گەرمترین 4, ئه‌یلول 2018

ڕێکەوتی نمایشکردنی Huawei Mate 20 ئاشكرا كرا + زانیاری دەربارەی مۆبایلەکە بخوێنەوە

لە دوای ژمارەیەکی زۆر لە زانیاری دەزەپێکراو و دەنگۆ دەربارەی ڕێکەوتی نمایشکردنی مۆبایلی Mate 20، بە فەرمی هواوەی ڕێکەوتی فەرمی ئەم مۆبایلەی ڕاگەیاند کە هاوکات لەگەڵ Mate 20 بڕیار وایە مۆبایلی Mate 20 Pro ڕابگەیەنێت.

لە هەژماری فەرمی خۆیان لە تویتەر، هواوەی ڕێکەوتی ڕاگەیاندنی Mate 20ی بۆ ١٦\١٠\٢٠١٨ واتە مانگی داهاتوو دیاریکردووە، کە ڕووداوەکە لە شاری لەندەنی پایتەختی بەڕیتانیا بەڕێوە دەچێت.

هەروەکو لە پۆستەری ڕێکەوتەکە دیارە، ئەم مۆبایلە یەکەم مۆبایل دەبێت پڕۆسێسەری Kirin 980ـی لەسەر بێت، کە لە هەفتەی ڕابردوو لە پێشانگای IFA2018 نمايشی کرد. جێگەی ئاماژەیە، هواوەی لە کاتی نمایشی ئەم پڕۆسێسەرە ڕایگەیاند کە خێراتر و باشترە لە پڕۆسێسەرە ڕکابەرەکانی، لێرەدا مەبەست پێیان پڕۆسێسەرەکەی کوالکۆمە کە ناسراوە بە سناپدراگۆن ٨٤٥. هەروەها، پڕۆسێسەری Kirin 980 یەکەم پڕۆسێسەری هواوەیە کە بە تەکنەلۆژیای ٧ نانۆمەتری دروستکرابێت.

بە گوێرەی زانیاریە دزەپێکراوەکانی پێشتر، مۆبایلی Mate 20 خاوەنی ڕوونمایەکی ئەمۆلێد دەبێت بە قەبارەی ٦.٣ ئینج، لەگەڵ ڕامێکی ٦ گێگابایتی یان زیاتر و بیرگەیەکی ناوخۆیی ١٢٨ گێگابایت یان زیاتر، پاتریەکەیشی ٤٢٠٠ ملی ئەمپێرە و پشتگیری لە خێرا بارگاویکردنەوە دەکات. هەروەک مۆبایلەکە دەبێت بە سیستەمی ئەندرۆید ٩,٠ پای کاربکات.

زۆرینەی ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن Mate 20 خاوەنی سێ کامێرا دەبێت لەسەر پشتەوەی بە (١٢ مێگاپێکسڵ+٢٠ مێگاپێکسڵ+٨ مێگاپێکسڵ)، هەروەک Mate 20 Pro خاوەنی سێ کامێرا دەبێت بەم شێوەیە (٤٠ مێگاپێکسڵ+٢٠ مێگاپێکسڵ+٨ مێگاپێکسڵ)، هەروەها، هواوەی بەردەوام دەبێت لە هەماهەنگی لەگەڵ لایکا بۆ پەرەپێدانی کامێراکانی و پێدەچێت پشت بە نوێترین هەستەوەرەکانی کۆمپانیای سۆنی ببەستێت کە IMX300 و IMX600ـن.

هەروەها پێشبینی دەکرێت کە هواوەی جگە لە Mate 20 و Mate 20 Pro، جۆری Mate 20 Porsche Edition ڕابگەیەنێت، بیرمان نەچێت کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر Mate 20 Liteـی ڕاگەیاند و لەم بەستەرەوە زانیاری لەسەر بخوێنەوە.

سەرچاوە :
تاگەکان Huawei
بۆچونی تۆ