سۆنی 23, تەممووز 2026

کامێرای سینەمایی نوێی Sony FX5: هێزی کامێرا زەبەلاحەکان لە قەبارەیەکی بچووکدا

کۆمپانیای سۆنی بەردەوامە لە فراوانکردنی خێزانی کامێرا سینەماییەکانی و ئەمجارەیان بە ڕاگەیاندنی مۆدێلی نوێی Sony FX5 دروستکەرانی ناوەڕۆک و وێنەگرانی ڤیدیۆیی سەرسامکرد. پێدەچێت ئەم کامێرایە وەک پردێک لە نێوان کامێرا بچووک و سووکەکانی وەک FX3 و کامێرا پڕۆفیشناڵە گەورەکانی وەک FX6 کار بکات.

بۆ ئەو کەسانەی کە لە کاتی تۆمارکردنی ڤیدیۆی پێداچوونەوەی بەرهەمەکان (Product Reviews) یان دروستکردنی ناوەڕۆکی دیجیتاڵیدا، پێشتر پشتیان بە توانای هەستەوەری فوول فرەیم (Full-Frame) لە کامێراکانی وەک A7 III یان دیزاینە تایبەت و پێشکەوتووەکەی ZV-E1 بەستووە، دەرکەوتنی FX5 نوێنەرایەتی هەنگاوێکی گەورە و لۆجیکی دەکات بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتی کارەکانیان بۆ ئاستێکی سینەمایی بێوێنە.

کامێراکە هەڵگری هەستەوەرێکی تەواو نوێیە کە بەتایبەتی بۆ کاری سینەمایی نەخشێندراوە. لە گرنگترین تایبەتمەندییە تەکنیکییەکانی ئەم هەستەرەوە بریتین لە پشتگیریکردنی تۆمارکردنی (Open Gate) و بوونی سێ ئاستی بنەڕەتی بۆ هەستیاری ڕووناکی (Three Native Base ISOs) لەگەڵ سیستەمی پرۆسێسکردنی (Dual Gain).

سۆنی لەم مۆدێلەدا توانیویەتی فۆرماتی تۆمارکردنی زۆر پێشکەوتووی (X-OCN) بهێنێتە ناو ئەم جەستە بچووکەوە. لە هەمان کاتدا، ڕۆڵی ژیریی دەستکرد (AI) تێیدا زۆر فراوانتر کراوە و تەنها لە بواری فۆکەسی ئۆتۆماتیکیدا کورت نەکراوەتەوە. هەروەها، سیستەمی جێگیرکردنی وێنە (Stabilization) بەرزکراوەتەوە و تایبەتمەندی نزیککردنەوەی (Clear Image Zoom)ـیش زیرەکتر و وردتر کراوە.

لە ڕووی ئەزموونی بەکارهێنانەوە، FX5 ڕووکارێکی (Interface) نوێی هەیە کە زیاتر گونجێندراوە بۆ ژینگەی بەرهەمهێنانی سینەمایی، هاوشان لەگەڵ سیستەمێکی نوێی وزە و پاتری. بەکارهێنەران دەتوانن بەپێی جۆری کارەکانیان ئامێری تری بۆ زیاد بکەن؛ وەک کەیبڵی تایبەت بە (Timecode)، چاوی ئەلیکترۆنی (Electronic View Finder)، و دەسکی (XLR) کە توانای تۆمارکردنی دەنگی بێخەوش بە سیستەمی (32-Bit Float) بە کامێراکە دەبەخشێت.

وردەکارییەکانی هەستەوەرەکەی:

  • هەستەوەری (Full-Frame Stacked Exmor RS).

  • ڕوونی بنەڕەتی ١٦.٦ مێگاپێکسڵ.

  • پێکهاتەی هەستەوەری (CMOS)ـی فوول فرەیمی چیندار (Stacked).

  • بەرزترین ڕوونی دەگاتە 5K.

