ئاسایشی ئەلیکترۆنی

چەند ھاککەرێک توانیویانە لە ڕێگای نەرمەکاڵای واتسئەپەوە چاودێری بەکارھێنەران بکەن

ھەر وەکو زانراوە نەرمەکاڵای واتسئەپ تایبەتە بە چەشنی گفتوگۆ و بۆ گشت ئامێرەکان بەردەستە، واتسئەپ بەدەر نییە لەو ھێرشە ئەلکترۆنییانەی کە دەکرێتە سەر بەکارھێنەران.

کۆمپانیای واتسئەپ ڕایگەیاند کە چەند ھاککەرێک توانیویانە لە ڕێگەی نەرمەکاڵای واتسئەپەوە چاودێری بەکارھێنەران بکەن.

ھەروەھا کۆمپانیای ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد، کە ھاککەرەکان کاریان بۆ کۆمپانیایەکی ئیسڕائیلی کردووە بە ناوی NSO، کە لە ڕێگای کەلێنێکەوە نەرمەکاڵای واتسئەپ و ھەژماری بەکارھێنەرانیان هاک کردووە. کۆمپانیایەکە وتیشی ئەم ھێرشە ژمارەیەک لە بەکارھێنەرانی نەرمەکاڵای واتسئەپی گرتۆتەوە، کۆمپانیایەکە لە ئێستادا هەوڵی چارەسەرکردنی کەلێنەکە دەدات.

ئەو ھێرشە ئەلکترۆنییە لە رێگای نامەیەکی دەنگی دەنێردرێت بۆ بەکارھێنەرانی واتسئەپ، ئەگەر ھاتوو وەڵامی نەدایەوە، خودکارانە نامە دەنگییەکە لە لای بەکارھێنەر دەسڕدرێتەوە. کۆمپانیا ئیسڕائیلییەکە دانی داناوە بەوەی کە لە ڕێگای نەرمەکاڵاکەوە چاودێری ئامێرەکانیان کردووە.

لە ئێستادا نەرمەکاڵای واتسئەپ زیاتر لە 1.5 ملیار بەکارھێنەری ھەیە لە سەرتاسەری جیھاندا.

سەرچاوە :

15 ئایار، 2019