جۆراوجۆر
5, تهمموز 2017
باشترین یارییە نوێیەکانی مانگی پێشووی پلەیستەیشن ٤

سۆنی بەردەوامە لە هەماهەنگی لەگەڵ گەورە و بچوکی کۆمپانیاکانی دروستکەری یارییە ڤیدیۆییەکان و مانگی پێشووش ٦٣ یاری نوێ و نوێکردنەوەی گەورە بۆ ئامێری پلەیستەیشن ٤ بەردەست کراون! بەمەش کۆی گشتی یارییە بەردەستەکانی ئامێرەکە گەیشتە ١٥٤٢ یاری.
یارییە نوێیەکان هەمەجۆرن و لە ڕووی گرنگی و ناوبانگ و ڕاکێشانی سەرنجی شەیدایانی یارییە ڤیدیۆییەکانەوە لە ئاستی جیاوازدان و کۆمەڵێکیان زیاتر شایەنی باسن وەک لەوانی تر.
یەکێک لە گرنگترین یارییە نوێیەکان Tekken 7ە کە بۆ ئێکس بۆکس وەن و ویندۆزیش بەردەستە و هەر زوو ژمارەیەکی زۆر فرۆشی تۆمار کردووە.
یەکێکی تر لە باشترین یارییە نوێیەکان بریتییە لە Nex Machina کە شێوازێکی پڕ چێژ و تا ڕاددەیەک سادەی هەیە و بەرز هەڵسەنگێندراوە لە لایەن ماڵپەڕە جیهانییەکان، هەروەها بۆ ئێکس بۆکس بەردەست نییە بەڵکو تەنها بۆ پلەیستەیشن و ویندۆز بەردەستە.
هەوادارانی پێشبڕکێی ئۆتۆمبێلیش بێبەش نین و دەتوانن یاری Dirt 4 تاقی بکەنەوە کە زۆر نایابە، هەروەها بۆ ئێکس بۆکس و ویندۆزیش بەردەستە.
یەکێکی تر لەو یارییانەی شایەنی باسە یاری Arizona Sunshineە کە ماوەی چەند مانگێکە بۆ ویندۆز بەردەستە و لە ئێستادا بۆ پلەیستەیشنیش بەردەست بووە، یارییەکە لە جۆری خەیاڵی ڕاستەقینەیە و بە ئامێری Playstation VR کار دەکات، هەروەها لە جۆری کەسی یەکەمی تەقەکەرە و تیایدا ڕووبەڕووی زۆمبییەکان دەبیتەوە.
کۆمەڵێکی زۆر لە یارییە نوێیەکان ئاست بەرز و شایەنی تاقی کردنەوەن وەک Get Even، Dead by Daylight، Victor Vran.
محمد شوان
خوێندکاری قۆناغی سێیەمی زانکۆم و حەزێکی زۆرم بۆ تەکنەلۆژیا هەیە، سوپاس بۆ خودا تا ڕاددەیەک زانیاری و شارەزاییم لە مۆبایلە زیرەکەکان و کۆمپیوتەردا هەیە، بە تایبەتیش لە سیستەمی وەگەڕخەری ئەندرۆید، هیوام وایە بتوانم خزمەتێکی بچووک بە هاونیشتمانیانم و بە وێبی کوردی بکەم و سوود لەم ئەزموونە وەربگرم.