ئەپ و نەرمەکاڵا 22, حوزه‌یران 2026

شۆڕشێک لە جیهانی مۆنتاژی دەنگدا: وەشانی تاقیکاری Audacity 4.0 بە ڕووکارێکی نوێوە و تایبەتمەندی ناوازەوە بڵاوکرایەوە!

بۆ چەندین ساڵە، هەرکاتێک پێویستمان بە تۆمارکردنی دەنگ، لابردنی ژاوەژاو، یان دەستکاریکردنێکی خێرای پۆدکاستەکانمان بووبێت، بەرنامەی ئۆداستی Audacity بژاردەی یەکەم و بێبەرامبەرمان بووە. ئەم بەرنامە سەرچاوە کراوەیە واتا (Open-source)ـە خزمەتێکی گەورەی بە دروستکەرانی ناوەڕۆک کردووە، بەڵام هەمیشە یەک گلەیی گەورەی لەسەر بووە کە دەگوترا “ڕووکارەکەی زۆر کۆنە و شێوازی کارکردنی ئاڵۆزە!”

ئێستا، دوای ماوەیەکی زۆر لە چاوەڕوانی، تیمی پەرەپێدەرانی بەرنامەکە وەشانی تاقیکاری Audacity 4.0 Betaـیان بڵاوکردەوە، کە بە گەورەترین نوێکاری دادەنرێت لە مێژووی ئەم بەرنامەیەدا و بەتەواوی شێوازی کارکردنی دەگۆڕێت.

لێرەدا دیارترین ئەو گۆڕانکارییە ڕیشەییانە دەخەینە ڕوو کە لەم وەشانەدا کراون:

١. ماڵئاوایی لە ڕووکارە کۆنەکە (A Modern, Redesigned UI) 

گەورەترین شۆک لە کاتی کردنەوەی Audacity 4.0 دا، گۆڕانی تەواوەتی ڕووکارەکەیەتی. تیمی پەرەپێدەران بەتەواوی دیزاینە کۆنەکەیان فڕێداوە و ڕووکارێکی زۆر مۆدێرن، خاوێن، و ڕێکخراویان دروستکردووە. ئایکۆنەکان نوێکراونەتەوە، ڕەنگەکان گونجاوترن بۆ چاو (بە بوونی دۆخی تاریکی – Dark Modeی پێشکەوتوو)، و ئیتر لیستی بژاردەکان هێندەی جاران ئاڵۆز نین و بەکارهێنانیان زۆر ئاسانتر بووە بۆ کەسانی سەرەتایی و پڕۆفیشناڵیش.

٢. دەستکاریکردنی پێشکەوتوو بەبێ تێکدانی فایلەکان (Non-destructive Editing)

ئەمە ئەو تایبەتمەندییە بوو کە ساڵانێکە پڕۆفیشناڵەکان داوای دەکەن! لە وەشانەکانی پێشوودا، کاتێک ئیفێکتێکت (وەک Echo یان گۆڕینی دەنگ) دەخستە سەر فایلەکە، ڕاستەوخۆ دەچووە ناو شەپۆلی دەنگەکەوە و نەتدەتوانی دواتر لایبەریت مەگەر کلیکت لە (Undo) بکردایە. بەڵام لە Audacity 4.0 دا، سیستەمی Non-destructive جێگیر کراوە. واتە دەتوانیت ئیفێکتەکان بخەیتە سەر دەنگەکە بە شێوەی (Real-time)، دواتر هەر کاتێک بتەوێت دەتوانیت ڕێکیان بخەیتەوە، کەم و زیادیان بکەیت، یان بەتەواوی بیانکوژێنیتەوە بێ ئەوەی فایلی دەنگە بنەڕەتییەکە هیچ زیانێکی پێ بگات.

٣. ڕێکخستنی خێراتری هێڵەکانی دەنگ (Improved Workflow & Track Management)

ئەگەر کاری پۆدکاست دەکەیت و چەندین هێڵی دەنگی جیاوازت هەیە، ئێستا کارەکە زۆر ئاسانتر بووە. جوڵاندنی پارچە دەنگەکان (Clips)، بڕین، و تێکەڵکردنیان زۆر نەرمتر بووە. هەروەها زیادکردنی (Fade in/Fade out) ڕاستەوخۆ لەسەر خودی پارچە دەنگەکە دەکرێت بەبێ ئەوەی پێویست بکات بچیتە ناو لیستی ئیفێکتەکانەوە.

چۆن دایبەزێنم؟

لەم کاتەدا، وەشانی 4.0 تەنها بە شێوەی تاقیکاری (Beta) بەردەستە، واتە ڕەنگە هەندێک هەڵە (Bug) لە کاتی کارکردندا هەبێت و هێشتا وەشانی کۆتایی و جێگیر نییە. بەڵام ئەگەر دەتەوێت پێش هەمووان تاقیبکەیتەوە، دەتوانیت ڕاستەوخۆ لە ماڵپەڕی فەرمی Audacity لە دایبەزێنیت بۆ هەردوو سیستەمی ویندۆز و ماک. کرتە بکە.

پێم وایە ئەم هەنگاوەی Audacity نیشانی دەدات کە بەرنامە سەرچاوە کراوە و بێبەرامبەرەکانیش دەتوانن ڕکابەری بەرنامە گرانبەهاکانی وەک Adobe Audition بکەن.

تاگەکان Audacity Audacity4
بۆچونی تۆ