ئەپڵ

ئەپڵ ڕایگەیاند پاتری لاپتۆپەکانی MacBook Pro ـی مۆدێل 2015 مەترسی ئاگر گرتنیان لێ دەکرێت

کاتێک باسەکە دێتە سەر پاتری، پێویستە بە جدی لێی بڕواندرێت. ئەگەر بەکارهێنەر یاخود خاوەنی لاپتۆپی MacBook Pro ـی مۆدێل 2015 ـیت، ئەم بابەتە بخوێنەوە.

کۆمپانیای ئەپڵ ڕایگەیاند کە ژمارەیەک لە لاپتۆپەکانی MacBook Pro ـی خاوەن ڕوونمای Retina Display ـی مۆدێل 2015 مەترسی ئاگرگرتنی پاترییەکانیان لێ دەکرێت. ئەو ژمارە دیاریکراوە ئەو MacBook Pro ـیانە دەگرێتەوە کە لە نێوان مانگی 9 ـی ساڵی 2015 تاوەکو مانگی 1 ـی 2017 فرۆشراون.

کۆمپانیاکە داوای لەو خاوەن لاپتۆپە MacBook Pro ـە دیاریکراوانە کردووە کە سەردانی نزیکترین بنکەی فەرمی چاککردنەوەی ئەپڵ بکەن بە مەبەستی نەهێشتنی مەترسی ئاگرگرتن. هەواڵە ناخۆشەکە ئەوەیە کە پڕۆسەی چاککردنەوەکە 1 بۆ 2 هەفتە دەخایەنێت. لە هەمووی ناخۆشتریش، هیچ بنکەیەکی فەرمی چاککردنەوەی ئەپڵیش لە عێراقدا بوونی نییە. ئەگەر لە عێراقیت، پێویستە لاپتۆپەکە ببەیتە یەکێک لە بنکەکانی چاککردنەوەی ئەپڵ لە وڵاتانی چواردەورت.

بە شێوەیەکی گشتی، ئەپڵ ڕایگەیاندووە کە مەترسی ئاگرگرتنەکە تەنها لەسەر لاپتۆپی MacBook Pro ـی مۆدێل 2015 ـی خاوەن ڕوونمای Retina Display ـە، نەوەک MacBook Pro ـی قەبارە 13 ئینجی مۆدێل 2015 کە لە هەمان ڕێکەوتی ئاماژەپێکراودا فرۆشراون.

نازانرێت کە تێچووی پڕۆسەی چاککردنەوەکە لە لایەن ئەپڵەوە بە خۆڕاییە یاخود نا، بەڵام ئەگەر بە پارەش بێت، بڕێک پارەی زۆر کەم وەردەگیرێت.

ئەگەر خاوەن لاپتۆپی MacBook Pro ـی مۆدێل 2015 ـیت، لەم بەستەرەوە ژمارەی زنجیرەیی (Serial Number) ـی ماک بووک پڕۆیەکەت بنووسە بە مەبەستی تۆماربوون لە پڕۆسەی چاککردنەوەکە.

سەرچاوە :
22 حوزه‌یران، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری پەیمانگای کۆمپیوتەرم، شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. ئێستا، لە کەی ئای تی ئێن سەرقاڵی نووسینی بابەتی پەیوەندیدار بە تەکنەلۆژیاوەم. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
708