10
بابەتی گرینگ 14, ئاب 2016

مانگی داهاتوو مۆبایلێک بە ڕامی هەشت گێگابایت ڕادەگەیەندرێت!

LeEcoKitn

لە ماوەی ڕابردوودا، چەند مۆبایلێک ڕاگەیاندران کە بازاڕی مۆبایلیان هەژاند، لەوانە ڕاگەیاندنی چەند مۆبایلێک بە ڕامی شەش گێگابایت، وەک مۆبایلی Asus ZenFone 3 Deluxe کە مانگی پێنجی ئەمساڵ ڕاگەیاندرا بە تایبەتمەندی نایاب و پێشکەوتووەوە، دوای مانگێک بەسەر تێپەڕبوونی ئەم مۆبایلەدا، کۆمپانیای بەناوبانگی وەن پڵەس مۆبایلێکی ناوازەی بە ناوی وەن پڵەس ٣ بە ڕامی شەش گێگابایتەوە ڕاگەیاند! ئەمانە و چەند مۆبایلێکی تر سەرنجی بازاڕەکانی مۆبایلیان بۆ خۆیان ڕاکێشا. کۆمپانیای LeEco ـی چینی، بێ بەش نەبوو لە ڕاگەیاندنی مۆبایل بە ڕامی شەش گێگابایت، بەڵکو دەتوانین بڵێین دەستپێشخەریش بوو بۆ ڕاگەیاندنی، ئەم کۆمپانیایە مانگی چواری ئەمساڵ مۆبایلێکی پێشکەوتوو و نایابی بە ناوی LeEco Le Max 2 ڕاگەیاند کە ڕامێکی شەش گێگابایتی لەخۆگرتبوو لەگەڵ کارکردن بە پڕۆسێسەری بەناوبانگی سناپدڕاگۆن ٨٢٠، ئەم مۆبایلەش بە نرخی ٤٠٠ دۆلار و لە مانگی پێنجدا دەستکرا بە فرۆشتنی.

بەڵام ئەمانە هێشتا سنووری پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا نین، دیسانەوە کۆمپانیای LeEco هاتۆتەوە مەیدان، ئەمجارەیان دەیەوێت ببێتە یەکەمین کۆمپانیا بۆ ڕاگەیاندنی مۆبایلێک کە ڕامەکەی هەشت گێگا بێت. بەپێی پڕوپاگەندەکان، مۆبایلەکە ناوی LeEco Le2S دەبێت، لە کاتی ڕاگەیاندنی ئەم مۆبایلەدا، دەبێتە بەهێزترین و پێشکەوتووترین مۆبایل لە جیهاندا. پێشبینی دەکرێت مۆبایلەکە بە نوێترین و پێشکەوتووترین پڕۆسێسەر کاربکات بە ناوی سناپدڕاگۆن ٨٢١، هەروەها بیرگەی ناوەکییەکەی ٦٤ گێگابایت دەبێت.

وێنەیەکی دزەپێکراوی مۆبایلەکە
وێنەیەکی دزەپێکراوی مۆبایلەکە

بەپێی چەند زانیارییەک، ئەم مۆبایلە لە مانگی داهاتوودا لە وڵاتی چین دەست دەکرێت بە فرۆشتنی، پێشبینی دەکرێت لە دواییشدا بۆ چەند وڵاتێکی تر بەردەست بکرێت.

لەوانەیە یەکەمجار بێت ناوی ئەم کۆمپانیایەت گوێ لێبێت، ئەمەش لەبەر ئەوەی کۆمپانیاکە ناوبانگێکی زۆری لە ئێستادا نییە و زیاتر سەرنجی لەسەر وڵاتی چینە بۆ فرۆشتنی بەرهەمەکانی. لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا ڕامی چوار گێگابایت و شەش گێگابایت، ناتوانن داخوازی بەکارهێنەر پڕبکەنەوە؟ ئایا بەکارهێنەری مۆبایل پێویستی بە ڕامی هەشت گێگابایت هەیە؟ ئێوەش دەتوانن لەڕێگای لێدوانەکانی بابەتەوە یاخود لە پەڕەی فەیسبووکەوە بۆچوونەکانتان دەرببڕن.

سەرچاوە: ئەردرۆید

بۆچونی تۆ