
لە ئێستادا کامێرای مۆبایلە زیرەکەکان گەیشتوونەتە ئاستێکی زۆر بەرز، بەڵام بۆ ئەوەی بە تەواوی سوود لە تواناکانیان وەربگریت بۆ کاری ڤیدیۆگرافی و دروستکردنی ناوەڕۆک، پشت بەستن بە ئەپی بنەڕەتی کامێرای مۆبایلەکەت بەس نییە. لێرەدا باس لە دوو ئەپی پێشکەوتوو و ناوازەی کامێرا دەکەین کە بە تەواوی مۆبایلەکەت دەگۆڕن بۆ ئامرازێکی پڕۆفیشناڵی سینەمایی.
١. Final Cut Camera
ئەم ئەپە لەلایەن کۆمپانیای ئەپڵەوە پەرەی پێدراوە و بەتایبەتی بۆ بەکارهێنەرانی سیستەمی iOS و iPadOS دروستکراوە. ئەپەکە ڕووکارێکی پاک و سادە، بەڵام لە هەمان کاتدا پڕ لە ئامرازی پڕۆفیشناڵی هەیە کە ڕێگەت پێدەدات ڤیدیۆی کوالێتی بەرز تۆمار بکەیت بە هەبوونی کۆنترۆڵی تەواو بەسەر ڕێکخستنەکاندا.

تایبەتمەندییە جیاکەرەوەکانی:
-
کۆنترۆڵی دەستیی تەواو (Full Manual Control): دەتوانیت بە وردی دەستکاری ISO، خێرایی شەتەر (Shutter Speed)، وایت باڵانس (White Balance) و فۆکەس بکەیت، بۆ ئەوەی بە تەواوی کۆنترۆڵی دیمەنەکە و ڕووناکییەکەت هەبێت.
-
تایبەتمەندی Live Multicam: یەکێک لە بەهێزترین خاڵەکانی ئەم ئەپەیە، کە ڕێگەت پێدەدات تا ٤ ئامێری ئایفۆن یان ئایپاد پێکەوە ببەستیتەوە و لە یەک کاتدا لە چەند گۆشەیەکەوە ڤیدیۆ تۆمار بکەیت. پاشان دەتوانیت ڕاستەوخۆ لە ئەپی Final Cut Pro لە ئایپادەکەتدا سینکیان Sync بکەیت و مۆنتاژیان بکەیت.
-
پشتگیری بۆ ProRes و Apple Log: ئەگەر ئایفۆنێکی نوێت هەیە (زنجیرەی ١٥ پرۆ و بەرەو سەر)، ئەم ئەپە ڕێگەت پێدەدات بە فۆرماتی ProRes RAW و لە دۆخی Apple Log ڤیدیۆ تۆمار بکەیت، کە ئەمەش بڕێکی زۆر لە زانیاری و ڕەنگەکان دەپارێزێت و لە کاتی مۆنتاژ و ڕێکخستنی ڕەنگەکاندا (Color Grading) نەرمی و ئازادییەکی زۆرت پێدەدات.
بەستەری داگرتن:
٢. Blackmagic Camera
ئەپی Blackmagic Camera، کە لەلایەن کۆمپانیای بەناوبانگی Blackmagic Design ەوە دروستکراوە، هەمان ئەزموون و ڕووکاری کامێرا سینەماییەکانی خۆیان دەهێنێتە ناو مۆبایلەکەتەوە. دڵخوازترین ئەپی کامێرایە لەلای من یەکێک لە خاڵە هەرە بەهێزەکانی ئەم ئەپە ئەوەیە کە جگە لە ئامێرەکانی ئەپڵ، بۆ سیستەمی ئەندرۆیدیش (Android) بەردەستە.

تایبەتمەندییە جیاکەرەوەکانی:
-
ڕووکاری کامێرا سینەماییەکان: ڕووکاری بەکارهێنەری ئەپەکە هەمان ئەو ڕووکارەیە کە لە کامێرا پڕۆفیشناڵەکانی Blackmagic دا بەکاردێت. ئەمەش وا دەکات گۆڕینی ڕێکخستنەکانی وەک گۆشەی شەتەر (Shutter Angle)، فڕەیم ڕەیت و ISO زۆر خێرا و ئاسان بێت.
-
تۆمارکردن بۆ ناو هەوری Blackmagic Cloud: دەتوانیت ڕاستەوخۆ ڤیدیۆکانت لە کاتی تۆمارکردندا بنێریت بۆ هەوری Blackmagic. ئەمە تایبەتمەندییەکی زۆر گرنگە بۆ تیمی کارکردن، چونکە ڕێگە دەدات مۆنتێرەکانت لە هەر شوێنێکی جیهان بن لە ڕێگەی پرۆگرامی DaVinci Resolve دەست بکەن بە مۆنتاژکردنی پڕۆژەکە بێ ئەوەی چاوەڕێی گواستنەوەی فایلەکان بکەن.
-
ئامرازەکانی چاودێریکردنی وێنە (Monitoring Tools): ئەپەکە پشتگیری لە تایمکۆد (Timecode)، و ئامرازە پێشکەوتووەکانی وەک Focus Peaking، False Color و Zebra دەکات بۆ دڵنیابوون لە دروستی ڕووناکی و فۆکەس لە کاتی وێنەگرتندا.
- دانانی Lut: ڕاستەوخۆ لەناو ئەپەکە دەتوانیت بە Lutی دیاریکراو ڤیدیۆ تۆمار بکەیت. ئەم فایلانە ڕێگەت پێدەدەن ڕەنگی نایاب کە لەلایەن شارەزایانەوە بەردەستکراون بەسەر تۆماری ڤیدیۆکە زاڵی بکەیت و ئەنجامی سینەمایی و جیاواز بەدەست بهێنیت.
- دەوڵەمەندی ڕێکخستنەکانی: ئەم ئەپە ڕێکخستنەکانی زۆر زۆر دەوڵەمەندە و پڕیەتی لە تایبەتمەندی، کە هەر لە بوونی کۆدێکی جیاوازی وەکو HEVC و APV ـەوە تاوەکو گۆڕینی مایک و Color Space و چەندانی تریش…
بەستەرەکانی داگرتن: