ئای ئۆ ئێس
26, کانوونی یەکەم 2017
کەم کردنەوەی بەرهەم هێنانی iPhone X بە شێوەیەکی بەرچاو لە بەهای ئابووری کۆمپانیای ئەپڵ کەم دەکاتەوە!

دوێنێ هەواڵ بڵاوبووەوە سەبارەت بەوەی ئەپڵ بەرهەم هێنانی ئێستای ئایفۆن ١٠ی بە ڕێژەی ٤٠٪ کەم کردووەتەوە! لە ٥٠ ملیۆنەوە بۆ تەنها ٣٠ ملیۆن، ئەمەش بووە هۆی دابەزینێکی بەرچاو لە پشکی کۆمپانیا ئەمریکییەکە و بووە هۆی دابەزینی بەهای کۆمپانیاکە بە بڕی ١٤ ملیار دۆلار! لە کاتێکدا هەموو چاوەکان لەسەر ئەپڵبوون تاوەکوو بەهای بگاتە یەک ترلیۆن دۆلار، ئەم دابەزینە بەرچاوە وای کرد بەهای کۆمپانیاکە زۆر بچێتە خوار ٩٠٠ ملیار دۆلاریش، هۆکاری ئەم دابەزینە کەم کردنەوەی بەرهەم هێنانی ئایفۆنە نوێیەکەیە، چونکە ئەم کەم کردنەوەیە بەم ڕێژە بەرزە واتای ئەوەیە فرۆشی مۆبایلەکە لە ئاست چاوەڕوانییەکانی ئەپڵدا نییە.

لە کۆتاییدا پێویستە چاوەڕێ بکەین تاوەکوو مانگی داهاتوو ئەپڵ ڕاپۆرتی فرۆش و داهات و قازانجی خۆی بۆ ئەم چارەکەی ئێستا کە چارەکی چوارەم و کۆتایی ٢٠١٧یە بڵاو دەکاتەوە، ئەوکات دەزانین ئەپڵ لەم چارەکەدا چەند ملیۆن ئایفۆنی ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان کردووە، بەڵام ئەستەمە ئەپڵ ژمارەی ئایفۆن ١٠ بە تەنها ئاشکرا بکات، چونکە ئەپڵ هەمیشە تەنها ئاماژە بە فرۆشی کۆی گشتی ئایفۆنەکان دەکات.
محمد شوان
خوێندکاری قۆناغی سێیەمی زانکۆم و حەزێکی زۆرم بۆ تەکنەلۆژیا هەیە، سوپاس بۆ خودا تا ڕاددەیەک زانیاری و شارەزاییم لە مۆبایلە زیرەکەکان و کۆمپیوتەردا هەیە، بە تایبەتیش لە سیستەمی وەگەڕخەری ئەندرۆید، هیوام وایە بتوانم خزمەتێکی بچووک بە هاونیشتمانیانم و بە وێبی کوردی بکەم و سوود لەم ئەزموونە وەربگرم.