مۆبایل و تابلێت
13, تشرینی یەکەم 2019
ڤیدیۆیەکی زیندووی مۆبایلی Realme X2 Pro دزەی پێکرا و بە تەواوی دیزاینی ئاشکرا بوو

کۆمپانیای Realme لە ئامادەکاریدایە بۆ ڕاگەیاندنی نەوەیەکی نوێ لە زنجیرەی Realme X. دەنگۆ و بڵاوبوونەوەی وێنە و زانیارییەکان لەسەر مۆبایلەکە درێژەیان کێشا و لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا ژمارەیەک وێنەی زیندووی لێ بڵاوکرایەوە.
ئەمڕۆ ڤیدیۆیەکی زیندووی مۆبایلی نوێی Realme X2 Pro لە تۆڕی Weibo ـی چینی بڵاوکرایەوە و دیزاینی تەواوەتی مۆبایلەکە ئاشکرا بوو. لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت کە پێچەوانەی نەوەی پێش خۆی، مۆبایلەکە لە پشتەوە خاوەن 4 دانە کامێرا دەبێت. خاوەن هەستەوەری پەنجەمۆر نابێت لە پشتەوە و وێنۆچکەی Realme بە شێوەیەکی ئاسۆیی لە خوار کامێراکانیەوە جێگیر کراوە. هەروەها مۆبایلەکە خاوەن ڕەنگێکی سپی و مۆری تێکەڵاو دەبێت.
هەروەها لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت کە مۆبایلەکە خاوەن دوگمەی هەڵکردن/کوژاندنەوە دەبێت لە ڕاست، وە لە چەپیش خاوەن دوگمەکانی کۆنتڕۆڵکردنی دەنگ دەبێت. وا دیارە لە ژێرەوەش خاوەن هەریەکە لە دەرچەکانی USB-C و بیستۆکی 3.5 میلیمەتری دەبێت.
وا بڕیارە لە ڕێکەوتی 15 ـی ئەم مانگەدا کۆمپانیای ڕێیەلمی Realme X2 Pro ڕابگەیەنێت، دەزانین کە مۆبایلەکە پڕۆسێسەری Snapdragon 855 Plus و ڕامی 12 گێگابایتی لەسەر جێگیر دەبێت و خاوەن نوێبوونەوەی ڕوونمای 90 هێرتز و 2 بڵندگۆی Stereo دەبێت.
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو لە Kitn لە ٢٠١٨ ـەوە.
ئەندازیاری iOS لە Gateway.
خوێندکاری ئەندازیاریی ئایتی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی.