10
بابەتی گرینگ 10, تشرینی یه‌كه‌م 2019 بۆچوون

هەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی کەی ئای تی ئێن پیرۆزبێت

بیرمە بە چەند مانگێک پێش دەست پێکردنی ئەم تۆڕە بە شەو و ڕۆژ بیرمان لە ناوێک دەکردەوە گونجاو بێت و کورت و ئاسان بێت و بێگومان ناوی شیرینی “کورد”ـی تێدا بێت. دوای بیرکردنەوەیەکی زۆر Kitn لە کۆی کۆمەڵێک ناو هەڵبژێردرا کە بە کوردی کورتکراوەی تۆڕی تەکنەلۆژیای زانیاری کوردییە، و بە ئینگلیزیش Kurdish Information Technology Networkـە. لە ڕاستیدا، ئێمە خاوەنی پڕۆژەی تری تەکنەلۆژی بووین پێش کەی ئای تی ئێن، بەڵام کەی ئای تی ئێن کۆکراوەی هەموو ئەم پڕۆژانە بوو کە لە پێشتر بە هۆکارێک لە هۆکارەکان وەستان. ئیتر دوای دەستپێکێکی ئەزموونی، بە فەرمی لە 10-10-2011 تۆڕەکە دامەزرا و ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێن بەناوە دۆمەینی Kitn.net کەوتە کار.

 

دەکرێت بڵێم لەو کاتەدا خوێنەرانمان لە پەنجەی دەست تێپەڕیان نەدەکرد، بەڵام گڕوتین و ئامانجە مەزن و گەورەکانی ئێمە وایکرد بەردەوام بین و کۆڵنەدەین. ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گەورەتر و بەرەوپێشتر دەچووین، بەڵام بێگومانیش هەوراز و نشێوی زۆرمان دیت و ئاوا بە ئاسانی نەگەیشتین بەمڕۆ. ئەمەی ئەمڕۆ دەیبینن بەرهەمی چەند ساڵەی کۆڵنەدان و شەونخونی کۆمەڵێک گەنجی خۆبەخشە، کە من لێرەوە سوپاسی تاکە بە تاکەیان دەکەم کە بە جۆرێک لە جۆرەکان پاڵپشتی ئەم پڕۆژە تەکنەلۆژییە بوونە و بوونەتە هۆکار لە گەیشتنی بەمڕۆ.

خۆشبەختانە و سەرباری ئەم هەموو ئاستەنگ و کێشە و گیروگرفتەی کە لە ماوەی ڕابردوودا هەبوون، ئەمڕۆ کەی ئای تی ئێن تەمەنی دەبێتە 8 ساڵ. بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە خۆمان و لە هەموو نوسەر و ئەوانەیشی هەمیشە هەواداری کەی ئای تی ئێن بوون لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان دەکەم.

کەی ئای تی ئێن ئەم پڕۆژە تەکنەلۆژییە بوو کە ئاراستەی بواری تەکنەلۆژیای گۆڕی لە کوردستان و لە هەمووانی گەیاند کە دەبێت بە ئاستێکی بەرزی ڕۆژنامەوانی و ئەکادیمی و زانستی بنوسن و وتار بڵاوبکەنەوە لە بوارەکەدا. پێداگیری و بەکارهێنانی سەدان وشەی کوردی بەرامبەر بە زاراوە تەکنەلۆژییە ئینگلیزییەکان لە لایەن کەی ئای تی ئێنەوە، وایکرد لەناو بوارەکە بەربڵاوی بە خۆیەوە ببین و هەمووان بەکاریان بهێنن. ڕووماڵی کۆنگرەی کۆمپانیا گەورەکانی بواری تەکنەلۆژیا و پێشانگا گەورەکانی بواری تەکنەلۆژیا بە زمانی کوردی لە کارەکانی کەی ئای تی ئێن بوو، و ئەمانە و چەندان گۆڕانکاری و نوێخوازی تری گەورە و مەزن لە وێبی کوردی لە بواری تەکنەلۆژیا لەگەڵ دامەزراندنی کەی ئای تی ئێن ڕوویاندا.

لەم کاتەوە تا ئەمڕۆش کەی ئای تی ئێن سەکۆیەک بووە بۆ نوێگەڕی و گۆرانکاری و پێشکەوتن لە ڕووی ڕووماڵی دوایین هەواڵ و بابەتە تەکنەلۆژیاییەکان. بە شانازییەوە، لە کەی ئای تی ئێنەوە ماڵپەڕی تریش دروست بوون و پەڕ و پێگەی تریش کرانەوە و هەمان ڕێچکە و شێوازی کەی ئای تی ئێنیان گرتووەتە بەر لە ڕووماڵ و بابەتەکانیاندا.

هیوادارم ئەم ڕۆژە مەزنە دووبارە و دەبارە ببێتەوە و بتوانین بەردەوامی پێ بدەین و ئەم تۆڕە گەورەتر و بەهێزتر بکەین و خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەش بە خوێنەرانمان بکەین. بە سەربەرزییەوە، ئەوەی کەی ئای تی ئێن لەماوەی ڕابردوودا کردوویەتی لە بواری تەکنەلۆژیا لە کوردستان نمونەی نەبووە و نەکراوە.

دووبارە هەشتەمیین ساڵیادی کەی ئای تی ئێن پیرۆزبێت

بۆچونی تۆ