوی کەرەوەی خێرا بە هێزی 66 وات دەکات کە توانای هەیە تەواوی پاتری مۆبایلەکە پڕ بکاتەوە لە ماوەی 37 خوولەک، هەروەها پشتگیری لە بارگاوی کەرەوەی بێتەل بە هێزی 50 وات و بارگاوی کەرەوەی پێچەوانە بە هێزی 10 وات دەکات

 

چوار کامێرا لە دواوەیدا لە خۆ دەگرێت، کامێرای سەرەکی ڕوونی 50 مێگاپێکسڵە بە هەستەوەری GN1 و کامێرای گۆشە فراوان ڕوونی 48 مێگاپێکسڵە، هەروەها کامێرایەکی 12 مێگاپێکسڵی و کامێرای 8 مێگاپێکسڵی بۆ 5 هێندە نزیککردنەوەی جۆری ئۆپتیکاڵ

 

نرخی مۆبایلەکە بۆ بیرگەی 256 گێگابایت و ڕامی 8 گێگابایت بریتییە لە 1,415 دۆلار و بۆ بیرگەی 256 گێگابایت و ڕامی 12 گێگابایت بریتییە لە 1,570 دۆلار

تاگەکان Vivo ڤیڤۆ
بۆچونی تۆ