بابەتی گرینگ 28, كانونی دووه‌م 2015

ئه‌مڕۆ چاوێکم خشاند بەناو ویندۆز ١٠ وه‌شانی Technical Preveiw + چەند سەرەنجێک

10ئه‌مڕۆ سه‌رقاڵی تاقیكردنه‌وه‌ی ویندۆز ١٠ وه‌شانی Technical Preveiw بووم وچاوێکم خشاند بەناو ئەو وەشانە و فه‌رموون ئه‌مانه‌ چه‌ند دیمه‌نێكن له‌ ویندۆز ١٠ـه‌وه‌!

دوای چاوپێخشاندنێکی خێرا ئەم سەرەنجانەم هەبوو:

١- به‌كورتی یه‌كه‌م شت بینیم تا ئێستا ئه‌و هه‌ڵه‌ گه‌وره‌یه‌ی مایكرۆسۆفت له‌بواری دیزایندا ئه‌نجامی داوه‌ ئه‌ویش تێكه‌ڵكردنی ئه‌و دوو شێوازه‌ی دیزایینه‌ كه‌ یه‌كێكیان هه‌ر ئه‌وه‌ی ویندۆز ڤێستا و ٧ و هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ ویندۆز ٨ دایهێنا كه‌ به‌ فلات دیزایین واته‌ دیزایینی ته‌خت ناسراوه‌. جا هه‌ڵه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ ئه‌وان ئه‌و دیزاینه‌ی ویندۆز ٨تیان داهێنا بۆ ئێستا هه‌ر به‌رده‌وامن له‌ دوباره‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵه‌ی له‌ ویندۆز ٨ كردیان چونكا تا ئێستاش چه‌ندان به‌شی ویندۆز ٨ دیزاینه‌كه‌ی هه‌ر ئه‌وه‌ی ٧ و ڤێستایه‌! بۆیه‌ من پێموایه‌ پێویسته‌ مایكرۆسۆفت ئه‌وه‌ له‌بیر نه‌كات كه‌ ده‌ستێك بخشێنێت به‌ته‌واوی دیزاینی ویندۆز ١٠ و شوێنه‌واری ویندۆز ٧ و ئه‌وانه‌ی پێشخۆی نه‌هێڵێت یان به‌لانی كه‌م كه‌می بكاته‌وه‌ بۆ كه‌متر له‌ ڕێژه‌ی له‌ %٢٠.

٢- شتێكی تر كه‌ له‌دوای دابه‌زاندنی ویندۆز ١٠ بۆم ده‌ركه‌وت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌تا دێت مایكرۆسۆفت زیاتر و زیاتر سه‌ر له‌ به‌كارهێنه‌رانی ده‌شێوێنێت به‌وه‌ی له‌ هه‌ر وه‌شانه‌ و كارێك ده‌كات و واناكات كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكات كه‌ ئه‌و شته‌ی له‌ وه‌شانه‌كه‌ی پێشتر زیادی كردووه‌ باشتری بكات به‌ڵكو ئاڵۆزی ده‌كات یان لای ده‌بات و به‌مه‌ش به‌كارهێنه‌ر بێزار ده‌بێت چونكه‌ له‌ وه‌شانی پێشتر به‌ شتێك ڕاهاتووه‌ و ئێستاش شتێكی تر ده‌بینێت بۆ نمونه‌ چارم باڕی ویندۆز ٨ ده‌بینیت له‌ ویندۆز 10 نه‌ماوه‌، بۆ؟ ئێستا ئه‌كشن سێنته‌ر هه‌یه‌ و ئاگاهی و كورتكراوه‌كان له‌وێ كۆده‌بنه‌وه‌ پێشتر شێوه‌یه‌كی تری هه‌بوو! وا هه‌ست ده‌كه‌م ستراتیژی كاركردن له‌ نوێكردنه‌وه‌ی ویندۆزدا تێكدراوه‌ و ئاراسته‌كه‌ی شێوێندراوه‌ به‌شێوه‌یه‌ك خۆشیان نازانن چی ده‌كه‌ن. بۆ ده‌بێت هێنده‌ به‌كارهێنه‌رانتان ماندووبكه‌ن؟! له‌ جێگای ئه‌وه‌ی چاكسازی بكه‌ن سه‌ر له‌ به‌كارهێنه‌ران ده‌شێوێنن. هیوام وایه‌ ئه‌مانه‌ له‌ دوایین وه‌شانی ویندۆز ١٠ چاك بكرێن.

هەر سەرەنجێکی ترم لەلا گەڵاڵە ببێت لەم ماوەیە بۆتان بڵاودەکەمەوە إن شاءالله. چاوەڕوان بن!

بۆچوونەکان
بۆچونی تۆ