  • خێرایی زیاتر لە خوێندنەوەی هەستەوەر بۆ وێنەگرتن بە فرەیمی بەرز.

  • توانای تۆمارکردنی ڤیدیۆ بە ڕوونی 5K و ٦٠ فرەیم (60p).

  • تۆمارکردن بە ڕوونی 4K و 240 فرەیم (240p).

  • تۆمارکردن بە ڕوونی Full HD و ٢٤٠ فرەیم (240p) کە بۆ دیمەنی خاو (Slow Motion) زۆر نایابە.

  • زیاتر لە ١٥ ستۆپ لە داینامیک ڕەینجی بنەڕەتی (15+ Stops Dynamic Range).

  • سێ ئاستی بنەڕەتی بۆ هەستیاری ڕووناکی (Three Base ISO).

  • دۆخی پرۆسێسکردن و خوێندنەوەی (Dual Gain).

  • پشتگیریکردنی وێنەگرتنی (Open Gate) بە ڕەهەندی 3:2.

پەیوەستبوون و شێوازی کارکردن (Connectivity & Workflow):

  • بوونی دەرچەی HDMI جۆری A لەگەڵ دەرچەی ئینتەرنێت (Ethernet/LAN).

  • دوو دەرچەی تایپ سی (USB Type-C).

  • دەرچەی ٣.٥ ملم بۆ مایکڕۆفۆن و دەرچەی ٣.٥ ملم بۆ بیستۆک (Headphone).

  • چەندین کونی قەبارە 1/4-20 UNC لەسەر جەستەکەی بۆ بەستنی ئامێرە لاوەکییەکان.

  • وایفای سێ-باندی پێشکەوتوو: ٢.٤ گێگاهێرتز، ٥ گێگاهێرتز، و ٦ گێگاهێرتز.

  • پاڵپشتی کارکردنی خێرا و گواستنەوەی داتا لە ڕێگەی وایەر و بێتەلەوە.

  • دروستکراوە بەتایبەتی بۆ بەرهەمهێنانی ڤیدیۆ بە بەکارهێنانی چەندین کامێرا لە یەک کاتدا (Multi-camera).

  • نەخشێندراوە بۆ پەخشی ڕاستەوخۆ (Streaming) و بەستنەوەی ئامێرەکان بەیەکەوە لە کاتی کارکردندا.

  • پشتگیریکردنی ئەپی (Monitor & Control).

  • چاودێریکردن و کۆنتڕۆڵکردنی کامێراکە بەشێوەی بێتەل لە ڕێگەی مۆبایلە زیرەکەکانەوە.

  • پشتگیری تێکەڵکردنی کامێراکە بە ژینگەی بەرهەمهێنانی مۆدێرن لە ڕێگەی IP و نێتۆرکەوە.

  • زیادکردنی دەرچەی (Ethernet) بژاردەکانی کارکردن لە ستۆدیۆ، کۆنتڕۆڵکردن لە دوورەوە، و کارەکانی بەرهەمهێنان لە ڕێگەی IP زۆر فراوانتر دەکات.

لە کۆتاییدا، بە هێنانی زانستی ڕەنگە ناسراوەکەی کامێرای VENICE بۆ ناو جەستەیەک کە بەتەواوی گونجاوە بۆ بەکارهێنان لەسەر گیمبڵ (Gimbal)، درۆن، و وێنەگرتنی بەدەست، پێدەچێت FX5 ببێتە کامێرای دڵخوازی زۆرێک لە دەرهێنەرانی دۆکیومێنتاری و بەرهەمهێنەرانی ناوەڕۆکی بازرگانی.

لەڕووی نرخەوە، سۆنی دەڵێت بەم دوو شێوەیە بەردەست دەبێت:

  • تەنها لاشە: $4,999
  • لاشە بە دەستکی XLRـەوە: $5,499
سەرچاوە ProVideo CoalitionCineD
تاگەکان FX5 Sony SonyFX5
بۆچونی تۆ